پێشەکی:

کەمتر زیندەوەرێک بە ئەنازەی ماری ژەهراوی لە مرۆڤەکان ترس وەدی دەهێنێت. لەناو زیاتر لە ۶۰۰ تیرەی ماری ژەهراوی تەنیا ۲۰۰ تیرە بۆ مرۆڤ مەترسیدارە. ئامانجی ئێمە لەم وتارە ناساندنی مەرگهێنترین و ژەهراویترین مارەکانی «جیهان»ە.

✅ بەشی یەکەم:

مەرگهێنترین و ژەهراویترین مارەکانی جیهان

🌑 ماری زەنگوڵەدار یان ماری زەنگدار (rattlesnake)

Photo by Duncan Sanchez on Unsplash

ماری زەنگدار لە تیرەی «شامار»ە و لەبەر زەنگوڵەی کۆتاییی کلکی بە ئاسانی دەناسرێت. بەهۆی ئەوەی کە لە کاتی مەترسیدا کلکی ئەجووڵێنێت و دەنگێک وەکوو دەنگی زەنگوڵە دەردەهێنێت، ناوبانگی بە ماری زەنگوڵەدار دەرکردووە. لە کاتی هێرش دوو لەسەر سێ «۲/۳» بەرابەری درێژیی خۆی دەتوانێ خۆی هەڵدات. تیرەی پشت ئەڵماسی (Eastern diamondback rattlesnake) ژەهراویترین ماری زەنگوڵەدار لە ئەمریکای «باکوور»ە. زۆربەی ئەم مارانە ژەهری «هێمۆتۆکسین»یان هەیە (Hemotoxin) کە شانەکان لەناو دەبات، ئەندامەکان لەکار دەخات، کۆئەندامی مەیینی خوێن دەشێوێنێت و بەم هۆیە مرۆڤ لە ناوەوە تووشی خوێنڕێژی دەبێت. هەر کەسێک بەم مارە بگەسترێت، جێی چزەکەی تا کۆتاییی ژیان دەمێنێتەوە. بەم هۆیە ئەگەر لەکاتی خۆیدا و بە «دروستی»ش دەرمان بکرێت، ڕەنگە کە بڕینی ئەندامەکان و تەنانەت «مەرگیش»ی بەدوای بێت.
کێشە لە هەناسەکێشان، لە دەست و پێ کەوتن، قسەڕاواندن و خوێنڕێژیی توند، نیشانەکانی پێوەدراوبوون بەم مارەیە و وەشاندنی دەوای ژەهربڕ دەتوانێ میزانی «مردەموو»ی تا ژێر سەدا چوار (۴٪) داشکان بکاتەوە.

🌑 حەفیی بکوژ (Killer's Adder)

ئەم مارە کە لەڕاستیدا ناوی بە «حەفیی بکوژ» دەرچووە لە «ئۆسترالیا» و «گینەی نۆ» ئەدۆزرێتەوە. تەنانەت دەتوانێت مارەکانی ژەهراویی دیکەش لە داو بخات و بیانکوژێت.
حەفیی بکوژ زۆر هاوشێوەی حەفییەکانی ترە بەتایبەت سەری سێ کونج و جەستەی کۆتا و «ئەستوور»ی ئەم مارە بە شێوەی باو، دەتوانێت نێوانی ۴۰ تا ۱۰۰ میلی‌گرەم ژەهر لە جەستەی قوربانی بوەشێنێت. بەڵام تەنیا (4/. تا 5/.)ی میلی‌گرەم لە ژەهری حەفیی بکوژ دەتوانێ مەرگهێن بێت.
ژەهری حەفیی بکوژ لە جۆری «نۆرۆتۆکسین»ە (Neurotoxins) کە «کۆئەندامی دەمار»ی فەلەج دەکات و لە ماوەی ۶ کاتژمێر بەهۆی لەکارخستنی کۆئەندامی هەناسەکێشان، قوربانی بەرەوڕووی مەرگ دەکاتەوە. لەبەر پێشڕەویی ئارامی ژەهری حەفیی بکوژ، بەکارهێنانی دەوای ژەهربڕ زۆر «بەسوود»ە. حەفیی بکوژ دەتوانێ لە ماوەی سەدا سێنزە (۱۳/.) چرکە لە دۆخی هێرش بە دۆخی گەستن بگەڕێتەوە.

🌑حەفی (شامار) (Viper)

حەفییەکان لە هەر شوێنێک ئەدۆزرێنەوە بەڵام «مەرگهێنترین»یان، ماری جەعفەری یان «حەفیی پولەک‌هەڕەای» (Saw-scaled vipers) و «حەفیی زنجیرەای»یە (chain viper) کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەندی و بەتایبەت لە هیند و چین و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەدۆزرێتەوە. حەفییەکان زۆر ئاکارخراپ و هێرشکارانەن و هەروەها زۆر چالاکن. ئاسەواری گەستراوی بە ماری حەفی بریتییە لە:
_ ژانێکی زۆر و ئەستووربوونی توندی جێگای چزە
_ خوێنڕێژی بەشێوەی سروشتی لەلای پووک
_ کەمبوونەوەی زەختی خوێن
_ هاتنەخوارەوەی ترپەی دڵ
_ بلۆق‌کردن لە جێی چزە (لە دۆخی توندتر جێگاکانی تری «قوربانی»ش بلۆق دەکات)
_ ڕشانەوە و باکردنی دەموچاو تەنیا لە «یەک لەسەر سێ» (۱/۳) بابەتی گەستراوی بە ماری حەفی
ژانی توند لە جێگای گەستراوی دەتوانێ ۲ تا ۴ حەوتوو بمێنێتێوە.
زۆربەی جێگای گەستراوی لە ۲۴ تا ۷۲ کاتژمێر بە ئەوپەڕی خۆی دەگات و ڕەنگی جێگای گەستراوی ئەگۆڕێ چوونکە خڕۆکە سوورەکانی خوێن دێنە ناو ماسوولکەشانەکان.
له دۆخی گەستراوی بە ماری حەفی، ۱ تا ۱۴ ڕۆژ یان تەنانەت زیاتر لە ۱۴ ڕۆژ دوای «گەستراوی»ش ئەتوانێ کوشندە بێت (لەبەر ژەهراویبوونی خوێن، لەکارکەوتنی سیپەلاک یان لەکارکەوتنی دڵ).

🌑کوبرای فیلیپینی (Philippine cobra)

زۆربەی کوبراکان لە پێڕستی مەرگهێنترین مارەکان دانانرێن بەڵام کوبرای فیلیپینی لەم داب و دەستوورە بەدەر کراوە.
ژەهری کوبرای فیلیپینی کوشندەترین ژەهر لەناو کوبراکانی دیکەیە و ئەتوانێت ژەهری خۆی تا ۳ میتر بهاوێژێت.
ژەهری کوبرای فیلیپینی لە جۆری «نۆرۆتۆکسین»ە (Neurotoxins ) و ئەتوانێت چالاکیی سیپەلاک و دڵ بشێوێنێت و تەنیا لە ۳۰ چرکە ژەهراویبوونی کۆئەندامی دەماری و لەکارکەوتنی کۆئەندامی «هەناسەکێشان»ی لێ دەکەوێتەوە.
گەستراوی بە ماری کوبرای فیلیپینی تەنیا کەمێک هۆکاری ئازاری شانەکان دەبێت بەڵام «نۆرۆتۆکسین»ی ناو ژەهرەکەی دەبێتە هۆی تێکچوویی له ناردنی سیگناڵەکانی دەمارەکان.
ئاسەواری گەستراوی بە ماری کوبرای فیلیپینی بریتییە لە:
سەرئێشە، سەرگێژە، ڕشانەوە، زگ‌ئێشە، هێڵنج (دڵ تێکچوون)، سەرپێیی «ئیسهال»، لەهۆش چوون و خەیاڵات.

🌑 ماری بەبری( Tiger Snake)

«ماری بەبری» کە لە ئۆسترالیا ئەدۆزرێتەوە، ژەهری «نۆرۆتۆکسینی»ی زۆر بەهێزی هەیە کە ئەتوانێت لەماوەی ۳۰ خولەک مەرگهێن بێت بەڵام بەشێوەی باو، نێوانی ۶ تا ۲۴ کاتژمێر دوای گەستراوی و دەرماننەکردنی کاریگەر و مەرگهێن دەبێت.
نرخی مردەموو لەپێش دروستکردنی ژەهربڕ نێوانی سەدا ۶۰ تا سەدا ۷۰ (۶۰% تا 70%) بووە.
ئاسەواری گەستراوی بە ماری بەبری بریتییە لە:
ژان لە بەشی قاچ (پێ) یان مل، چووزیانەوە، سڕی، ئارەق ڕێژانی توند و لەدوای ئەوەش کێشە لە هەناسەکێشان و لە دەست و پێ کەوتن.
ماری بەبری لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە بە مرۆڤ دەردەچێت بەڵام لەکاتی لەداوکەوتن، ئاکاری زۆر هێرشکارانەیە.

🌑 مامبای ڕەش (Black Mamba)

کرژترین مارێک کە لە وشکانی دەژیت و لە شوێنەکانی جۆراوجۆری قاڕڕەی ئەفریقا ئەدۆزرێتەوە «مامبای ڕەشە»ە. ئەم مارە مەترسیدارە دەتوانێت بە خیڕاییی ۲۰ کیلۆمیتر لە کاتژمێر بخزێت و تا ۱۲ جار بە دوای یەکدا قوربانیی خۆی بگەزێت.
تەنیا یەک چزەی ماری مامبای ڕەش دەتوانێت ۱۰ تا ۲۵ مرۆڤ بخاتە مەترسیی مەرگەوە. ژەهری ئەم مارە لە جۆری «نۆرۆتۆکسین»ە و بەخێڕایی ئاسەواری خۆی نیشان ئەدات. هەر چزەی مامبای ڕەش بەشێوەی ناوەڕاست نێوانی ۱۰۰ تا ۱۲۰ میلی‌گرەم ژەهر لە جەستەی قوربانی ئەوەشێنێت، بەڵام هێندێک جار ئەم ئەندازە بە ۴۰۰ «میلی گرەم»یش دەگات. لە سەدا پەنجا بابەت (50%) ئەگەر ژەهری ئەم مارە بە دەمار و خوێن بگات تەنیا ۲۵ لەسەر سەد (۲۵/.) «میلی گرەم»ی مرۆڤ دەکوژێت.
نیشانەکانی گەستراوی بە ماری مامبای ڕەش بەڕیز بریتییە لە:
_ ژان لە جێگای پێوەدانی
_ هەستی سووتاوی لە دەم و سەر قامکەکانی دەست و پێ
_ خێلی
_ بیناییی تونێلی
_ گێژیی توند
_ تا
_ لیکاوی زۆر و کەف لە دەوری دەم و لووت
_ لەرزە و بێهێزی لە کونتڕۆڵی ماسولکەکان
ئەگەر بەخێڕایی فریای نەکەون، قوربانی تووشی (زگ‌ئێشە، هێڵنج، ڕشانەوە، ڕەنگ پەڕیوی، شۆک، ژەهراویبوونی خانەکانی گورچیلە، ژەهراویبوونی کۆئەندامی هەناسەکێشان و لە دەست و پێ کەوتن) دەبێت و لە کۆتاییدا خەیاڵات، لەکارکەوتنی کۆئەندامی هەناسەکێشان، بێهۆشی و مەرگ بەدوای دێت.
بەبێ ژەهربڕ ڕێژەی مەرگهێنبوونی گەستراوی بە ماری مامبای ڕەش نزیکەی سەدا «سەد»ە (۱۰۰%). بەپێی ناوەڕۆکی گەستراوی بە مامبای ڕەش، مەرگ نێوانی ۱۵ خولەک تا ۳ کاتژمێر ڕوو ئەدات.

🌑  ماری تایپان (Taipan)

ماری تایپان مارێکی زۆر ژەهراویی «ئۆسترالیایی»یە. ژەهری ئەم مارە دەبێتە هۆکاری مەیینی خوێن و بەستراوی تەواوی دەمارەکان و بەتوندی کۆئەندامی دەماری دەشێوێنێت.
لەپێش بەرهەمهێنانی ژەهربڕ هەر کەسێک بە ماری تایپان ئەگەسترا لە مەرگ ڕزگار نەدەبوو و کەمتر لە ساتێک لە ناوی دەبرد.
تەنانەت بە وەشاندنی خێڕا و سەرکەوتووانەی «ژەهربڕ»یش، قوربانی هەتا ماوەیەکی زۆر لە بەشی چاودێریی تایبەت (ئای.سی.یو) دەخەوت.
ماری تایپان له باری ئاکار و ڕەفتار و شێوەی ژیانی، زۆر لە ماری مامبای ڕەش دەچێت.

🌑ماری بریقەداری شین (Blue Krait) یان ماری مالایی (Malayan)

وێنە: ویکیپیدیا

مەرگهێنترین مار لە ناو مارەکانی بریقەداری «هیندی»یە.
ئەم مارە کە لە ئاسیای باشووری ڕۆژھەڵات و «ئەندۆنێزی» ئەدۆزرێتەوە لە سەتا پەنجا بابەت (۵۰%)، قوربانیی خۆی دەخاتە مەترسیی مەرگەوە، تەنانەت ئەگەر «ژەهربڕ»یش لە کاتی خۆی لێی درابێت. ماری بریقەداری شین، مارەکانی «دیکە»ش لە داو دەخات و دەیانکوژێت. تەنانەت لە خواردنی مارەکانی هاوچەشنی خۆشی خۆپارێزی ناکات. ئەم مارە «شەوگەڕ»ە و لە تاریکی، زۆر هێرشکارانە و توندوتیژ ڕەفتار ئەکات. سەرەڕای ئەمانەش زۆر شەرمن و «گۆشەگیر»ە و لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مرۆڤ، هەوڵ ئەدات خۆی بشارێتەوە. ژەهری ئەم مارە لە جۆری «نۆرۆتۆکسین» و ۱۶ جار بەهێزتر لە ژەهری ماری «کوبرا»یە. ژەهری ماری بریقەدار بەخێڕایی دەبێتە هۆی ڕاوەستانی ماسوولکەکان، ڕەقبوون، لەرزە و لە کۆتاییدا لە دەست و پێ کەوتن.
لەپێش بەرهەمهێنانی ژەهربڕ، ڕێژەی مردەمووی سەرهەڵدراوە لە ماری بریقەداری شین سەتا هەشتا و پێنج (۸۵%) بووە و مەرگ نێوانی ۶ تا ۱۲ کاتژمێر دوای گەستراوی ڕووی ئەدا. تەنانەت ئەگەر لە کاتی خۆیدا ، قوربانی بە نەخۆشخانە بگەیەنن، وێچوونی مەرگی مێشکی لەبەر نەگەیشتنی ئۆکسجین بە مێشک زۆرە.

🌑 ماری قاوەییی ڕۆژهەڵاتی (Eastern Brown Snake)

وێنە: ویکیپیدیا

مەهێڵن ناوی ساکاری ئەم مارە بتانخەڵەتێنێت چونکە تەنیا سەتا چەند میلی گرەم لە ژەهری ئەو دەتوانێت مرۆڤێکی باڵغ لەناو بەرێت.
«ماری قاوەییی ڕۆژهەڵاتی» وەکوو زۆربەی مارەکانی ژەهراویی جیهان لە ئۆسترالیا دەژیت. ژەهری ئەم مارە هەڵگری «نۆرۆتۆکسین» و مەییوکەری خوێنە. ئەم مارە تەنیا بە جووڵان دژ دەکاتەوە و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە بە ماری قاوەییی ڕۆژهەڵاتی باشترین بەربژار وەستان و «نەجووڵان»ە.

🌑 ماری مەترسیدار (ماری ئینلەند تایپان) (Inland Taipan)

وێنە: ویکیپیدیا

ژەهراویترین مار لەنێو ئەو مارانەی کە لە وشکی دەژین، ماری «ئینلەند تایپان»ە. تەنیا ۱۱۰ میلی‌گڕەم لە ژەهری ئەم مارە، ۱۰۰ مرۆڤ یان ۲۵۰۰۰۰ «مشک» دەکوژێت. بەختەوەرانە ئەم مارە بەهەڵکەوت ئاکاری هێرشکارانەی هەیە و هێشتا ڕاپۆڕتی مەرگ بههۆی گەستراوی بە «ماری ئینلەند تایپان» نەدراوە. بەڵام ژەهری ئەم مارە کەمتر لە ۴۵ خولەک دەتوانێت مرۆڤێکی باڵغ لەناو بەرێت.

🌑 ماری دەریاییی بێڵچێڕ (Belcher’s Sea Snake)

ژەهراویترین مارێک کە تا ئێستا دۆزراوەتەوە، ماری دەریاییی «بێڵچێڕ»ە.
چەند میلی گڕەم لە ژەهری ئەم مارە بۆ کوشتنی ۱۰۰۰ مرۆڤ بەسە، بەڵام تەنیا کەمتر لە یەک لەسەر چواری (۱/۴) چزەی ئەم مارە، ژەهراوییە. «ماری بێڵچێر» زۆر ئارامە.
زۆرتر ماسیگرەکان بە چزەی ئەم مارە دەبنە قوربانی. «ماری دەریایی بێڵچێڕ» لە تەواوی ئاوەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا و باکووری ئۆسترالیا ئەدۆزرێتەوە.

✅ بەشی دووهەم:

یارمەتییە سەرەتایییەکان لە کاتی گەستراوی بە ماری ژەهراوی

مارەکانی ژەهراوی بە دوو گرووپی گەورە دابەش دەبن:
۱_ گرووپی مارەکانی مەرجانی، کوبرا و …
۲_ گرووپی «حەفی»یەکان، وەکوو: حەفی، ماری زەنگۆڵەدار و …
🌑خاڵی گرینگ: پێویستە کە هەر جۆرە مارپێوەداوییەک، ژەهراوی لێکدەنەوە جگە لەوەی کە پێچەوانەی بسەلمێندرێت.
بەم هۆیە دەبێ «بەرکەوتوو» بەخێڕایی بە بنکەی دەرمانی بگەیەنن.
هەروا کە دەزانن تەواوی مارەکان، ژەهراوی و مەترسیدار نین .مارەکانی «ژەهراوی»یش بەپێی میزانی ژەهراویبوونیان لە یەک جیاوازن.

چەند نموونە لە جیاوازیی مارەکانی ژەهراوی و بێژەهر بریتییە لە:

۱_ گلێنەی چاوی مارەکانی ژەهراوی بە فۆڕمی هێلکەیی (خەتی)یە، وەکوو گلێنەی چاوی پشیلە. بەڵام گلێنەی چاوی مارەکانی بێژەهر «خڕ»ە.
🌑 خاڵ: ماری مەرجانی کە یەکێک لە مەترسیدارترین مارەکانی «ژەهراوی»ە گلێنەی خڕی هەیە.
۲_ سەری مارەکانی ژەهراوی «سێ‌کونج»ە بەڵام سەری مارەکانی بێژەهر «نیوەهێلکەیی»یە و جەستەی مارەکانی بێژەهر وەکوو کرمی خاکییە.
🌑 خاڵ: سەری ماری مەرجانی سێ‌کونج نییە بەڵام لە پێڕستی مارەکانی «ژەهراوی»یە.
۳_ ماری ژەهراوی بۆ گەستن، دوو دیانی چزەی بەکار دەهێنێت و جێی چزەی بە ۱ یان ۲ کون (یان برین) دیار دەبێت بەڵام مارەکانی بێژەهر دیانەکانیان «زۆرتر»ە و لە دوو ڕیزی «چەماوە»یە.
۴_ ئەڵقەی کلکی مارەکانی ژەهراوی تاقانەیە بەڵام لە مارەکانی بێژەهر بەشێوازی یەک ڕیزی دوودانەیی لە پەنای یەکتر ئەدیترێ.
۵_ لە ژێر چاوی مارەکانی ژەهراوی کونێکی چکۆلە هەیە کە لە مارەکانی بێژەهر وا نییە.
۶_ درێژیی مارەکانی ژەهراوی کەمە بەڵام ماری بێژەهر درێژترە.

بە بوونی ئەم جیاوازیانە، وەرناسینی چزەی ژەهراوی و بێژەهر بە خێڕایی و ئاسانی شیاو نییە.

🌑 نیشانەکانی گەستراوی بە چزەی مار

_ دیتنی مار
_ دیتنی برین لە جێی چزە
_ باکردنی جێی چزە
_ سووربوون و بلۆق‌کردنی پێست
_ هێڵنج، ڕشانەوە، سەرگێژە، بێهێزی
_ کەمبوونەوەی زەختی خوێن
_ تا، لەرز، ئارەق ڕێژان
_ سڕی سەر قامکەکان و دەوری دەم و لێو
_ خوێنڕێژی لە لووت
_ دیتنی خوێن لە میز یان پیسایی
_ کرژبوونی هەناسە یان هەناسەبڕکێ
_ زیادبوونی لێدانی دڵ
_ کێشە لە بینایی

🌑 یارمەتییەکانی سەرەتایی

لە سەرەتا، «بەرکەوتوو» لە شوێنی ڕووداو دوور بخەنەوه.
زۆربەی گەستراوی لە بەشی دەست و پێیە. لەم ڕووەوە ڕاسپێر دەبێت (سەبارەت بە مارەکانی کە ژەهرەکەیان هۆکاری شێوانی کۆئەندامی دەمارەکان دەبێت) کە بە پارچە، تەناف، بەند یان هەر شتێک کە لەبەر دەستتانە، بان و خواری جێی چزە ببەستن (بەستن دەبێ جۆرێک بێت کە قامکێک بەئاسانی لە ژێری بەندەکەی بچێت).
🌑 خاڵ: ئەگەر گەستراوی لە نزیکەی جومگە بێ، تەنیا لە بانی جێی چزە (بەشێک کە بە لاشەی مرۆڤ نزیکە) بیبەستن.
بەشی کۆتاییی برین، خوارتر یان هاوتەرازی دڵ دانێن.
زیڕوزەمبەر، سەعات و جلوبەرگی تەنگ لە بەشی گەستراوی دەرهێنن.
بەکارهێنانی دەزگای ترۆمپای مژۆک لە ۳۰ خولەکی سەرەتاییی گەستراوی ڕاسپێر دەکرێت. لە ۵ تا ۱۰ خولەکی سەرەتاییی گەستراوی دەتوانن سەتا بیست و پێنج (۲۵٪) تا سەتا پەنجا (۵۰٪)ی «ژەهر» لە جەستەی قوربانی دەربهێنن.
ئاستی برینەکەی بە گیراوەی ئانتی‌سێپتیک (Antiseptic) یان «سابوون» بشۆرنەوە.
لە جێی گەستراوی، بە هەمان ئەنازە کە چزەی مار تێی چەقاوە (نزیکەی ۴ میلی‌میتر) بڕشتی خەتی لێدەن.
🌑 خاڵ: هەرگیز لە جێی چزە بڕشتی خاچشکڵ لێ مەدەن چونکە مەترسیی بڕینی دەمارەکانی «خوێن»ی تێدایە.
جێی بڕشت بۆ ماوەی ۲۰ خولەک بمژن و تەڕاوی برینەکەی کە بە مژین دێتە ناو دەمتان زووزوو لە دەمتان بیخەنە دەرێ بەڵام ئەگەر کەمێکیشتان قووت دا جێی نیگەرانی نییە چونکە ژەهر لە ناو مەعیدە ناکاریگەرە.
مەهێڵن بەرکەوتوو بە ڕێدا بڕوات و بەخێڕایی بیگەیەنن بە بنکەی دەرمانی.
🌑 خاڵی گرینگ: بەکارهێنانی کۆمپرێسی سارد لە گەستراوی بە چزەی مار قەدەغەیە.
🌑 خاڵی گرینگ: ژەهری هەندێک لە مارەکان وەکوو ماری کوبرا و ماری مەرجانی لەسەر کۆئەندامی دەماری کاریگەرە و بە ئیفلیجکردنی ماسوولکەکانی هەناسەکێشان هۆکاری هەناسەبڕان و مەرگ دەبێت و بەم هۆیە ئەنجامدانی یارمەتییەکانی سەرەتایی بەتایبەت هەناسەدانی دەستکرد بۆ ڕزگارکردنی بەرکەوتوو لە مەرگ زۆر کاریگەرە.

قسەی کۆتایی

چونکە مارگەستن لە هەر ناوچەیەک بە مارەکانی هەمان ناوچە ڕوو ئەدات، پێویستە بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بە مارەکانی ناوچەی خۆتان و بۆ ئەنجامدانی یارمەتییەکانی سەرەتاییی باشتر لەگەڵ کاربەدەستانی پێوەندیدار وەکوو ڕێکخراوەکانی تەندرووستی، ڕێکخراوی بەیتاری، ڕێکخراوی گیاجاڕ و مێشەڤانی پێوەندی بگرن.

سەرچاوە: وەرگێڕدراوە لە ماڵپەڕەکانی

  • rooziato.com
  • goums.ac.ir

دەنگ بدەن بەم نووسراوە:

زۆر ناخۆشناخۆشمامناوەندخۆشزۆر خۆش
Loading…

فاتمە حسێینی

وەختێک کە بە کوردی ئەنووسم هەست ئەکەم تازە لەدایک بووم.

ئەم پۆستە خاوەنی 4 بۆچوونە

    1. فاتمە حسێینی

      سپاسی بێ کۆتایی بۆسەرنجتان

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن (بڵاوکردنەوە دوای پێداچوونەوەیە!):