هیوا

وشەیەک کە تەنیا وشەیەک نییە و دنیایەک واتا و مانای لەپشتە. چەمکێک کە ئێمەی مرۆڤ بۆ گەشەکردن، داهێنان، گۆڕانکاری و بەرەو بەرزی چوون دەمانهەوێت.

تا «هیوا» نەبێت هیچ هەوڵێکیش نابێت؛

هیوا، هەوڵ

مرۆڤێک بێننە پێش چاوتان لە دەیهەوێت خوێندن فێر بێت، یان کارێکی تری جەستەیی و بیری. ئاشکرا و ڕوونە کە ئەم ویستن و تەمای هەوڵدانە بە هۆی ئەوەیە کە کەسەکە «هیوادارە» تا بەم هەوڵدانە بگاتە ئامەنجەکەی. ئەگەر هیوادار نەبێت قەت دەست پێ ناکات بە هەوڵدان و ئەگەر دەستیشی پێ کرد زۆر زوو واز دێنێت و کارەکەی بەرەوپێش ناچێت. هەروەها هیچ کارێک تەنیا بە یەک هەوڵدانی سەر ناگرێت، هەوڵدانە لەدوای یەکەکانن کە مرۆڤ هێدی‌هێدی بەرەو ئاکام دەبەنە پێش. هۆی لێک بەستنەوە و بەردەوامکردنی هەوڵەکان «هیوایە». «هیوا»یە کە دوای ماندووبوون لە هەر هەوڵێک هەڵمان دەستێنێتەوە و بەرەو هەوڵدانێکی تر هانمان دەدات. کەسی بێهیوا لە خۆ و تواناکانی، هەوڵی دووبارە نادات یان زۆر بەکزی هەوڵ دەداتەوە و هەر بۆیەش ڕیگای سەرکەوتن بەدی ناکات. 

تا هیوا نەبێت هیچ پێشکەوتنێک نابێت؛ 

هیوا، پێشکەوتن

پێشکەوتن چییە؟ ئاکامی هەوڵێکە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئێستا. واتا کەسێک لە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی، پیشەیی، زانستی و… هەیە کە بە ئاستی ئێستای ڕازی نییە، بۆیە بۆ باشتربوونی هەوڵ دەدات و ئەگەر گەیشتە ئەنجام، دەڵێن: «پێشکەوت.»، «پێشکەوتنی بەخۆیە دیت.»، یان شتی هاوواتا. جا ئێستا بیر لە پێشکەوتنێک بکەنەوە کە هەوێنەکەی «هیوا» نەبێت! هەیە؟ بیرت لە هەر پێشکەوتنێک کردبێتەوە بێگومان لە پێشدا، لە یەکەم قۆناغەکاندا، پێویستە «هیوا» هەبووبێت. هیچ پیشەیەک، زانستێک، بەرنامە و پرۆگرام و پرۆژەیەک بوونی نییە کە بێ «هیوا» گەشەی کردبێت و پێشکەوتوو بووبێت. لەوانەیە زۆر سات هەبووبێت کە خاوەنی کارەکە لێی بێهیوا بووبێت، بەڵام بێشک لە بێهیواترین ساتەکانیش لە گۆشەیەک لە ناخیدا هیوایەکی زۆر بەهێزتر حازر و ئامادە بووە کە بۆتە هۆی ئەوەی بەیەکجاری واز لە ئیش و کارەکەی نەهێنێت و دوای ماوەیەکی کەم یان زۆر، دەست پێ بکاتەوە. کەواتا بێ «هیوا» پێشکەوتن نییە.

دنیای ئەمڕۆ سەرسووڕهێنەرە! گەشەکردن تێیدا بە شێوەیەکی سەیر، خێرایە، بەڵام بێگومان هەمیشە ئاوا نەبووە. بیرتان بەرەو دواوە بەرن، زۆر دواوە، یەکەمین هەنگاوەکانی مرۆڤ، یەکەمین شکستەکان، یەکەمین ورەبەخشییەکان. هەنگاوهەنگاو مرۆڤ بە چەکی بەهێزی «بیر» فێر بوو کە گەر دەیهەوێ پێشکەوێ و ژیانی ئێستا و داهاتووی خۆشتر کات ناتوانێت بە بێهیوایی ئەم کارە بکات. بۆیە لە هەوڵدان نەوەستا و شکستەکانی لەسەر یەکتر دانا و کردنی بە پەیژە و ڕێگایەک بۆ سەرکەوتن. ئێستا شوێنی مرۆڤ ببینن لەسەر زەوی؛ پڕ لە داهێنان، پێشکەوتن و سەرکەوتن. هۆکارەکانی پێشکەوتنی لەوانەیە بیر و هزرە بەهێزەکەی و پرسۆکییەکەی و شتی لەم جۆرە بزانن، بەڵام بەبێ هەوێنی «هیوا» ئایا ئەم هۆکارانە هیچ شتێکیان لەدەست دەهات؟ کەواتە ڕەمزی ئەم پێشکەونتە «هیوایە».

بەبێ هیوا گۆڕانکارییەک نابێت؛

هیوا، گۆڕانکاری

 کەسێک کە بارودۆخی کۆمەڵگایەک لە هەر ڕوویەکەوە یان بارودۆخی کار و پیشەکەی یان هەر شتێکی تر دەبینێت و لێی ناڕازییە و بۆی بەداخە چۆن هەوڵ دەدات کە ئەم بارودۆخە بگۆڕێت؟ گەر هەوڵدانی دەست پێ کرد، چۆن بەردەوام دەبێت؟ گەر بەرەوڕووی خۆڕاگری بوویەوە بۆ گۆڕانکاری، چ شتێک ورەی پێ دەبەخشێ؟ «هیوا» بۆ وەڵامدانەوە گونجاو نییە؟

بێ «هیوا» ورە نییە؛

هیوا، ورە

 کاتێک باسی هەوڵ دەکەین، لە هەمان کاتدا و لە پەراوێزدا باسی شکستیشمان کردووە و پێویستە بیری لێ بکەینەوە. هەوڵدانەکان کەم و زیاد، دەبنە هۆی شکستهێنان. شکست ئەو ڕووداوە ناخۆشەیە کە لە ناخدا مرۆڤ ئازار دەدات، بەڵام ڕووداوێکی چاوەڕوانکراو  و ئاسایییە و دەبێت هەموومان لە هەموو کاتدا چاوەڕوانی بین. بەڵام ئەو شتەی هێزی ڕووخێنەری «شکست» سنووردار دەکات و دەیبەزێنێت «هیوا»یە. لەگەڵ شکست «هیوا»یە کە بەڵێنی دیسان شکستنەهێنانمان پێ دەدات، بەو مەرجەی هەوڵ بدەینەوە و هەوڵەکەمان زۆرتر و چڕتر بکەینەوە.

هەموو هیوایەک باشە؟

هیوا؟

ئەگەر ئاو بدەین بە دارێک ئایا دەتوانین هیوای ئەوەمان هەبێت کە داەرەکە هەڵفڕێت؟ یان بە دانی گۆشت بە پشیلەیەک دەکرێت هیوای وەمان هەبێت کە وەقسە بێت؟ زۆر ساکارە کە وەڵام «نەخێر»ە. دار توانای فڕین و پشیلە توانای قسەکردنی نییە هەرچەندیش هەوڵ بدرێت و هیوادارییش ئاوێتەی هەوڵەکە بکرێت، هەر ناکرێت ئومێدی ئەمانەمان لێ هەبن. لە ئیش و باسە مرۆڤییەکانیش ناتوانین هیوامان بە شتی ئاستەم و «بێفکرانە» بێت و بڵێن هیوایەکەمان خولقێنەر و بەدەسکەوتە.

لەگەڵ ئەم هەموو باشی و چاکییەی کە بۆ «هیوا» بژاردمان، ئەشێ لەبیرمان نەچێت کە مەبەست، هیوایەکی ژیرانە و بیرمەندانەیە و هیوایەک کە لە جێی خۆیدا نەبێت یان هیوا بە شتێک کە توانای بەدیهێنانی ئاواتەکەمانی نەبێت، نەتەنیا نابێتە هۆی گەشەکردن، بەڵکوو ئاکامەکەی تەنیا سەر لە بەرد دان و سەر لێ شێوان و ئازار دەبێت بۆمان.

لە کۆتاییدا

«هیوا»

گەر دەمانهەوێ لە کار، پیشە، زانست، پڕۆژە و بەشێوەی گشتی لە ژیانمان بەرەوپێش بچین و لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و پێشکەوتنەکانی دەوروبەر خۆمان بگونجێنین و لێیان بەدوا نەکەوین، پێویستە لە سەختترین شکستەکاندا و لە تاریکترین ساتەکاندا دەرگای ژووری «هیوا» دانەخەین و ڕێگای خۆدەرخستنی لێ نەگرین، لە هەمان کاتدا پێویستە بیر بکەینەوە کە هیوایەکەمان بەم کارە، شتە، … گونجاوە؟ ژیرانەیە؟ توانای وەدیهاتنی هەیە؟ ئەگەر بەڵێ، بە چ نرخێک؟ 

ئەم خۆماندووکردن و هیوادارییە زۆر بەنرخە و هەرکەسێک لەناو کۆمەڵگا و وڵاتدا لە هەر پیشە و بوارێکدا خەریکی بێت بەدڵنیایی قازانجەکەی بۆ تاکبەتاکی کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە، بۆیەش پێویستە هەموومان پاڵپشت و پشتیوانی پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون و گۆڕانکارییە ژیرانەکان بین. 

دەنگ بدەن بەم نووسراوە:
زۆر ناخۆشناخۆشمامناوەندخۆشزۆر خۆش
Loading…

ئەم پۆستە خاوەنی 2 بۆچوونە

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن (بڵاوکردنەوە دوای پێداچوونەوەیە!):