ناسینی بارودۆخی جەستە بە تاقیکاریی خوێن 

وەرگێڕ: فاتمە حسێینی 

✏️ناسینی نیشانەکانی ناو بەرگەی تاقیکاریی خوێن:

یەکێک لە گرینگترین شێوازەکانی وەرناسینی نەخۆشییەکانی جۆراوجۆر، ئەنجامدانی «تاقیکاریی خوێن»ـە. تاقیکاریی خوێن دەتوانێ نیشانەکانی هێندێک لە نەخۆشییەکان یان کەرەستەکانی سەرباری ناو خوێن لێک جیا بکاتەوە.
پیتەکان، ژمارەکان و دەستەواژەکان کە لەسەر «بەرگەی تاقیکاریی خوێن» نووسراوە، گشتی سەبارەت بە خوێنە کە ئەگەر ئەم دەستەواژانە نەناسن ناتوانن بەرگەی تاقیکاری بخوێننەوە.
لەم وتارە بەنیازین گرینگترین پاڕامێترەکان و دەستەواژەکانی ناو بەرگەی تاقیکاریی خوێنتان پێ بناسێنین.

🖍 شارەزابوون لە مانای ستوونەکانی ناو بەرگەی تاقیکاری

بەرگەی تاقیکاریی خوێن چەندین «ستوون»ی تێدایە کە بریتین لە:
🌑ستوونی (TESTS): زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە تاقیکارییەکانی «ئەنجامدراو»تان نیشان ئەدات.
🌑ستوونی (RESULT): ئاکامی هەر بەشێک لە تاقیکارییەکانتان پێ دەناسێنێ.
🌑 ستوونی (UNIT): یەکەی پێوانی هەر بەشێک لە تاقیکارییەکان نیشان ئەدات.
🌑 ستوونی (REFERENCE INTERVAL): ئاستی ئاساییی هەر تاقیکاریتان پێ دەناسێنێ. هێندێک جار بە نیشانەی گەورەتر [<] یان بچووکتر [>] و هێندێک جاریش بە شێوازی کۆمەڵە ژمارەی ڕاستەقینەی نێوان دوو ژمارەی گریمانەکراو (……) نیشان ئەدرێت.

🖍 ناسینی کەمخوێنی بە ئەنجامدانی تاقیکاریی خوێن

لە تاقیکاریی CBC، پاڕامێترەکانی وەکوو:(RBC)، (HGB)، (HCT)، (WBC) ئەدیترێ کە لە درێژەدا باسیان لەسەر دەکەین:

💥 RBC
_کورتکراوەی (Red Blood Cell) بە مانای (خڕۆکە سوورەکانی خوێن):
گرینگترین بەشی خوێن بەشی «RBC»یە کە ڕەنگی سووری «خوێن»یش لەبەر هەبوونی ئەم خڕۆکانەیە. هەروەها ڕەنگی خڕۆکە سوورەکان لەبەر هەبوونی ماددەی هێمۆگلۆبین (hemoglobin)ـە کە بە خڕۆکە سوورەکان بۆ گەیاندنی ئۆکسیژێن و ڕەواندنەوەی گازی دووهەم ئۆکسیدی کەربۆن یارمەتی ئەدات.
💥 HGB
کورتکراوەی(Hemoglobin)؛ «هێمۆگڵۆبین» یێکێ تر لە بەشەکانی سەرەکیی پێکهاتنەی خڕۆکە سوورەکانە.
کاری سەرەکیی هێمۆگلۆبین ئەوەیە کە لە جێیەک کە ئۆکسیژێن زۆرە لەگەڵ خوێن تێکەڵ دەبێت و لە جێیەک کە ئۆکسیژێن کەمە بڵاوی دەکاتەوە.
💥 HCT
کورتکراوەی (Hematocrit)؛ «هێماتۆکریت» ڕێژەیەک لە بارستاییی تەواوی خوێنە کە بریتییە لە خڕۆکە سوورەکان. هێماتۆکریت بەردەوام بە شێوازی ڕێژە نیشان ئەدرێت. بۆ نموونە هێماتۆکریتی ۲۵ڕێژە بەم مانایە کە لە ناو ۱۰۰ میلی‌لیتر خوێن ۲۵میلی‌لیتر خڕۆکەی «سوور»ی تێدایە.
💥 WBC
کورتکراوەی (White blood cell) یان هەمان خڕۆکە سپییەکانی «خوێن»ـە کە لە ڕاستیدا ڕۆڵی سەرباز و بەشێک لە «کۆئەندامی بەرگریی جەستە» ئەگێڕن.

کاری سەرەکیی ئەم خڕۆکانە ململانێ لەگەل زۆربەی نەخۆشییەکان و چڵک و «هەستیاری»یە.
✏️ کەمخوێنی لەسەر پاڕامێترەکانی (RBC , HGT و WBC) ئەناسرێت.

✏️لە درێژەدا لەسەر فاکتۆرەکانی دیکەی خوێن وەکوو: چەوریی خوێن، کۆلیستڕۆڵی باش، کۆلیستڕۆڵی خراپ، تری‌گلیسیرید، ڕژێنی ملەقۆرتە (تیرۆئید)، شەکرە، پەستان (فشار) و … قسە دەکەین.
_ کێشەی «چەوریی خوێن» زۆرتر لە بەرزبوونی ئاستی «چەوریی خوێن» ئەناسرێت. «چەوریی خوێن» بریتییە لە کۆلیستڕۆڵ (cholesterol) و
تری‌گلیسرید (triglyceride)
کۆلیستڕۆڵ زۆرتر لە ڕێی جەرگ و کەمێکیش لە ڕێی ماددە خۆراکییەکان دروست دەکرێت و بریتییە لە: کۆلیستڕۆڵی باشی خوێن (HDL) و کۆلیستڕۆڵی خراپی خوێن(LDL).
💥 «HDL»؛ کۆلیستڕۆڵی باشی خوێن (hdl cholesterol)
چەوریی زیادە لە خوێن دەگرێت و بۆ لای جەرگ ڕێنوێنیی دەکات و لە ئاکامدا بەرگری دەکا لە خڕبوونەوە و بەرگرتنی (تانشینی) کۆلیستڕۆڵ لەناو دەمارەکان.
💥 «LDL»؛ کۆلیستڕۆڵی خراپی خوێن (LDL cholesterol)
هەر کاتێک LDL زۆرتر لە پێویستی شانەکانی جەستە بێ، LDLی زیادە لەناو دەمارەکان کۆئەبنەوە و هۆکاری تەنگیی دەمارەکان ئەبن. بەم هۆیە بە LDL «کۆلیستڕۆڵی خراپی خوێن» دەگوترێ.
💥 triglyceride
تری‌گلیسرید (triglyceride) جۆرێک لە چەوریی خوێنە. کاتی خواردنی خۆراک، کالۆری ناپێویست بە تری‌گلیسرید ئەگۆڕێ. ئەگەر زۆرتر لە ڕادەی سووتاندنی کالۆری، خۆراک بخۆن، بێگومان «تری‌گلیسرید»تان ئەچێتە بان.
گرینگترین هۆکاری گیراویی دەمارەکان چوونەسەری «چەوریی خوێن»ـه.

💥T3 و T4 و TSH( Thyroid)
✏️پێزانینی کێشەکانی ڕژێنەی ملەقۆرتە (تیرۆئید، Thyroid) بە ئەنجامدانی تاقیکاریی خوێن:
ئەندازەی نۆڕماڵی T3 لە کەسانی باڵغ، نێوانی 52/. تا ۱/۸۵ نانۆگرەم لە میلی‌لیترە. ئەنازەی نۆڕماڵی T4 لە کەسانی باڵغ، نێوانی 4 تا 13 میکرۆگرەم لە دەسی‌لیترە. هەروەها ئەندازەی نۆڕماڵی TSH لە کەسانی باڵغ نێوانی ۳۲/. تا ۵/۲ میکرۆیونیت لە میلی‌لیترە.
لە کاتی هەبوونی کێشە لەم ژمارانە، کەمبوونی چالاکیی ڕژێنەی ملەقۆرتە (Hypothyroidism) یان زۆربوونی چالاکیی ڕژێنەی ملەقۆرتە (Hyperthyroidism) پێش دێت.
💥FBS (Fast Blood Suger)

قەندی خوێن (FBS) یێکێ لە گرینگترین تاقیکارییەکانە. لە تاقیکاریی قەندی خوێن ئەنازەی «گلوکۆزی خوێن (Glucose)» دیار دەکرێت. «گلوکۆز» جۆرێ قەندە کە سەرچاوەی سەرەکیی هێزی جەستەیە.
قەندی خوێنی نۆرماڵ لەخورێنی، نێوانی 70 تا 90 میلی‌گرەم لە دەسی‌لیترە. بەم پێیە ئەگەر قەندی خوێن نێوانی 100 تا 126 بێ، نیشانەی پێش شەکرەیە (Pre-diabetes). هەروەها ئەگەر قەندی خوێن لە 126 بانتر بوو نیشانەی شەکرەیە.
تاقیکاریی HbA1C لە ماوەیەکی دیاریکراو ئەنازەی قەندی خوێن لەناو «جەستە» هەڵدەسەنگێنێت و ئەگەر ڕێژەی لە ۹% بانتر بوو، پیشاندەری قەندی خوێنی سەرەوەیە.
کەسانێک کە تەمەنیان سەرتر لە 40 ساڵە، پێویستە کە تاقیکاریی قەندی خوێن ئەنجام بدەن. له کاتی ئاساییبوون تا تەمەنی 50 ساڵ، هەر 2 ساڵ جارێک و لەدوای تەمەنی 50 ساڵ، ساڵی جارێک تاقیکاریی قەندی خوێن پێویستە.
✏️ کەسانێک کە هەلومەرجەکانی ژێرەوەیان هەیە پێویستە کە بەردەوام لەباری «قەندی خوێن» لەژێر چاودێریدا بن:
🌑 پێشینەی شەکرەی جۆری دوو (Type 2 diabetes) لە ناو کەسوکاری نزیک
🌑ژیانی بێجموجۆڵ (Life without mobility)
🌑 دووگیانی (Pregnancy)
🌑پەستانی خوێنی بان (High blood pressure) (14 لەسەر 9)
🌑ئاستی کۆلیستڕۆڵی باشی خوێن (HDL) بەرامبەر یان کەمتر لە 35
🌑تریگلیسرید (triglyceride) بەرامبەر یان زۆرتر لە 250 میلی‌گرەم لە دەسی‌لیتر
🌑پێشینەی کیستی هێلکەدان (Ovarian Cysts)
🌑پێشینەی نەخۆشیی دەمارەکان (Vascular disease)

✏️تاقیکاریی خوێن شێوەیەک بۆ وەرناسینی تێکچوونی جەرگ

💥 SGPT و SGOT
بۆ ناسینی تێکچوونی جەرگی وەکوو هێپاتیت (hepatitis)، ئەنجامدانی تاقیکاریی خوێن پێویستە. ساکارترین تاقیکارییەکانی جەرگ بریتین لە (SGPT) و (SGOP).
ڕێژەی سروشتیی (SGPT) بۆ ژنان کەمتر لە 31 یەکە لە لیتر و بۆ پیاوان کەمتر لە 41 یەکە لە لیترە. هەروەها ڕێژەی سروشتیی (SGOT) بۆ ژنان کەمتر لە 31 یەکە لە لیتر و بۆ پیاوان کەمتر لە 37 یەکە لە لیترە.
✏️ هۆکاری بەرزبوونی ڕێژەی (SGPT) و (SGOT) لە خوێن بریتییە لە:
🌑 چڵکەکانی وایرۆسی کە هۆکاری زیان پێگەیاندن بە جەرگ دەبن.
🌑بەکارهێنانی هێندێک لە دەواکان کە لەسەر جەرگ کاریگەرن.

✏️تاقیکاریی خوێن سەبارەت بە گورچیلە

💥 Blood Urea Nitrogen (BUN)
💥cr (Creatinine)
بۆ چالاکیی گورچیلە دوو فاکتەری یۆریا (BUN) و کراتینین (cr) زۆر گرینگە.
ئەگەر تووشی کەمکاریی گورچیلە یان تێکچوونی توندی گورچیلە بن، ڕێژەی یۆریا و کراتین لە ئەندازەی سروشتی بانترە.
ڕێژەی سروشتیی یۆریا بۆ ژنان 7/9 تا 20mg/dlـە و ڕێژەی سروشتیی کراتینین بۆ ژنان 0/6 تا 1/2 و بۆ پیاوان 0/8 تا 1/3 mg/dlـە.
💥 UA (Uric Acid)
تاقیکاریی ترشیی میزاوی (UA) بۆ کەسانێک کە نەخۆشیی «بەردی گورچیلە» یان «دەردەمیران»یان هەیە پێویستە.
ڕێژەی سروشتیی UA بۆ پیاوان 3/6 تا 8/2 mg/dl و بۆ ژنان 2/6 تا 6/1 mg/dl ـە.

✏️تاقیکاریی خوێن سەبارەت بە ویتامینەکان:

💥 D و B12
دوو ویتامینی (D و B12) بۆ سەلامەتیی جەستە ڕۆڵی گرینگیان هەیە کە لە بەرگەی تاقیکاریی خوێن ئەدیترێ.
ویتامینی D بۆ کێشانی کەلسیۆم (Calcium)، هەڵۆڵبوونی ئێسک (Osteoporosis) بەتایبەت بۆ ژنان، هەڵسەنگاندنی شێرپەنجەکان، وەکوو: شێرپەنجەی مەمک (Breast Cancer)، شێرپەنجەی قۆلۆن (colon= بەشی خوارەوەی ریخۆڵە) و شێرپەنجەی پانکراس (Pancreatic cancer) پێویستە.
ڕێژەی سروشتیی ویتامینی D نێوانی 25 تا 80ng/ml نانۆگرەم لە میلیلیترە.
بۆ ناسینی جۆرێک لە کەمخوێنی و هێندێک لە کێشەکانی کۆئەندامی هەرسکردن، ویتامینی (B12) هەڵدەسەنگێنن. ڕێژەی سروشتیی ئەم ویتامینە نێوانی 160 تا 970 نانۆگرەم لە میلیلیترە (ng/ml).

✏️ هۆرمۆنەکان لە تاقیکاریی خوێن:

پزیشک بۆ ئەنازەگرتنی هۆرمۆنەکان لە تاقیکاریی خوێن کەڵک وەردەگرێت.
باوترین هۆرمۆنەکان بریتین لە:
💥BHCG , PSH , LH , FSH
هۆرمۆنی دووگیانی (BHCG)، هۆرمۆنەکانی ڕژێنەی ملەقۆرتە (thyroid hormones) و هۆرمۆنەکانی ڕەگەزی (sex hormones)
باوترین هۆرمۆنەکانی ڕەگەزی لە پیاوان PSH (بۆ هەڵسەنگاندنی چالاکیی پڕۆستات (prostate)) و لە ژنان (LH) و (FSH)

✏️ هێندێک لە تاقیکارییەکان پێویستە کە لەخورێنی ئەنجام بدرێن

✏️چەند خاڵ سەبارەت بە لەخورێنیبوون:
🌑 خواردنی شێوی سووک شەوی پێش ئەنجامدانی تاقیکاری
🌑 10 تا 12 کاتژمێر نەخواردنی خواردەمەنی بێجگە لە ئاو
🌑 مسواککردن لەکاتی خورێنی ڕێگەپێدراوە
🌑 لە (جووینی بنێشت، بەکارهێنانی جگەرە، وەرزش و بەکارهێنانی حەبی ڕەوانکەری قورگ) لە کاتی خورێنی پارێز بکەن.
🌑 کاتی دیاریکراوی خورێنی بۆ تاقیکارییەکانی وەکوو چەوریی خوێن، تری‌گلیسرید و کۆلێستڕۆڵ، لانی کەم 12 کاتژمێرە.
🌑 بۆ ئەندازەگرتنی نیترۆژنی یۆریای خوێن (BUN) 8 کاتژمێر، بۆ ئەنازەگرتنی (uric acid) 8 کاتژمێر و بۆ ئاسن (Fe) 10 تا 12 کاتژمێر برسییەتی پێویستە.
🌑 «ناشتابوون» بۆ تاقیکارییەکانی جەرگ (SGPT و SGOT) و هۆرمۆنەکانی ڕژێنەی ملەقۆرتە (T3 و T4و TSH) پێویست نییە، بەڵام بۆ گرتنی ئاکامی باشتر لانی کەم سێ کاتژمێر “ناشتا” بن.

🌑 3 ڕۆژ لەپێش ئەم تاقیکارییە دەرزی نەوەشێنن.

✏️ تاقیکاریی خوێن و هەڵبژاردنی «پۆلی خوێنی»:

بۆ هەڵبژاردنی «پۆلی خوێنی» پێویستە کە تاقیکاریی خوێن ئەنجام بدرێت.
پۆلەکانی خوێنی بریتین لە:
🌑پۆلی خوێنی A
🌑پۆلی خوێنی B
🌑پۆلی خوێنی AB
🌑پۆلی خوێنی O
هەر پۆلی خوێنی تەنیا دەتوانێ لە پۆلی خوێنی خۆی، خوێن بگرێت. بەڵام پۆلی خوێنی (O) دەتوانێ لە هەموو پۆلەکان خوێن بگرێت و بە هەموو «پۆلەکان»یش خوێن بدات.

_ دواقسە

ئەم نووسراوانە تەنیا بۆ گەیاندنی زانیارییەکانە و ڕاسپێریی پزیشکی کارناس نییە و نابێ جێگری بۆچوونی پزیشک بێت. بەم هۆیە بۆ دەرمانی نەخۆشییەکان پێویستە لەگەڵ پزیشکی کارناس ڕاوێژ بکەن.

سەرچاوە (فارسی):

  • iranmehrlab.ir
  • namnak.com

دەنگ بدەن بەم نووسراوە:

١ ئەستێرە٢ ئەستێرە٣ ئەستێرە٤ ئەستێرە٥ ئەستێرە

Loading…

فاتمە حسێینی

وەختێک کە بە کوردی ئەنووسم هەست ئەکەم تازە لەدایک بووم.

ئەم پۆستە خاوەنی 2 بۆچوونە.

  1. سابیر کەمەرخانی

    زۆر زۆر تایبەت بوو.بژین و بەردەوام بن.

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن: