وێنە: (ئاژانسی هەواڵی مێهر)

زانیاریی سەرنجڕاکێش لەبارەی ئەشکەوتی «سەهۆڵان»

کۆکردنەوە: ئەحەد خزری

«سەهۆڵان» له ٤٢ کیلۆمیتریی باکووری رۆژهەڵاتی شاری مەهاباد، بەشی ناوەندیی دێهستانی «ئاختاچی ڕۆژاوا» له ناوچەی «مەحاڵ» هەڵکەوتووه.
ئاسەواری قەڵای سەهۆڵان به ژمارەی تۆماركراوی ۱۵۹۸۸ له «میراتی فەرهەنگی»، به بەرزاییی ۱۸۷۰میتر له ڕووکەشی زەریاکان له باكووری ڕۆژھەڵاتی ئاوایی هەڵكەوتووه که مێژووەکەی دەگەڕێتەوه قۆناغى هەزارەی یەکەمی پێش زایین.
ئەم ئەشکەوتە یەکێک له مێژووییەکانی ناوچەیه، به وتەی کارناسان لەنێو ئەشکەوتی سەهۆڵان، کووپەی سەردەمی «ئەشکانی» و هەروەها جامی مسی سەردەمی «ئیڵخانییەکانی مەغوول» دیتراوتەوه و تۆمار کراون. «سەهۆڵان» له «سەهۆڵ + ان» پێکهاتووە که (ان) لێرەدا پاشگری کۆیه، گشت وشەکه به مانای «جێگای سەهۆڵ» یان «قوڵکەئاوێک که بەستبێی»ـە. ئەشکەوتی سەهۆڵان یەکێکه له دیمەنه جوانەكانی سروشت که لەدوای  ئەشکەوتی «عەلی سەدر»ی هەمەدان و «قۆڕی قەڵا»ی پاوه سێیەم ئەشکەوتی ئاویی وشکی گەورەی ئێرانە و مێژوویەکی دەگەڕێتەوه دواقۆناغى دوویەمی زەوی‌ناسی، هەڵبەت ئاسەواری سەردەمی «پارت»ەكان، «ئەشکانی»یەکان و دەورەی ئیسلامیشی تێدا دۆزراوەتەوه.

بەشی دووەمی ئەشکەوت، ویشکایییه و «كونەماڵان»ی پێ دەڵێن. بێگومان كونەماڵان سەردەمێک مرۆڤی تێدا ژیاوه، بەتایبەت سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانی که «حرووس»ان کەوتنه کوشتوکوشتاری خەڵکی کورد و خەڵكی گوندەکانی دەوروبەر وەکوو «عیساکەند، سیچان بڵاغ، یاڵاوە و سەهۆڵان» پەنایان بۆ ئەم ئەشکەوته بردووه. لەم ئەشکەوته باڵندەی وەکوو «شەمشەمەکوێرە» و «كۆتر» دەژین، هەروەها «ئاڕتيميا» جۆرێک زینەوەری نەرمپێسته که لهنێو ئاوی ئەم ئەشکەوتەدا دەژی.

ئەو ئەشکەوتە ئاوییە بە شێوەی سروشتی ناوازە و قەندیلی تایبەتەوە کە هەیەتی لە داوێنی زنجیرە کێوگەلێک بە ناوی «کۆتر» هەڵکەوتووە کە بەرزترین شوێنی لە ئاستی دەریاکانەوە ٢٢٠٠ مەتر بەرزە.

وێنە: (ئاژانسی هەواڵی مێهر)

ئەو ئەشکەوتە دوو دەرکەی هەیە کە بەرزاییی دەرکە سەرەکییەکەی نزیک بە ١٧٦٥ میتر و بە ناوی «کونەکۆتر» کە بەرەو دەرکەیەکی بچووک بە قووڵاییی ٣٠ مەتر دەڕوات. دەرکەی دوویەم نزیک بە ١٧٩٥ مەتر بەرزە و بە ناوی «کونەماڵان» بەناوبانگە.
بە پەڕینەوە لە حەوشەی دەرەوە دەگەینە بەردەرکەی ئەشکەوتەکە. بەرزایییەکەی دەگاتە ٣٠ میتر. حەوشەی ئەشکەوتەکە لە ڕێگای داڵانێکی سروشتییەوە دەگاتە دەریاچەی ئەشكەوتەکە کە ئەو داڵانە بۆخۆی یەکێک لە شتە سەرسوڕهێنەرەکانی ئەو ئەشکەوتەیە و وێنەگەلێک لە سەردەمی پێش مێژوو لە سەری دەبینرێت. ئەو داڵانە بە بەرزاییی نزیک بە ٥ میتر بەرزتر لە یەکەم دەریاچەی ئەشکەوتەکە جێی گرتووە کە بە ١٠٦ پلیکانی چیمەنتۆیی دەچێتە خوارەوە و دەگاتە ئاستی ئەشکەوتەکە. دەریاچە سەرەتایییەکە نزیک بە ٢٠٠ میتری چوارگۆش پاناییی هەیە کە لە ڕاستیدا وەکوو ئیسکلەی ئەشکەوتەکەش بەکار دەهێنرێت.

سەرچاوە:

فەرهەنگی ئاوایییەکانی مەهاباد، نووسەران: هەرمان وەتمانی و زانکۆ خەلیفە.

ماڵپەڕی “ئاژانسی هەواڵی مێهر”: ku.mehrnews.com

دەنگدان:

زۆر ناخۆشناخۆشمامناوەندخۆشزۆر خۆش
Loading…

ئەحەد خزری

ئەگەر زمانی دایکیت نەزانیت، فیلسووفیش بی، هێشتا نەزانیت.

ئەم پۆستە خاوەنی 2 بۆچوونە

  1. فاتمە حسێینی

    دەس خۆش . ڕۆشن کردنەوەتان زۆر باش بوو

    1. نەناسراو

      سپاس ڕێزم هەیە بۆ جەنابتان

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن (بڵاوکردنەوە دوای پێداچوونەوەیە!):