بەشی ئێمە لە ژیان 

شاعیر: مەلا غەفوور دەباغی (حافزی مهابادی) 

حەمد بۆ خوای بەرز و بێهاوتا 

خالقی مەخلووق، بێباک و تەنیا 

هەرچی ئەو بیدا، نابڕێتەوە 

هەرچی ئەو بیبا، ناگەڕێتەوە 

بە یەکێ ئەدا ماڵی زۆر و گەنج 

بە یەکێ ئەدا موشەققەت و ڕەنج 

یەکێ بەخێو ئەکا بە ناز و نیعمەت 

یەکێ دەخاتە ژێر باری زەحمەت 

یەکێ تێر دەکا لە گۆشت و پڵاو 

یەکێ کوێر دەکا بۆ چۆرێ شۆرباو 

یەکێ گەڕانی بە کادیلاکە

یەکێ بەپێیان ماندوو و هیلاکە

یەکێ ڕادەخا فەرش لە بەرپێ

یەکێ لەسەر حەسیر گیانی دەردەچێ

یەکێ بەدەنی وەک گرێ دارە

یەکێ دوازدە مانگ لەشی بیمارە

یەکێ منداڵی زۆر و بێخێرە

یەکێ تا دەمرێ هەر وەجاغکوێرە

یەکێ لە باخەڵ ناسک و نازدارە

یەکێ هاورێ لەگەڵ ورچی نێو غارە

یەکێ پەریڕوو دێتە باوەشی

یەکێ دێڵەدێوێک بۆتە هاوبەشی

بە یەکێ ئەدا عەقڵی ئەفلاتوون

یەکێ دەکاتە واریسی مەجنوون

یەکێ دەکاتە قوتابیی رەببانی

یەکێ دەکوژێ بە بێئیمانی

یەکێ دانیشتووی کۆشک و تەلارە

یەکێ بە ئەرمەنی و جووش قەرزدارە

یەکێ حیسابی رەد بووە لە میلیارد

یەکێ شک نابا لە ماڵ پووتێ ئارد

یەکێ شیکترین جل لەبەر دایە

یەکێ لە تەندوور خەی، بۆسۆی لێ نایە

یەکێ نەهاری قەل و مریشکە

یەکێ دۆی ترش یا نانی ویشکە

یەکێ مەکینە بەرگی دەشۆرێ

یەکێ لە دەستتەنگی ژنی دەتۆرێ

خۆی لە هەموو کەس باشتر دەزانێ

مەرد دەباتە لای نامەرد بۆ نانێ

کەسیش ناوێری، بێژێ خودایە!

بۆ وات کردووە و لەبەرچی وایە؟

دەنگدان:

زۆر ناخۆشناخۆشمامناوەندخۆشزۆر خۆش
Loading…

ئەحەد خزری

ئەگەر زمانی دایکیت نەزانیت، فیلسووفیش بی، هێشتا نەزانیت.

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن (بڵاوکردنەوە دوای پێداچوونەوەیە!):