پێڕست: 

پێشەکی:

لە پۆستی پێشوودا باسی جلوبەرگی ئافرەتانی کورد، جۆرەکان و بەشەکانی و هەروەها گۆرانکاڕیی لە تێپەڕبوونی کاتدا کرا (دەتوانن لە ژێرەوە سەردانی پۆستەکە بکەن.). لەم بەشەدا جۆرەکانی جلوبەرگی پیاوانەی کوردی بە وێنەوە دەخرێتە بەردەستتان.

سەرنج: تەواوی نووسراوەکانی ژێرەوە لە کتێبی (سیر تغییرات لباس کُردی) نووسراوەی «سومەیە شەریفی» کە بە زمانی فارسییە، بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون. هەروەها تەواوی وێنەکان -بێجگە لە وێنەی یەکەم- لەم کتێبەوە وەرگیراون. ئەم کتێبە ئاکامی توێژینەوەیەکە لەسەر جلوبەرگی کوردی و تێیدا باسی جلوبەرگی ئافرەتان و پیاوانی کورد و بەشەکانیان و چۆنیەتیی گۆڕانیان بە درێژاییی مێژوو کراوە.
شایانی باسە کە لە کتێبەکەدا بەشی زیاتر لەوانەی لەژێرەوە هەن باس کراون و زۆر زیاتریش شرۆڤەیان لەسەر نووسراوە. 
دیارە کە زۆر بەشی تری جلوبەرگی پیاوان هەن کە لەم پۆستەدا ئاماژەیان پێ نەکراوە یان لەوانەیە ناوی بەشەکان لە زاراوەکانی تری کوردیدا و لە شوێنە جیاجیاکانی کوردەواریدا جیاواز بێت. ئێوە دەتوانن لە بەشی بۆچوون باسیان بکەن.

مێژووی جلوبەرگی کوردی:

لە دێرزەمانەوە مرۆڤ بیری لە بەکارهێنانی کەرەستەی ژینگەیی کردۆتەوە بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی بۆ جلوبەرگ، هەروەها دوای ناسینی ژینگە و چۆنیەتیی بەکارهێنانی کەرەستەکان، وردەوردە گۆڕانکاری لە جۆری جلوبەرگدا کرد تا دوای تێپەڕبوونی لە چەندین ساڵدا، جلوبەرگ بە مانای مۆدێرن و بە فۆڕمی گونجاو داهێنرا. بە درێژاییی مێژوو بۆ پەرەسەندنی جلوبەرگ، چەندین هۆکار بەشدار بوون.
ڕەگ و ڕیشەی زۆربەی جلوبەرگی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مادەکان. زۆر وێنەی ژنان و پیاوانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران بە جلوبەرگی نەریتیی خەڵکی کوردستانەوە لەسەر ئەو نووسراو و بەردەنووسراوانە هەڵکەندراوە کە لە سەدەکانی ڕابردوودا ماونەتەوە.
ئاشکراترین قیت وێنەکان ئی سەردەمی هەخامەنشییە. لەم قیت وێنانەدا، وێنەی سەرباز و پێشەوا مادەکان خۆ نیشان دەدەن. به‌پێی ئه‌وه‌ی مادەکان، به‌ به‌ڵگه‌ی مێژوویی باوباپیرانی کورد ده‌زانین، ئه‌وا ده‌کرێ ئه‌م وێنانه‌ به‌ کۆنترین وێنه‌ی جلوبه‌رگی کوردی هه‌ژمار بکرێن.
جلوبەرگ بە تایبەت کڵاوی مادەکان زۆر لە جلوبەرگی کوردی دەچێت (پێش گۆڕانکارییە گەورەکەی لە سەردەمی قاجاردا).
یەکەم وێنە لە جلوبەرگی کوردی ئی ئەو سەردەمەیە کە ڕۆژهەڵاتناسە ئەورووپییەکان هاتوونەتە ئێران -واتە لە سەردەمی سەفەوی بە دواوە- و وێنەی بەنرخی جلوبەرگی خەڵکی ئەو سەردەمە لەلایەن ئەم ڕۆژهەڵاتناسانەوە کێشراون و لە گەڕاننامەکاندا بەردەستن.
بەشێک لەم وێنانە لەو گەڕاننامانەدا، لە پارچەیەکی گەورەتر ڕوونووس کراون و ئێستا لە«(خانە کُرد)»ی شاری سنە لەبەر چاون. كۆنترین وێنه‌كان كه‌ جلوبه‌رگی كوردی تێدا پیشان ده‌درێت، په‌یوه‌ندییان به‌ سه‌رده‌می «ناسره‌دین شا»ی قاجاره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌روه‌ها ناوی ناوچه‌كه‌ و به‌كارهێنه‌ریشی خراوه‌ته‌ڕوو؛ كۆمەڵێك لەم وێنانە لە «(خانە کُرد)» دەست دەكەوێت.

سەرچاوە: aoapedia.ir

جلوبەرگی پیاوان:

جلوبەرگی پیاوی کورد بەگشتی «کەوا و پاتۆڵ» یان «کەوا و پانتۆڵ»ە؛ کە شێوازی جۆراجۆری هەیە و هەر یەک لەوانە بەگشتی باس دەکردرێت.
جلوبەرگی پیاوان چەند بەشی هەیە، مەرج نییە هەموویان لە یەک کاتدا بەکار بهێنرێت.
جۆری چالاکیی ڕۆژانە، کەشوهەوا، سەلیقە و… لەسەر لەبەرکردنی جلوبەرگ کاریگەرییان هەیە.

بەشەکانی جلوبەرگی پیاوان

✅ جلی ژێرەوە:

کراسی سۆرانی:

وێنەی کراسی سۆرانی
کراسی سۆرانی

کراسەکە لەژێر کەوا یان چۆغە لەبەر دەکرێت. یەخەی کراسەکەی بەشێوەی ڕاوەستاو وەکوو یەخەی جلوبەرگی «مەلا»یانە. لە ڕابردوودا قۆڵی کراسەکە سۆرانی «فەقێیی»ی بوو؛ سۆرانی بەشێکی سێ‌گۆش لە پارچەیەکی سپییە کە بە قۆڵەکە دەیدوورن کە لە کۆتاییی قۆڵەکەدا دەهاتە دەرەوە و بە دەوری خوارەوەی مەچەکی دەستدا پێچرابووەوە. جنسی کراسەکە «هومایل» و «خام» بووە و لە پەنجا ساڵ لەوە پێش بەهۆی کەڵکی ڕاحەت و ئاسوودە و شوتنی ئاسان، سۆرانی لە کراس جودا دەدوردرێت و پارچەکە هەموو کات سپی هەڵدەبژێردرێت.

✅ جلی سەرەوە

کەوا و پاتۆڵ:

کەوا و پاتۆڵی دووڕەنگ
وێنەی کەوا و پاتۆڵ
کەوا و پاتۆڵ

لە دوو پارچەی سەرەکی پێک دێت: کەوا و پاتۆڵ (پانتۆڵ). ڕازێنەوەی جلی پیاوان زیاتر، کاتژمێرێکی گیرفانییە و زنجیرێک لە پێش سینگەوە هەڵواسراوە.

🔴 کەوا:

بەشی سەرەوەی جەستە، کە لە پەشمی مەڕ یان پەشمی بزن دروست دەکرێت. ڕەنگی ئەو قوماشەی کە لە ڕابردوودا بەھۆی بەکارھێنانی ڕیشاڵی سروشتی و ڕەنگڕێژیی خۆماڵی بەکارھاتووە ڕەش و قاوەیی و سەوزی تۆخ و شینی تۆخ و سپی بووە.
لە ڕابردوودا مەرج نەبوو ڕەنگ و جنسی «کەوا و پاتۆڵ» کە لە یەک کاتدا لەبەر دەکرا، وەک یەک بووایە بەڵام وردەوردە شێوازی لەبەرکردنەکەی گۆڕدرا و شاقەلی کەواکە لەنێو پاتۆڵەکەی داویشترا.

لە درێژەی باسەکەدا لەسەر مۆدێل و شێوازەکانی دەدوێین:

کەوا بەشێوەی سادەی کراسی:

مۆدێلێکی سادە کە هاوشێوەی کراسێکی پیاوانە و یەخەکەی بەشێوەی کراسی «شۆمیز»ە. لە هەردوو لای پێشەوەی لەسەر هێڵی سینگی، گیرفانێک بە دەمامکەوە دەدورێت، کە بە دوگمەیەک دادەخرێت. دیزاینی مۆدێلی گیرفان بەپێی سەلیقەی کەسەکە جیاوازە و جۆری جیاوازی هەیە؛ وەک پیلیی بچووک، پیلیی گەورە و سادە، قۆڵی پان و ڕێک وەک قۆڵی کراس، هەروەها ٢ پیلی و چاک و مەچەکی هەیە. بەپێی سەلیقەی کەسەکە دەکرێت بەبێ قۆڵ یان بە جلیقە و گیرفانی بچووک و جێگای قەڵەم بدورێت.
پارچەیەکی چوارگۆشە بە ڕەهەندەکان ۱۵*۱۵ سانتیمیتر، لەنێوان ئەڵقەی قۆڵەکەدا دەدورێت و لایەکەی تر بە دوگمەیەک بە شانەوە دەبەسترێتەوە، کە دەبێتە یەکسەر. جێگای قەڵەم و گیرفانی بچووک لەسەر گیرفانی چەپ یان لەسەر قۆڵەکە دەدروون. ئەم مۆدێلە زیاتر لە ناوچەی موکریان (شارە کوردییەکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا) باوە و نزیکەی ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر داهێنراوە.

مرادخانیی یەخە کراوە:

هاوشێوەی یەخەی داخراوەیە، بەڵام جیاوازیی ئەوەیە کە تۆیەکی ناسک -کە لە ڕابردوودا لە مووی بزن دروست دەکردرا- لە پێشەوە بەکار دێت بۆ ئەوەی ڕاست و هاوتەریب بوەستێت، هەروەها دوگمە لێنان تەنیا لایەنێکی ڕازاوەیییە و توانای کردنەوە و داخستنی نییە.
«مرادخانیی یەخەکراوە» لە ناوچە کوردنشینەکانی گەرمتردا بەکار دێت و زیاتر باوە، وەک: هەولێر و سلێمانی (کوردستانی عێراق).

وێنەی کەوای سادەی کراسی
کەوای سادەی کراسی
وێنەی مرادخانیی یەخەکراوە
مرادخانیی یەخەکراوە

مرادخانیی سلێمانی (ڕەزازی):

هەر وەک لە ناوەکەی دیارە ئەم مۆدێلە لە «سلێمانی» شێوەکەی داڕیژراوە و بەناوبانگ بووە. تایبەتمەندییەکانی هاوشێوەی مۆدێلی «مرادخانیی یەخەکراوە»یە، بەو جیاوازییەی کە مۆدێلی یەخەکەی بەشێوەی «کراسی مەلا» یان «وەستاوە»یە.

چاکەت:

جۆرێکی دیکەی «کەوا» کە لە ڕابردوودا زیاتر باو بووە و ئێستا کەمتر لەبەر دەکردرێت پێی دەگوترێت «چاکەت».
چاکەت هاوشێوەی کۆتی «کۆت و شەڕواڵ»ە؛ سێ دوگمەی لەسەر هێڵی دوگمەکە دورواوە، کە تەنیا بۆ جوانکارییە و نابەسترێت. گیرفانەکانی لەلای سینگەوە دەدورێت. مۆدێلی یەخەکەی، «یەخە ئینگلیزی»یە.

وێنەی چاکەت
چاکەت
وێنەی مرادخانیی سلێمانی
مرادخانیی سلێمانی

🔴 پاتۆڵ (پانتۆڵ):

لە کەمەر بۆ خواری جلوبەرگی پیاوی کورد، بە ناوی «پاتۆڵ» ناسراوە. کە بەشێوەی ڕەحەتییە. ملی ئەم «پاتۆڵ»ە دوو هێندەی کەمەری ئەو پیاوەیە و دەتوانێت بە «پشتێندێک»ی باریک کە پێی دەوترێت «دۆخین» بە قەبارەی کەمەر ڕێک بخرێت. لە نێفەکی پاتۆلدا پارچەیەکی سێ گۆشەیی لەو پارچەی پاتۆڵەکە تا نزیک لاق دەدورێت (بۆ فراوانکردنی نێفەکی پاتۆڵ) گیرفانی پاتۆڵەکە لە تەنیشتی دادەنرێت. بەرزیی ئەم گیرفانە دەگاتە ناوەڕاستی ڕان و گیرفانێکی بچووک (گیرفانێکی شاراوە) لەناو گیرفانەکەدا دەدورێت. درێژیی پاتۆڵەکە جاران تا پاژنەی پێ بوو، بەڵام ئەمڕۆ کەمێک درێژتر دەدورێت و دەگاتە بنی پاژنەی پێ.

ڕانک و چۆغە:

وێنەی ڕانک و چۆغە
ڕانک و چۆغە

جۆرێکی دیکەی جلی کوردییە کە زۆر لە «کەوا و پانتۆڵ» دەچێت. «ڕانک و چۆغە» دوو جۆرە: زاخۆیی، هەورامی.

ڕانک:

هەر پاتۆڵە. ڕانک بە دوو جۆر دەدورێت:
بەشێوەی زاخۆیی؛ ڕانک بە باری درێژی وەکوو «شاڕواڵ»ی ئەمڕۆییە و نێفەکی ڕانک لە «پاتۆڵ» کورتترە. شێوەی پارچەی «ڕانکی زاخۆیی» خەتخەتە، جنسەکەی لە «قەنەوز (لۆکە و ئاوریشم)» و «مەرەز (مووی بزنە کێوی)» دروست کراوە، کە ڕەنگی سووری زیاتر بەکار دێت، ئەم جۆرە ڕانکە لە دەڤەری «بادینان»ی کوردستانی عێراق (زاخۆ، ئاکرێ و دهۆک) زیاتر باوە.

ڕانکی هەورامی: وەکوو «ڕانکی زاخۆیییە»، بەو جیاوازییە کە جنسەکەی لە «مەرەز» نییە و پارچەکەی لە پەشمی مەڕ و ڕیشاڵی دەستکردە دروست دەبێت. نێفەکی شاڕواڵەکە درێژترە لە ڕانکی زاخۆیی و بەریناییی لاقی کورتترە.
ئەم مۆدێلە ڕانکە لە «هەورامان»، پارێزگای «کوردستان»، «ئیلام» و «کرماشان» زیاتر لەبەر دەکردرێت.

چۆغە:

مۆدێلێکی «کەوا»یە کە پارچەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی لە مووی بزنە کێوی دروست کراوە و ڕەنگەکەی بەپێی ڕەنگی سروشتی مووی بزنەکەوە، لەوانە سپی و ڕەش و قاوەیی نزیک سوور و خۆڵەمێشی بێ، بەڵام هەندێک جار بەهۆی کەمی و گرانیی ئەم جۆرە پارچەیە، پارچەی ڕیشاڵی دەستکردە بەکار دەهێنرێت.
یەخەی چۆغە وەکوو حەوتی کراوە وایە، لە خوار کەمەرەوە دوگمەیەک دادەنێن بۆ داخستنی بەشی سەرەوەی چۆغە. لەتەنیشتەوە شاقەل (چاک)ی هەیە لە هەردوو لاوە گیرفانەکەی سەرەوە لە پێشەوە دەدورێت، ئەم بەشەی لێواری شاقەلەکە لەژێر ڕانک (شاڕواڵ) دادەنرێت، دوو گیرفان لەلای سینگ لەبن چۆغەکە دەدورێت.

بەشەکانی تر

دۆخین:

وێنەی دۆخین
دۆخین

قەیتانێکە، کە ئافرەتی کورد لە دەزووی ڕەنگاوڕەنگی پەشمی بە شکڵ و وێنەی جیاواز بە دەستی دەیچنێت. درێژیی دۆخینەکە نزیکەی ۱.۵ میتر دەبێت. دۆخین بۆ بەستنەوەی پاتۆڵ بە کەمەردا بەکار دێت، لەم سەردەمەدا بەجێگای دۆخینی پەشمی دەستی، شریتێک بەکار دەهێنرێت کە لە پارچەی دیکە دەدورێت.

پشتێند:

وێنەی پشتێند
پشتێند

پارچەیەکە کە درێژییەکەی نزیکەی ٦ میتر و پانییەکەی ١ میتر دەبێت، کە بە دەوری کەمەردا لەسەر کەوا و پانتۆڵەکە بە شێوەی جۆراوجۆر دەبەسترێت. لە ڕابردوودا جنسی پشتێند لە «کودەری»، «مەخمەر»، «پڕڵون» بووە بەڵام لەم سەردەمەدا زیاتر لە پارچەی «کرێشە»، «ژۆرژیات» و «پەشم» کەڵک وەردەگرترێت. لە ڕابردوودا هێندێک کەس کە خاوەن چەک و خەنجەر بووە لە نێوان پشتێند و کەوایان دەنا ئێستاش هەندێک کەس لە بۆنەی تایبەتدا (وەک زەماوەند) ئەم کارە دەکەن.

کڵاو:

وێنەی کڵاو
کڵاو

کڵاو خۆماڵیی کوردەوارییە؛ کە ئافرەتی کورد بە وردبینی و ڕێکوپێکی بە شکڵ و ڕەنگی تایبەت کە نیشان لە کەلتووری کوردەوارییە دەیچنێت و دوو جۆری ھەیە:

یەکیان جۆرەکەی ڕەش و سپییە و بەشێوەی «لوولەیی» دەدورێت و جنسی پارچەکەی «تێتڕۆن»ە. جۆری دیکەی کڵاو بە شێوەی بڵیند و کەللەقەندییە، کە بەرزایییەکەی نزیک ۱۵ سانتی میتر دەبێت.

کڵاوی مەرەز:

وێنەی کڵاوی مەرەز
کڵاوی مەرەز

ئەم جۆرە کڵاوە لە جنسی مەرەز «(پەشمی بزنە کێوی)» بە دەست ئافرەتی کورد دەچندرێت و بەتەنیا و بێ پێچ کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

پێچ:

پارچەیەکی چوارگۆشەیی بە ڕەهەندەکانی 1.5 میتر، کە چوار لایەکەی ڕیشووی هەیە کە بە دەوری کڵاو دەیپێچن و ڕیشووەکانی بۆ جوانی لەسەر شان دێتە خوارێ.
چوار جۆری باوی «پێچ» هەیە: دەسماڵ، شەدە، ئاغابانو ، مەندیل.

دەسماڵ:

وێنەی پێچی دەسماڵ
پێچی دەسماڵ

جنسی لە پارچەیەکی ناسک وەکوو «ژۆرژیات»ە کە زیاتر لە پارچەی گوڵدار کەڵک وەردەگرن.

ئاغابانوو:

وێنەی ئاغابانوو
ئاغابانوو

پارچەیەکی خانەخانەی سپی و ڕەشە یان سوور و سپی دەتوانێ ببێت. کە زیاتر لە کوردستانی عێراق باوە.

شەدە:

وێنەی پێچی شەدە
پێچی شەدە

پارچەیەکی نەرم لە جنسی «ئاوریشم»ە کە شکڵ و ڕەنگەکەی خەتخەتیی خۆڵەمێشی و ڕەشە.

مەندیل:

وێنەی مەندیل
مەندیل

پارچەیەکی سپییە وەکوو پێچ لە دوەری کڵاوەکە دەیپێچن. وە تەنیا بۆ کەسانێک کە دەرچووی زانکۆی ئایینین وە بە ناوی «مامۆستا» دەناسرێن کەڵکی هەیە.

پەستە، فەرەنجی، کوڵەباڵ:

وێنەی پەستە
پەستە

جلیقەیەک کە لەسەر «کەوا و پاتۆڵ» یان «ڕانك و چۆخە» لەبەر دەكرێت. زیاتر لە «لباد» دروست دەکرێت. تەواوی پشتی دەگرێتەوە. ئەم جلوبەرگە کوردییە لە زستاندا لەش بە گەرمی و لە هاویندا فێنک دەهێڵێتەوە.

کەپەنک (قاپوت):

وێنەی کەپەنک
کەپەنک

جلیقەیەک کە تا قاچەکان دێت و دایدەپۆشێت؛ شانەکانی گۆشەی هەیە و درێژن، هەروەها لە «لباد» دروست کراوە، کە شوانەکان بۆ پاراستن لە سەرما و باران لەبەری دەکەن و کەڵکی لێ وەردەگرن.

گۆرێ:

وێنەی گۆرێ
گۆرێ

گۆرێی پیاوی کورد لە جنسی «بەن»، «مەرەز»، «کووروو» بە ئەستووری دەیچنن. بەڵام گۆرێیەک کە لە بەنی «کووروو» بچندرێت ناسکترە و گۆرێیەک کە لە پەشمی بزن ساز کرابێ بەڕمێنتر و باشترە. شکڵ و وێنەی جۆراوجۆر کە لە سروشتی جوانی کوردستان وەرگرتراوە لە چنینی کەڵکی لێ وەردەگرن.

دۆڵاغ (پووزەوانە):

وێنەی دۆڵاغ
دۆڵاغ و کەڵاش

پۆشەمەنێکە بۆ لاق (لە پاژنەی پێ تا ئەژنۆ) کە لە «پەشم» بە دەستی ئافرەتی کورد دروستکراوە و لای ئەژنۆ بە «لفکە» یان بە «بەند» بەستراوەتەوە و لە خوارەوە بەندی هەیە کە لەژێر بنی پێی دادەنرێت.

کەڵاش (کاڵە):

وێنەی دۆڵاغ
دۆڵاغ و کەڵاش

کەوشێکە بە ڕەنگی سپی کە لە ڕیشاڵی گیا، کە لە کوردستان بە ناوی «شریت» دەناسرێت. بە وردەکارییەکی تایبەت دەیچنن. بنی کەڵاش لە «کەوڵ» و «پارچە» دروست دەکردرێت. پێویستە باس بکردرێت کەڵاش «پێ و پێ» نییە و هەر دوو لینگ بۆ لاق جیاوازیی نییە. کەڵاش لە وەرزێک کە باران نابارێت کەڵکی لێ وەردەگرن و لە پێی دەکەن.

سەرچاوە:

لە کتێبی ژێرەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراوە:

  • شەریفی، سومەیه (١٣٩٩). (سیر تغییرات لباس کردی). پیرانشار: بڵاوگەی ئامانج.
وێنەی کتێب
کتێبی (سیر تغییرات لباس کردی) نووسینی «سومەیە شەریفی»

دەنگ بدەن بەم نووسراوە:

١ ئەستێرە٢ ئەستێرە٣ ئەستێرە٤ ئەستێرە٥ ئەستێرە

Loading…

سومەییە ڕەمەزانی

من پێشەنگم. هەوڵ و تێکۆشانی من، فێربوون و فێرکاریی ڕێنووسی کوردییە.

ئەم پۆستە خاوەنی 2 بۆچوونە.

  1. فاتمە حسێینی

    زۆر بە سوود بوو.نموونەتان زۆر بێ

  2. نەناسراو

    زۆر ڕێک وپێک بوو هەر له ش ساغ و سه لامت بیی هیوای سه رفرازی و به رده وامیت بۆ ده که م ڕیزدار

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن: