ناساندنی چەند گیای دەرمانیی بەسوود و چەند دەرمانی نەریتیی کاریگەر 

وەرگێڕ: فاتمە حسێینی 

/

📗بەشی یەکەم: گیاکانی دەوایی

📘پێشەکییەک سەبارەت بە گیاکانی دەوایی:

گیاکانی دەوایی جگە لە سازکردنی دەوا، بۆ باشتربوونی تام و عەتری زۆربەی خواردەمەنییەکان بەکار دێن، بەبێ ئەوەی کە “کالۆری”ی خواردەمەنییەکان زیاد بکەنەوە. گیاکانی دەوایی هەزاران ساڵە کە بۆ نەخۆشییەکانی جۆراوجۆر بەکار دێن. لەم نووسراوە بەنیازین باس بکەین لەسەر تایبەتمەندیی چەند نموونە گیای دەوایی.

✅ ڕێحان (Ocimum basilicum)

ڕێحان هەڵگری خسڵەتەکانی «ئانتی ئۆکسیدانی، دژەئاوساوی، میکرۆب‌کوژ، دژە چڵکی»یە. ئەم گیایە کەمکەرەوەی دڵەتەپە لەڕێگەی هاوتەرازکردنی ئاستی «سێرۆتۆنین»ە که لەسەر ئاکار و ڕەفتاڕەکان کاریگەرە.

🌿تایبەتمەندی:

🌿خواردنی چای ڕێحان «ئینتەلا»ی لەناو دەبات، هۆکارەکانی سەرئێشە چارەسەر دەکات، بۆ کۆنترۆڵی شێرپەنجەی مەمک بەکار دێت، بۆ دەرمانی بای سک بەسوودە، ئیشتیاهێنە، زام و برین چاک دەکات، بۆ هەڵامەت و کۆکە کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

🌿چۆنیەتیی سازکردنی چای ڕێحان:
۱۰ تا ۱۵ پەڕەی ڕێحان لە ناو پیاڵەیەکی گەورە برێژن و ۲ فینجان ئاوی «کوڵاو»ی بەسەر کەن و دەرپۆشێکی لەسەر دانێن تا ۵ خولەک دەم بکێشێ. له هێڵەگ (سافی) بیڕێژن و ئاوەکە ی بنۆشن.
هەروەها ئەتوانن «ڕێحان»ی وەکوو هەزوێلە (چێشتەخۆشکە) لە چێشت‎‌لێنان بەکار بهێنن یان ۱۰ تا ۱۲ دانە لە پەڕەکانی لەخورێنی بجوون.

✅ڕۆزماری (Salvia rosmarinus)

ڕۆزماری هەڵگری «کارنۆزۆل و ڕۆزمارینیک»؛ ۲ ئانتی ئۆکسیدانی بەهێزە کە لە باشتربوونی سەلامەتیی مرۆڤ ڕۆڵی گرینگ ئەگێڕن.

🌿تایبەتمەندی:

یارمەتی دەدات بۆ باشتربوونی یاد و کۆکردنەوەی زەین، بەربەرەکانی دەکات لەگەڵ دڵەڕاوکێ، ئازارشکێنی سەرئێشەیە، بزوێنەری گەشەکردنی موویە، لەناوبەری ژانی جومگەیە، هەوکردن کەم دەکاتەوە، بەرگری لە شێرپەنجە دەکات، پشتیوانی لەش، ساغیی دڵ و دەمارەکانە.
🌿ڕۆزماری بە هۆی عەتر و بۆن و تامی زۆر، بۆ سازکردنی شۆربا، بابۆڵە، زەڵاتە و… بەکار دێت. هەروەها ئەتوانن لە گەڵای تەڕ یان وشکی ڕۆزماری چای لێنێن.
🌿چۆنیەتیی سازکردنی چای ڕۆزماری:
(۱ یان ۱/۵) کەوچک ڕۆزماری لەناو یەک پیاڵە ئاوی کوڵاو بڕێژن و دەرپۆشی لەسەردانێن تا ماوەی ۵ خولەک دەم بکێشێ. لە هێڵەگی (سافی) بیرێژن و ئاوەکەی هەتا گەرمە بخۆنەوە.
ئەتوانن ڕۆژانە ۲ یان ۳ جار چای ڕۆزماری بنۆشن.
🌿🌿🌿خاڵی گرینگ: لە دەورانی دووگیانی یان ئەگەر نەخۆشیی فێ یان زەختی خوێنتان هەیە، لە خواردنی ڕۆزماری پارێز بکەن.

✅جاترە (Organum vulgare)

گیایەکی یەکساڵەیە، لە تیرەی نەعنا کە گەڵا و سەرلقە تازەکانی بۆنخۆشە و وەک «سەوزی»ی خواردن بەکاری دەهێنن.

🌿تایبەتمەندی :

بۆ دەرمانی «هەڵامەت، لووتگیران، بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری، بەستراوی خوێنی مانگانە، باشیی سەلامەتی دڵ، کەمکردنەوەی ماندوویی و بەربەرەکانی لەگەڵ ژانی دیان (ددان)» بەکار دێت. هەروەها جاترە بۆ بەرگری و دەرمانی شەکرە بەسوودە.
جاترە دوو پێکهاتەی گرینگی کارواکرۆل «Carvacrol» و تیمۆل «Thymol»ی تێدایە کە تایبەتمەندیی دژەباکتێریایی و دژەقارچیان هەیە. هەروەها ئەم گیایە لە خسڵەتەکانی «ئانتی‌ئۆکسیدانی، دژەمیکرۆبی، دژەئاوساوی، دژەباوبەرەی سک، میزهێن، ئارەقڕژ و بەڵغەم‌هێن» بەشدارە.
🌿جاترە بۆ «چێشت لێنان»یش بەکار دێت. ئەتوانن کەمێک جاترەی وشککراو لەناو شۆرباو یان زەڵاتە بڕێژن تا عەتر و تامی باشتری هەبێت. هەروەها ئەتوانن ڕۆژانە چای جاترە بنۆشن.
🌿 چۆنیەتیی سازکردنی چای جاترە:
۳ کەوچکی چایخۆری جاترەی وشککراو لەناو یەک فینجان ئاوی کوڵاو بڕێژن و بهیڵن ۵ تا ۱۰ خولەک هەروا بمێنێ. دواتر لە هێڵەگی (سافی) بیرێژن و ئاوەکەی بخۆنەوە.

 ✅گوڵەپووران (Salvia officinalis)

گوڵەپووران (گوڵەداماک) گیایەکی ئاڵفیی خۆڕسکە لە تیرەی نەعنا بە گەڵای کوڵکدار و گوڵی شینی مەیلەو بنەوش کە گوڵ و سەرلقەکانی بۆنخۆشە و بۆ دەرمان بەکار دێت.

🌿تایبەتمەندی :

گوڵەپووران بەهۆی خسڵەتەکانی (بزوێنەر، ئانتی بیوتیک، وەرگر و دژەبای سک) بۆ ئامانجەکانی دەوایی بەکار دێت.
گوڵەپووران لێوانڵێو لە زەیتی هەڵفڕیو و «فلاڤنۆئید =Flavonoid»ـە.
(باشتربوونی ئاکار و ڕەفتار، هێدی و هێمن کردنی دڵەڕاوکێ، لەناوبەری گەرووئێشە، بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری، یارمەتی بۆ کەمکردنەوەی قورسایی، کەمیی هەوکردن، باشبوونی خەو، کەمیی چەوری و زەختی خوێن) لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی «گوڵەپووران»ـە.
🌿لەبەر عەتر و بۆنی خۆشی گوڵەپووران بۆ چێشت لێنان بە تەڕی یان بە وشکی کەڵکی لێ وەردەگیرێت. هەروەها ئەتوانن لەم گیایە چای ساز کەن و ڕۆژێ دوو یان سێ جار بیخۆنەوە.
🌿چۆنیەتیی سازکردنی چای گوڵەپووران:
یەک کەوچکی خواردنخۆری لە گوڵەپوورەی تازە یان یەک کەوچک چایخۆری گوڵەپوورەی وشککراو لە ناو یەک فینجان ئاوی کوڵاو بڕێژن. دەرپۆشی لەسەر دانێن تا بۆ ماوەی ۵ خولەک دەم بکێشێ. هێڵەگی (سافی)  کەن و لە ئاوەکەی کەمێک هەنگوین و لیمۆترش (بۆ باشتربوونی تامەکەی) بڕێژن و بینۆشن.
🌿🌿🌿خاڵی گرینگ:
بەکارهێنانی گوڵەپوورە بۆ ژنانی دووگیان و شیرا پێشنیار ناکرێت.

✅زەنجەفیل، هەلەزە (Zingiber officinale)

بنەگیایەکی بۆری تیژە لە لاوە دەهێنرێت و پاش وشککردنەوەی وەک هەزوێلە کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
زەنجەفیل هەڵگری خسڵەتەکانی (ئانتی‌ئۆکسیدانی، دژەئاوساوی، دژەوایرۆسی، دژەقارچکی، ئانتی‌بیوتیکی، دژەشێرپەنجە، دژەهێڵنج، دژەکۆڵنج و دژەکۆکە)یە.

🌿تایبەتمەندی:

زەنجەفیل بەهۆی داشکاندنی ڕادیکالە ئازادەکان، کۆئەندامی بەرگریی جەستە بەهێز دەکاتەوە. هەروەها ئەم گیایە «سووڕانی خوێن»یش باشتر دەکاتەوە. لەگەڵ هەڵامەت بەربەرەکانی دەکات، بۆ باشیی هەرسەک بەسوودە.
ئاستی قەندی خوێن ئاسایی دەکاتەوە. «دژەهێڵنج»ە. ئازارشکێنی دڵەکزە و بای«سک»ه، ئیشتیا ڕێکوپێک دەکاتەوە. زەنجەفیل لە کۆبوونەوەی ژەهر (سەم) لە ناو جەستە که مەترسیی چڵکی (ڤایرۆسی، قارچکی و باکتێریایی) لەگەڵە، بەرگیری دەکاتەوە.
🌿 ئەتوانن بۆ سازکردنی زەڵاتە بەکاری بهێنن، هەروەها ئەتوانن چای زەنجەفیل دروست کەن و ڕۆژانە ۲ تا ۳ پیاڵە بخۆنەوە.
🌿چۆنیەتیی سازکردنی چای زەنجەفیل:
یەک کەوچکی خواردنخۆری لە زەنجەفیلی وردکراو لەگەڵ دوو پیاڵە ئاو لەناو قۆری (چادان) بڕێژن و سەر چرای دانێن. کاتێک کە ئاوەکەی کوڵ هات ئاگرەکەی کەم کەن تا بۆ ماوەی ۱۰خولەک دەم بکێشێ. چاکەی ساف کەن و کەمێک هەنگوین و ئاوی لیمۆی «تازە»ی تێکەن و بینۆشن.
🌿🌿🌿خاڵی گرینگ: کەسانێک کە دەوای دڵی یان زەختی خوێن دەخۆن پێویستە لەژێر چاودێریی دوکتۆر، زەنجەفیل بەکار بهێنن.

✅سیر (Allium sativum)

سیر هەڵگری پێکهاتەیەک بە ناوی «ئالیسین = allicin»ـە کە لە خسڵەتەکانی دەواییی بەهێز وەکوو (دژەباکتێریایی، دژەڤایرۆسی، دژەقارچکی، دژەشێرپەنجە و ئانتی‌ئۆکسیدانی) بەهرەمەندە.

🌿تایبەتمەندی :

سیر بۆ ژارسڕینەوە لە جەستە یارمەتی دەدات. ئەم گیایە سەلامەتی دڵ و دەمارەکان باشتر دەکاتەوە. بۆ بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگریی جەستە بەکاردێت. بۆ زەختی خوێن بەسوودە. (جەرگ) خاوێن دەکات. بۆ داشکێنی چەوری خوێن«کۆلێسترۆڵ» زۆر باشە. ئاستی قەندی خوێن کونتڕۆڵ دەکات. بۆ کەمیی ئاوساوی بەکاردێت. ململانێ لەگەڵ شێرپەنجە دەکات.
🌿بۆ کەڵکوەرگرتن لە تەواوی قازانجەکانی سیر پێویستە بە خامی بهکاری بهێنن و باشترە کە یەک یان دوو کڵۆ سیر لە خورێنی بخۆن.
🌿🌿🌿خاڵی گرینگ: سیر وەکوو دەوای ڕوونکەرەوەی خوێن کار دەکات و پێ دەچێت لەگەڵ دەواکانی ڕوونکەرەوەی خوێن «پووچەڵ»ی هەبێت، بۆیە پێویستە لە پێش بەکارهێنانی سیر لەگەڵ دوکتۆر ڕاوێژ بکەن.

✅جینسینگ (Panax ginseng)

گیایەکی بۆنخۆشی «چینی»یە. بۆ دەرمان بە کار دێت و چای لێ دروست دەکرێت.
جینسینگ هەڵگری جۆرەکانی جۆراوجۆری (هێندی، کۆرەیی، سیبری و ئەمریکایی) یە، کە هەر کوامێکیان بۆ سەلامەتی مروڤ بەسوودن.
جینسینگ لە گیاکانی دەواییی خۆشەویست لە ئاسیا و ئەمریکای باکوور بە ئەژمار دێت. پنجەکان، گەڵاکان و میوەی جینسینگ بۆ ئامانجەکانی دەوایی بەکار دێن. ئەم گیایە لێوانلێو لە خسڵەتەکانی (بەهێزکەری کۆئەندامی بەرگری، دژەئاوساویی، دژەدڵەتەپە، خەوهێنەر، دژەباکاتێری)یە.

🌿تایبەتمەندی:

جینسینگ ئەتوانێ ئاستی «هێز» بباتە سەر، «ڕاچەنین» توند بکاتەوە، بۆ سوتاندنی کالۆری یارمەتی دەدات، دەرمانی سەرئێشەیە، «هەرەسەک»ی باشتر دەکات، هێزنکی سەلامەتی دەروونییە، کەمکەرەوەی دڵەتەپەیە، هێزبەخشی چالاکیی «سیپەلاک»ە، کەمکەرەوەی ئاستی شەکرەیە، بەهێزکەری کۆئەندامی بەرگرییە، کەمکرەوەی ئاوساویە، هەروەها جینسینگ وەک دەرمانی سروشتی بۆ چارەسەرکردنی نەزۆکی بەکار دێت.
🌿🌿🌿خاڵی گرینگ: بەکارهێنانی جینسینگ بۆ ژنی دووگیان (لە سێ مانگی سەرەتای دووگیانی)پێشنیار ناکرێت.

✅بابوونە (گوڵەحاجی = Chamomile)

تیرەیەک گیای ئاڵفی بە گوڵ و گەڵای بۆنخۆشەوە کە گەڵا و لاسکەکەیان بۆ دەرمان بەکار دێت. گوڵەحاجی خسڵەتەکانی (دژەهانەدەر، دژەئاوساو، دژەمیکرۆب، دژەدڵەتەپە، دژەکۆڵنج، دژەزگچوون و دژەشێرپەنجە)ی هەیە.

🌿تایبەتمەندی:

گوڵەحاجی بۆ سەرئێشە بەکار دێت، ژانی ماسولکەکان داشکێن دەکات، بۆ کۆنترۆڵی دڵەتەپە کەڵکی لێ وەردەگیرێت، بەستراوی خوێنی مانگانە چارەسەر دەکات، بۆ دژوارییەکانی مەعیدە بەسوودە، بۆ کەمیی قورسایی بەکار دێت، کۆئەندامی بەرگری بەهێز دەکات، خەوزڕاوی و کێشەکانی خەو چارەسەر دەکات،
بەهۆی لەسەربوونی دانەرۆکی ئانتی‌ئۆکسیدانی پارێزگاری لە «جەستە» لە بەرامبەری ڕادیکالە ئازادەکان دەکات.
🌿گوڵەحاجی بە تەڕی یان بە وشکی بو سازکردنی چا کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
🌿چۆنیەتیی سازکردنی چای گوڵەحاجی:
یەک کەوچکی چایخۆری گوڵەحاجی وشککراو لەناو یەک فینجان ئاوی کوڵاو بڕێژن و دەرپۆشی لەسەر دانێن تا ماوەی ۵ خولەک دەم بکێشێ، هێڵەگی (سافی) کەن‌ و لەگەڵ کەمێک هەنگوین تێکەڵی کەن و هەتا گەرمە بینۆشن.
🌿🌿🌿خاڵی گرینگ: ئەگەر دووگیانن یان بەنیازی دووگیانی بوون لە خواردنی چای گوڵەحاجی پارێز بکەن.

✅پشیلەپاییزە، پەپوولەپاییزە، گوڵەپەپوو (Dandelion)

گیایەکە تۆکەی سپی و سووک و گرژنە و پاییزان با بڵاوی دەکاتەوە.
پەپوولەپایزه لەلایەن خەڵکەکانی خۆجێییی ئەفریقا و وڵاتانی ئاسیایی بۆ لەناوبردنی نەخۆشییەکانی جەرگ و گورچیلە و سەپەل بەکار هاتووە.
پنجەکان، گڵاکان و گوڵەکانی پەپوولەپاییزە خواردنی و بژیەنییە.
ئەم گیایە لە خسڵەتەکانی (میزهێن، ئانتی‌ئۆکسیدانی، دژەشێرپەنجە، دژەئاوساوی و ڕەوانکەر) بەهرەمەندە.

🌿تایبەتمەندی:

بەکارهێنانی پەپوولەپاییزە بەهۆی ئەوەی کە کێشەی قورساییی ئاوی چارەسەر دەکات بۆ کەسانێک کە (قورساییی زیاده)یان هەیە بەکار دێت. جگە لەمە پەپوولەپاییزە بۆ (ئاساییکردنی ئاستی قەندی خوێن، لابردنی ژەهر لە جەستە، کەمبوونەوەی ئیشتیا، بەربەرەکانی لەگەڵ ئاوساوی، تەندروستی جەرگ، بەرگری لە شێرپەنجە، ڕێکوپێککردنی زەختی خوێن، بەرگری لە کێشەکانی میزهاتن) یارمەتی دەدات.
🌿گەڵای تازەی پەپوولەپاییزە لەناو زەڵاتە و شۆرباو و خواردەمەنیی سوورکراو بەکار دێت. هەروەها ئەتوانن ڕۆژانە یەک پیاڵە چای پەپوولەپاییزە بخۆنەوە.
🌿چۆنیەتیی سازکردنی چای پەپوولەپاییزە:
۱_ دوو کەوچکی چایخۆری لە پنجی وشککراوەی پەپوولەپاییزە لەناو یەک فینجان ئاو بڕێژن و بۆ ماوەی یەک خولەک بیکوڵێنن و هەتا ۱۰ خولەک مۆڵەتی بدەنێ تا دەم بکێشێ. چاکەی ساف کەن و ئاوەکەی بنۆشن. بۆ باشتربوونی تامی چای پەپوولەپاییزە ئەتوانن کەمێک هەنگوین و «لیمۆ ترش»ی لێ زیاد بکەن.
🌿🌿🌿خاڵی گرینگ: لە دەورانی دووگیانی لە خواردنی پەپوولەپاییزە پارێز بکەن.

📗 بەشی دووهەم :دەواکانی نەریتی

🌿پێشەکی:

پزیشکیی نەریتی لە سەردەمێکی دوورودرێژ تاکوو ئێستا بە کەڵکوەرگرتن لە دەواکانی جۆراوجۆر بۆ نەخۆشییەکان سەرقاڵە. دەواکانی نەریتی پێکهاتەکانی تەواو سروشتییە کە بە ڕووتێکردن لە تایبەتمەندییەکانی دەرمانیی گیاکانی دەوایی ساز دەکرێن. لە ڕابردوو نەبوونی پێداویستییەکان و هەروەها پێویستیی بە دەرمانی لەبار، هۆکاری بەکارهێنانی دەواکانی نەریتی بووە. ئەم ڕۆکە هەر بەو جۆرە ئێمە بڕوامان هەیە بە تایبەتمەندییەکانی دەرمانیی گیاکان و دەواکانی نەریتی. لە درێژەدا باس دەکەین سەبارەت بە شێوازەکانی سازکردنی دەواکانی نەریتی.

✅کوڵێنراوە:

دەمنۆشی گیایی لەڕێی دەمکردن یان کوڵاندنی بەشەکانی جۆراوجۆری گیاکان (پنج، گەڵا و گوڵ) وەدەست دێن. گیاکانی کە دەمکەرەوەیان بە ناوی دەوای نەریتی زۆر گرینگە بریتین لە؛

_گوڵەحاجی
_ نەعنا (Mentha)
_چای سەوز (Green tea)
_چای ڕەش (black tea)
_زەنجەفیل (Zingiber officinale)
_دارچین (Cinnamomum verum)

✅ تەنتوور:

شێوازێکی دیکە لە دەواکانی نەریتییە. تەنتوور لەڕێی «لەخووسگرتن»ی گیاکان لە ناو ئەلکۆل وەدەس دێت. پێکهاتەکانی گیایی بە فۆڕمی تەنتوور لهناو جەستە باشتر ڕادەکێشرێت و حەوانەوەی زیندەوەرناسانەیی «باشتریش»یان هەیە.
گیاگەلێک کە زۆرجار بە شێوەی تەنتوور ساز دەکرێن بریتین لە:

_پنجی ئۆکیناسە (Echinacea)
_گوڵەحاجی (Matricaria chamomilla)
_گوڵەحاجیلەچەرمە (Tanacetum parthenium)
_گەڵای تووترکی سوور (Rubus idaeus)
_گەزگەسک (Urtica)
_کارگی چاگا (Inonotus obliquus)

✅ حەب (قورس)

هێندێ جار گیاکانی بەکارگیراو لە دەواکانی نەریتی زۆر تاڵ و بۆن ناخۆشن، بەم پێیە پێویستە بۆ کەڵکوەرگرتنی ساکارتر، بە شێوازی حەب بەکار بهێندرێن. حەبەکان لە گیاکانی وشککراو و هاڕێندراو ساز دەکرێن. باشترین شێوازی بەهرەمەندی لە خسڵەتەکانی گیاکانی تاڵ و بێتام و بۆن ناخۆش بەکارهێنانیان بە شێوەی حەبە.

✅گڤیشک (شیرە)

شێوازێکی دیکە لە دەواکانی«نەریتی»یە.
شیرەکان لە تەنتوور بەهێزترن.
بۆ سازکردنی شیرە ئەتوانن لە «ئەڵکۆل» یان «گلیسرین» کەڵک وەرگرن. هێندێ لە شیرەی گیاکانی جۆراوجۆر بریتییە لە:

_مێکووک (شیرین بەیان = Glycyrrhiza glabra)
_گوێژ (گڤێژ،گیژەلە = Crataegus)
_زوانەمەلووچکە (Capsella bursa-pastoris)
_کاکۆڵی گەرمەشانی (Silk Corn )
_ڕازەک (Humulus lupulus)
_گریندێلیا (grindelia)
_دارخورمای هەڕەئی (Serenoa repens)
_گێلاسی کێوی (Prunus avium)
_سێپەڕەشیرین (Melilotus)
_کاڵە شین، بایەم زاگڕۆسی (Amygdalus haussknechtii)

✅ئاوی میوە:

لە پزیشکیی نەریتی ئاوی گیاکان و میوەکان بە ناوی دەوای نەریتی «بەکار» دەهێنن. لە ڕاستیدا باشترین شێوازی ڕاکێشانی ویتامین و ماددەکانزائییەکانی ئاراییی ناو گیاکان، خواردنی ئاوەکەیانە.
پێویستە ئاوی گیاکان و میوەکان لە ماوەی کەم بخواردرێت چونکە ویتامینەکانی خێڕا کەم دەبێتەوە و هاڵدێت. ئاومیوەکانی کە لە پزیشکیی نەریتی ڕاسپێری پێ دەکرێت بریتییە لە :

_هەنار (Punica granatum)
_گێزەر (Daucus)
_لیمۆترش (Citrus limon)

✅لەپێخە (مەڵحەم – شەڵتەی سەر برین)

مەڵهەم جۆرێک لە دەواکانی نەریتییە کە بۆ بەکارهێنانی دەرەوەی لەش دروست دەکرێت و زۆر جار بە ئەندازەی پێویست سازی دەکەن و لەو «کاتە»ش بەکاری دەهێنن. مەڵحەمەکان لە بەشی دەواییی گیاکان لەگەڵ پێکهاتەیەکی هەویری ساز دەکرێن.
بڕێک لە گیاکانی دەوایی کە بۆ سازکردنی مەڵحەم«یەسوود»ن بریتین لە:

_گەڵای دارجەوهەر (گەڵای سوورە چنار = Platanus)
_گەڵا و لاسکی گیای دانەوێڵە (grain)
_پەڕەی گوڵی هەمیشەبەهار (Calendula officinalis)
_گەڵای پەپوولەپاییزە (Taraxacum)
_پنجی گیای بناوەتۆم (Arctium)
_گیای خەردەل (Sinapis arvensis)

✅پۆتر (مەڵحەم – دەرمانی سەر برین)

پۆترەکان پێکهاتەکانی بەتەواوی ڕەق نەبوونن که لەسەر پێست دەیماڵن.
لە پزیشکیی «نەریتی»ش ئەم جۆرە پێکهاتانە وەک دەواکانی نەریتی کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.
پێکهاتەی پۆترەکان لەبواری شێوازی سازکردن و ئامانجی بەکارهێنانیان لە زۆر چەو هەتا هەویری لە گۆڕانە.
ساکارترین پۆترەی بەکاربراو لە پزیشکیی نەریتی لە پێکهاتنی مێوی هەنگوین و زەیتی زەیتون یان زەیتی گیاکانی دیکە ساز دەکرێت.
بەشێک لە گیاکان کە بۆ سازکردنی پۆتر «بەنرخ»ن بریتین لە:

_گوڵی هەمیشەبەهار (Calendula officinalis)
_کەمفری (Symphytum officinale)؛ جۆرە ڕووەکێکە گەڵاکەی زبر و بچووکە
_ئارنیکا (Arnica)؛ گوڵی هەمیشە بەهاری کێوی
بە تێکەڵکردنی گوڵی هەمیشەبەهار و گیای کەمفری دەتوانن پۆترەیەکی ئێجگار بەسوود بۆ دەرمانی هەستیاری و ئاوساوییی پێستی ساز بکەین.

✅زەیتی هەڵفڕیو (زەیتی عەتری = Essential oil)

زەیتی هەڵفڕیو لە شلەمەنیی ناپایەدار و پێکهاتەکانی بۆنخۆشی گیاکان ڕادەکێشرێن. زۆربەی ئێمە لە زەیتەکانی هەڵفڕیو وەکوو شارێحانە (بۆ هێمنایەتی) و ئەڵامەشکێن (ئۆکالیپتووس) (بۆ هەڵامەت و کۆکە) ئاشنایەتیمان هەیە و «زۆرتر»یش بۆ دەرەوەی لەش بەکاری دەهێنرێن.
هەروەها دەتوانن بە شێوەی شلکراوە لەگەڵ (ئاو، پۆتر یان زەیتەکانی تر) بەکاری بهێنن.
زەیتەکانی هەڵفڕیوی کە لە پزیشکیی نەریتی بەناوبانگن بریتین لە:

_زەیتی لیمۆ ترش (Lemon Essential Oil)
_زەیتی دارچین (Cinnamomum zeylanicumblime)
_زەینی ئاڵف لیمۆ (Cymbopogon)
_زەیتی گوڵەپووران (Salvia officinalis)
_زەیتی داری چا (Melaleuca alternifolia)
_زەیتی شارێحانە (Lavandula)
_زەیتی ئەڵامەشکێن (ئۆکالیپتووس)(Eucalyptus)
_زەیتی ڕۆزماری (Rosmarinus officinalis)
_زەیتی پڕتەقاڵی شیرین (Citrus aurantium )
_زەیتی سووسەنبەر (Thymus serpyllum)

جگە لە دەواکانی نەریتی، شێوازی جۆراوجۆر وەکوو (زێروودەرمانی (زاڵوو)، هەجەمات، ماساژدەرمانی و پارێز لە خواردن) لە پزیشکیی نەریتی هەیە. هونەری دەرمانکەری پزیشکیی نەریتی ئەوەیە کە بە پێی سرشت و نەخۆشی و بارودۆخی مرۆڤ باشترین شێوەی دەرمانی بەکار بهێنێت.

سەرچاوە

وەرگێردراون لە:

  • بەشی یەکەم: asriran.com
  • بەشی دووهەم: drjafargholi.com

دەنگ بدەن بەم نووسراوە:

١ ئەستێرە٢ ئەستێرە٣ ئەستێرە٤ ئەستێرە٥ ئەستێرە

Loading…

فاتمە حسێینی

وەختێک کە بە کوردی ئەنووسم هەست ئەکەم تازە لەدایک بووم.

ئەم پۆستە خاوەنی 6 بۆچوونە.

  1. سابیر کەمەرخانی

    بەڕاستی زۆر زۆر شایانی سپاس و پێزانینە.بژین و بەردەوام بن.

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن: