با لە ئاخاوتنی ڕۆژانەشدا ڕێز لە زمانەکەمان بگرین. 

نووسەر: سومەییە ڕەمەزانی 

کاتێک کۆمەڵگایەک لە زمانی نەتەوەیەکی دیکە کەڵک وەردەگرێ کە خۆی خاوەن زمان و وشەی سەربەخۆ نەبێ.

ئێمەی کورد ، زمانێکی پاراو و تێروتەسەلمان هەیە کە بۆ قسەکردن و نووسین، پێویست بە کەڵک وەرگرتن لە هیچ زمانێکی دیکەمان نییە. منداڵان، کە داهاتووی کۆمەڵگاکەمانن، هەر لە سەرەتاوە فێری زمانی دایکی بکەین و کاتێک لە هەر ڕێگایەک وەک تەلەفیزیۆن یان هاوڕێکانیان فێری وشەی نامۆ و بێگانە دەبن، وەبیریان بێنین کە دەتوانن زۆر بە ئاسانی و لە ڕێگای زمانی دایکییان هەست و سۆزی خۆیان سەبارەت بە هەر بابەتێک دەربڕن و لە وشەی زمانی دیکە خۆیان بپارێزین.

۱. لە کێها شەقام بیمارستانی لێیە؟❌
لە کێها شەقام نەخۆشخانەی لێیە؟✅
۲. عەسەل خواردن بۆ جەستەی منداڵان زۆر باشە.❌
هەنگوین خواردن بۆ جەستەی منداڵان زۆر باشە.✅
۳. مووهیم ئەوەیە ئێمە بە زمانی دایکی بتوانین بخوێنینەوە.❌
گرینگ ئەوەیە ئێمە بە زمانی دایکی بتوانین بخوێنینەوە.✅
۴. ئەم ئادرەسە دەزانن کوێیە؟❌
ئەم ناونیشانە دەزانن کوێیە؟✅
۵. دەتوانن ئەم چرایە ڕەوشەن کەن؟❌
دەتوانن ئەم چرایە هەڵکەن/ داگیرسێنن؟ ✅
۶. تەغیرێکی باش بەسەر ژیانتدا هاتووە.❌
ئاڵوگۆڕێکی باش بەسەر ژیانتدا هاتووە.✅
۷. ئەم کارە بەرعەکس بکرێ جوان دەرناکەوێ.❌
ئەم کارە پێچەوانە بکرێ جوان دەرناکەوێ.✅
۸. هەڵسوکەوتی دەوروبەرمان ئیڕتیباتی بە ئێمە نییە.❌
هەڵسوکەوتی دەوروبەرمان پەیوەندیی بە ئێمە نییە.✅
۹. نووسراوەکانمان بۆ ئیرساڵ کردن.❌
نووسراوەکانمان بۆ ناردن.✅
۱۰. هێندێک لەم بابەتانە دەبێ حەزف کرێن.❌
هێندێک لەم بابەتانە دەبێ بسڕدرێتەوە.✅
۱۱. جوابی پرسیارەکەت نەدامەوە؟❌
وڵامی پرسیارەکەت نەدامەوە؟✅
۱۲. کشوەری ئێمە زۆر سەرسەوزە.
وڵات/ نیشتمانی ئێمە زۆر سەرسەوزە.✅
۱۳. هەر کەس عەقایەدی تایبەت بە خۆی هەیە.❌
هەر کەس بیروڕای تایبەت بە خۆی هەیە.✅
۱۴. خەبەرێکی زۆر دڵتەزێن بوو.❌
هەواڵێکی زۆر دڵتەزێن بوو.✅
۱۵. دەستپۆختی جوان و بەتامە.❌
دەستاوی جوان و بەتامە.✅
۱۶. غەزایەکی خۆش و بەتام بوو.❌
چێشتێکی خۆش و بەتام بوو✅
۱۷. عەجەلەم هەیە دەبێ بڕۆم.❌
پەلەم هەیە دەبێ بڕۆم.✅
۱۸. بە مناسبەتی ڕۆژی لەدایک بوونم جلی کوردیم لەبەر کرد.❌
بەبۆنەی ڕۆژی لەدایک بوونم جلی کوردیم لەبەر کرد.✅
۱۹. ڕۆژی تەوەلودتان پیرۆز بێ.❌
ڕۆژی لەدایک بوونتان پیرۆز بێ.✅
۲۰. ئوستاد دەرسی تازە ناخوێنین؟❌
مامۆستا وانەی نوێ ناخوێنین؟✅
۲۱. ئەمڕۆ دەگەڵ ڕەفیقەکەم دەچم بۆ خەریدی کتێب.❌
ئەمڕۆ دەگەڵ هاوڕێکەم دەچم بۆ کڕینی کتێب.✅
۲۲. وەرە پێکەوە بازی بکەین.❌
وەرە پێکەوە یاری / کایە بکەین.✅
۲۳. سوئالی سەخت مەکەن.❌
پرسیاری سەخت مەکەن.✅
۲۴. خاهیش دەکەم! ئاگاداری خۆتان بن.❌
تکایە! ئاگاداری خۆتان بن.✅
۲۵. ئیتفاقێکی سەیر هاتۆتە پێشێ.❌
ڕووداوێکی سەیر هاتۆتە پێشێ.✅
۲۶. ئێمە پێکەوە مووەفەق دەبین.❌
ئێمە پێکەوە سەرکەوتوو دەبین.✅
۲۷. دایە گیان عەرووسەکم بۆ دەکڕی؟❌
دایە گیان بووکەڵەم بۆ دەکڕی؟✅
۲۸. ئەو خێرسە گەورەیەی لەو کێوەیە.❌
ئەو ورچە گەورەیەی لەو کێوەیە.✅
۲۹. بەم خیابانەدا دەڕۆین.❌
بەم شەقامەدا دەڕۆین.✅
۳۰. ئەمن/من ئاوا ئیحساس دەکەم.❌
ئەمن/من ئاوا هەست دەکەم.✅
۳۱. دەگەڵ عەممەم ڕۆیشتینە دەرێ.❌
دەگەڵ پوورم ڕۆیشتینە دەرێ.✅
۳۲. “بانە” ناوی ناوچەیەکە لە ئوستانی کوردستان.❌
“بانە” ناوی ناوچەیەکە لە پارێزگای کوردستان.✅
۳۳. من قەت لە فێربوون خەستە نابم.❌
من قەت لە فێربوون ماندوو نابم.✅
۳۴. خانەوادەی ئێمە زۆر بچووکە.❌
بنەماڵەی ئێمە زۆر بچووکە.✅
۳۵. مووتەعەسیفانە! باش فێر نەبووم.❌
بەداخەوە! باش فێر نەبووم.✅
۳۶. ئایەندێکی ڕوونمان دەبێ.❌
داهاتوویەکی ڕوونمان دەبێ.✅
۳۷. لازمە هەموومان فێری ڕێنووسی کوردی بین.❌
پێویستە هەموومان فێری ڕێنووسی کوردی بین.✅
۳۸. دۆینێ هاوڕێکەم دەعوەتی کردم.❌
دۆینێ هاوڕێکەم بانگێشتی کردم.✅
۳۹. ڕیشەی ئەو دارە زۆر موحکەمە.❌
ڕیشە/ بنەمای ئەو دارە زۆر قایم و پتەوە.✅
۴۰. جامعەی ئێمە بەرەو پیشڕەفت دەڕوا❌
کۆمەڵگای ئێمە بەرەو پێشکەوتن دەڕوا.✅

کاتێک ئێمە بۆ دەوروبەرمان ڕوونی دەکەینەوە کە زمانی ئێمە سەربەخۆیە و ئەلفوبێی تایبەت بە زمانی خۆمان هەیە کە لە هیچ زمانێکی دیکە کەڵکی وەرنەگرتووە زیاتر هەوڵ دەدەین کە لە وشەی بێگانە خۆ بپارێزین و هەر کات منداڵان و لاوان لەو وشانە کەڵکیان وەرگرت وشەی ڕەسەنی کوردییان وەبیر بێنینەوە و باس لەوە بکەین کە زمانی ئێمە جێگەی شانازیمانە و ئێمە کلتوور و مێژوویەکی دەوڵەمەند و جیاوازمان هەیە پێویست ناکا ئاخاوتنمان نامۆ بێ. هەر یەک لە ئێمە بەرپرسی داهاتووی زمانەکەمانین. 

زیاتر هەوڵ بدەین، زیاتر تەقەلایە بکەین، زیاتر دڵسۆز و غەمخۆری زمانەکەمان بین تا بە دەستی خۆمان لەناوی نەبەین.
گەلێک زیندوویە کە زمانەکەی زیندوو بێ.

دەنگ بدەن بەم نووسراوە:

زۆر ناخۆشناخۆشمامناوەندخۆشزۆر خۆش
Loading…

سومەییە ڕەمەزانی

من پێشەنگم. هەوڵ و تێکۆشانی من، فێربوون و فێرکاریی ڕێنووسی کوردییە.

ئەم پۆستە خاوەنی 8 بۆچوونە

  1. سابیر کەمەرخانی

    نازانم به چە وشەێک ئەم پۆستە پێناسە بکەم..زۆر زۆر بەنرخە.بژین

  2. فاتمە حسێینی

    بە ڕاستی زۆر بە نرخ بوو .بژین و بەردەوام بن

  3. نەناسراو

    ده ستت خۆش و نموونه تان هه ر زۆر بێت داوای سه رکه وتنتان بۆده که م

  4. Shivaalikarami

    دەستت خۆش بێ بە نازانم چۆن پێناسەی بکەم
    خامەت هەمووکات ڕەنگین بێ هەڤاڵ

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن (بڵاوکردنەوە دوای پێداچوونەوەیە!):