نووسەران، بیرمەندان، شاعیران،… 

سومەییە ڕەمەزانی 

🔴 شرۆڤە: 

لەم پۆستەدا شومارێکی زۆر بچووک لە زەریای شاعیران و نووسەرانی بەناوبانگی کورد دیاری کراوە و نووسراون. دیارە زۆر زیاتر لەوانە دەتوانین نێویان بێنین و باس لە بەرهەمەکانیان بکەین بەڵام تەنیا مەبەست لە ناساندنی هێندێک لەم گەورەپیاوانە بوو .
هێندێک لەم نووسەر و شاعیرانە دیارە زیاتر بەرهەمیان بڵاو بۆتەوە کە لێرەدا مەبەست ناسانی چەند بەرهەمی بەناوبانگ بووە.

شێرکۆ بێکەس

وێنە: isna

✏️شێرکۆ بێکەس بە یەکێک لە شاعیرە نوێخوازەکانی ھاوچەرخی کورد دادەنرێت و خاوەنی چەندین نامیلکە و دیوانی شێعرییە و زۆرێک لە شێعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیھانی وەرگێڕدراون. شێعرەکانی شێرکۆ زۆرجار باسی لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی ئاو و خاک کردووە.

🔴 بەرهەمەکانی شێرکۆ بێکەس :

ئێستا کچێک نیشتمانمە، سەرجەم کورتە شێعرەکان، کوێ بەرهەمەکان لە شەش بەرگدا، نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش، شێعری هاوچەرخی کوردی، هه‌ڵبه‌ست، که‌ژاوەی گریان، کاوەی ئاسنگه‌ر، من تینوێتیم به گڕ ئه‌شک، ئاسک، کازیوه، دوو سروودی کێوی، پیره‌مێرد و زه‌ریا، رووبار، که‌شکۆڵی پێشمه‌رگه، داستانی هه‌ڵۆی سوور، ئاوێنه بچکۆله‌کان، ته‌متوومان، ده‌ربه‌ندی په‌پووله، ئافات، مێرگی زام، مێرگی هه‌تاو، خاچ و مار و رۆژژمێری شاعیر، بۆننامه، چراکانی سه‌ر هه‌ڵه، نسێ، ژنێک و دوو پیاو، ژن و باران، ره‌نگدان، ئه‌زموون، له چلە چلچرایه‌کدا، پیاوێ له دارسێو، خۆم؛ ئه‌و وه‌ختهٔ باڵنده‌م، پاییزه میوان، کوکوختیه بزێوه‌که، گۆڕستانی چراکان، ئێوه به خۆشه‌ویستیم ئه‌سپێرن، سرووده به‌ردینه‌کان، کورسی، له گوڵه‌وه هه‌تا سووتوو، حه‌فتا په‌نجه‌رەی گهڕۆک، کتێبی ملوانکه، تۆ ئه‌توانی به قومێ ماچ بمخه‌یته‌وه، ههڵقوڵین، زێ و زنه، ته‌ون، هه‌ست و نه‌ست، ئه‌سپێک له پهڕەی گوڵاڵه، خێراکه مردن خه‌ریکه بگات

کورتە شێعرێک لە بەرهەمەکانی مامۆستا شێرکۆ بێکەس:

ئەو دەمەی نیشتمان هێشتا جوان بوو
ئەو بەردەی لەسەر ئازادی کانیاوێ
دەستی چەپی خۆی دانابوو، ئەم جارە کە هاتەوە
بە دەستی ڕاستی دزی لە گۆمەکان ئەکرد…
ئەو دارگوێزە جەنگاوەرەی لەناو دەربەندێکی تەنگدا
شوێن مردن کەوتوو ملی گرت، کێ نەیبینی
کە وەختێک گەڕایەوە لە بەردەم بانکەکاندا
بە هەزار پەل خۆی بائەدا و سەمای ئەکرد! ئەو
پڵنگەی یەکەم ڕۆژ خۆی کرد بە ناو مەرگە
سوورەکەی ئیرەدا، لە کراسێکی خەتخەتیی ڕەش و سپی
بەری خۆی و لە جووتێ پێڵاوی لاستیک بەولاوەتر
هیچی نەبوو، ئەوا ئەمڕۆیش پێڵاوی لاستیک
زێڕینە و ئەوا ئێستایش ڕووبار ئەکڕێ و
شاخ ئەفرۆشێ و ئەیەوێ دەریاچە قووتدا و
تەماعی کردووەتە مانگ و داوا ئەکا بۆی دابەزێ!

“ئێستا کچێک نیشتمانمە”

فەتاح ئەمیری 

وێنە: هاژە

✏️”فەتاح ئەمیری” ڕۆمان‌نووسی ناوداری کورد ساڵی 1325ی هەتاوی لە ئاواییی “مەنیچێر”ی سەر بە شاری بۆکان لەدایک بووە. تا ئێستا چوار ڕۆمانی بە ناوەکانی: هاوارەبەرە، میرزا، زیندەخەو، گێژەڵووکە هەیە و هەروەها زۆر بابەت و نامیلکەی کورتیشی نووسیوە.

🔴بەرهەمەکانی فەتاح ئەمیری:

ھاوارەبەرە، میرزا، زیندەخە، بەرھەمی خەم و خەیاڵ، گێژەڵووکە

ڕەفیق حیلمی

وێنە: rijaldb.com

✏️ یەکێک لە ڕامیار و مێژوونووس و شاعیرانی کوردە.

🔴بەرهەمی ڕەفیق حیلمی:

شێعر و ئەدەبیاتی کوردی

بەختیار عەلی

وێنە: هاژە

✏️پێنووسی سیحراویی بەختیار عەلی دەدوێ لە ژیان، لە ئەوین، لە مێژوو و نیشتمان.

🔴بەرهەمەکانی بەختیار عەلی:

وەریاس و لاشەکان، گوتاری مانەوە، دواهەمین هەناری دونیا، ئێوارەی پەروانە، کەشتی فریشتەکان، ئیمانی و جەنگاوەرانی،هەورەکانی دانیاڵ، لە دیارە بۆ ناریار، غەزەڵنووس و باخەکانی خەیاڵ

من لە بەردەم خەزێنەی
سروشتدا نەمردووم،
لەم گەردوونەدا
بەشێکم هەیە…

(لە ڕۆمانی: دواهەمین هەناری دونیا)

خالید حیسامی (هێدی)

وێنە: هاژە

🔴 بەرهەمی خالیدی حیسامی (هێدی):

کاروانی خەیاڵ

ناسره‌ون هه‌ست و خه‌یاڵ، ئه‌ی خۆزگه‌ من دێوانه‌ بام!
خۆزگه‌ ده‌ست و پێم له‌ناو زنجیری بایه‌ و، وا نه‌بام!

خۆزگه‌ بۆ ئه‌و پێنج و دوو ڕۆژه‌ی ژیانی خۆم، منیش
هه‌ر وه‌کوو ”هێدی“ مه‌لی تۆفانی بێهێلانه‌ بام!

محەممەدئەمین شێخولئیسلامی موکری (هێمن)

وێنە: sedayeboukan.ir

🔴بەرهەمەکانی مامۆستا هێمن (محەممەد ئەمین شێخ ئیسلامی موکری):

تاریک و ڕوون، پاشەڕۆک، ناڵەی جودایی، ئەفسانه کوردییەکان، چەپکێک گوڵ و چەپکێک نێرگز، قەڵای دمدم، هەواری خاڵی

✏️نابینم خاک و وڵات و شاری خۆم
نابینم ناسیاو و دۆست و یاری خۆم!

ڕوو لە هەر لایەک دەکەم نامۆیە بۆم
نابینم جێژوان و کەونەلانی خۆم

شەو دەکێشم شەونخوونی و بێخەوی
رۆژ دەچێژم دەرد و داخی بێئەوی!

چۆن نەناڵێ ئەو دڵەی پڕهەستی من؟!
چۆن لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من؟!

چۆن نەناڵێ ئەو دڵە تەنگاوتەیە؟!
بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی هەیە!

ژانی ناسۆری جوداییم چێشتووە
هەرچی خۆشم ویستووە جێم هێشتووە!

هەڵبڕاوم من لە یاری نازەنین
دەرکراوم من لە خاکی دڵنشین

بوومە ئاوارە و پەڕیوەی دووروڵات
کەوتمە نێو وردەداوی ڕێی نەجات

کوردەواری ئەی وڵاتە جوانەکەم!
ڕۆڵەکەم! خێزانەکەم! باوانەکەم!

ئەی ئەوانەی قەت بیرم ناچنەوە!
ئێستە بمبینن، ئەرێ دەمناسنەوە؟!

عەلائەددین سەجادی

وێنە: وەژینبوکس

✏️ ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی بڕوانینە بەرهەمەکانی، دەبینین زۆربەی‌ زۆریان دەربارەی‌ ئەدەبی کوردین و هەندێکیشیان لە خانەی‌ کەلەپوور و فۆلکلۆردا دادەنرێن. لە هەموو بەرهەمەکانیدا ئەمانەتی زانستیی‌ پاراستووه و هەموو سەرچاوەیەکی دیاری‌ کردووه و لە نووسیندا شێوەیەکی نوێی گرتووەتەبەر و لە هەندێ بابەتی نووسیندا بە داهێنەر دەدرێتە ئەژمار.

🔴بەرهەمەکانی مامۆستا عەلائەددین سەجادی:

ئەدەبی کوردی و لێکۆڵینەوە لە ئەدەبی کوردی، ڕشتەی مرواری، ناوی کوردی، گەشتێک لە کوردستاندا، هەمیشەبەهار، کوردەواری، شۆڕشەکانی کورد

کاروان عومەر کاکەسوور

وێنە: کوردیپێدیا

🔴بەرهەمەکانی کاروان عومەر کاکەسوور:

ڕاگەردان «پاشکۆی بەرهەمەکانم»

مەسعوود موحەممەد

وێنە: manumedia.org

✏️مامۆستا “مەسعوود محەممەد” جگە لەوەی بیرمەندێکی گەورەی کورد بوو، ڕووناکبیرێکی مەزنی کوردستانیش بوو. شێوازێکی تایبەتی ھەبوو لە نووسینەکانیدا کە لەگەڵ بەرنامەی لێکۆڵینەوەی زانستیدا نەدەگونجا وەک ئەوەی ئەوەندە گوێی بە پۆلینکردنی بابەتی نووسینەکانی نەدەدا، ناونیشانی سەرەکی و سەردێڕی لاوەکی بەسەر یەکەوە پێشکەش دەکرد و باکی نەبوو گەر پتر لە سەد لاپەڕە لە نووسینەکانی لەژێر یەک ناونیشان یاخود بێ ناونیشان بخاتە بەردەم خوێنەری بابەتەکانی.

🔴بەرهەمەکانی مامۆستا مەسعوود محەممەد:

چەپکێک لە گوڵزاری نالی، حاجی قادری کۆیی، حەمەغای گەورە، گەشتی ژیانم

ئیبراهیم ئەحمەد

وێنە: وەژینبوکس

“ئیبراھیم ئەحمەد” ھەر لە سەرەتای ژیانییەوە دەستی داوەتە کاری نووسین و ڕۆژنامەوانی، ھەر بۆیە لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا، لە ڕۆژنامەی ژیان کاری کردووە و نۆبەری نووسینەکانی لەوێ بڵاوکردووەتەوە. “ژانی گەل” یەکێک لە گرینگترین بەرھەمەکانی ژیانی نووسەرایەتیی “ئیبراھیم ئەحمەد” بووە.

🔴بەرهەمەکانی ئیبراهیم ئەحمەد:

ژانی گەل، کوێرەوەری، دوا تیری کەوان

حەمە حەمەئەمین قادر (کاکەی فەلاح)

وێنە: کوردیپێدیا

🔴بەرهەمی دانراوی حەمە حەمەئەمین قادر (کاکەی فەلاح):

کاروانی شێعری نوێی کوردی

مەلا مستەفا ڕەشیدی

🔴بەرهەمی مەلا مستەفا ڕەشیدی:

گەشتی گوڵزاران (کورتەمێژووی شوێنەوار و ژیاننامەی زانایان و شاعیران و عارفانی موکریان)

سوارە ئیلخانیزادە

وێنە: ویکیپێدیا

بەرهەمەکانی سوارە ئیلخانیزادە:

شەنگەسوار، خەوبەردینە، زەمزەمەی زوڵاڵ

✏️له هەر شوێنێ ڕاماوه، داماوه، کاری تەواوه
ئەزانێ ئەبێ هەر بژێ و باژوێ، تا بژی، تا بمێنێ
هەناوی به هەنگاوه، نەسرەوتنه، کوولەکەی ڕووحی ئاوه…

مەلا غەفووری دەباغی (حافزی مەهابادی)

وێنە: کوردیپێدیا

ئەم بلیمەتە، دوو بەرهەمی هەیە بە ناوەکانی «دیاریی مەهاباد» کە بەشی زۆری پەندی پێشینیانە و «دیوانی مەلا غەفووری دەبباغی» کە سەرجەم شێعرەکانییەتی.

🔴بەرهەمەکانی مەلا غەفووری دەبباغی (حافزی مەهابادی):

دیاریی مەهاباد، دیوانی مەلا غەفووری دەبباغی


✏️چاوم نییە، زۆر موستەحەقی خێر و زەکاتم
ماچێ بدە بەم کوێرە بەسەزمانە، پەری گیان

عەتا نەهایی

وێنە: kurdishbookhouse.com


🔴بەرهەمەکانی عەتا نەهایی:

زریکە، گوڵی شۆڕان، تەنگانە، ئەو باڵنده بریندارەکە منم، گرەوی بەختی هەڵاڵە

✏️ساڵانێک بوو که هیچ کەس لێره باسی عەشق و عاشقیی نەکردبوو، ڕەنگه چونکه عەشق هەستی ئەو خەڵکانەیه که زیندوون…
«ئەو باڵنده بریندارەکه منم»

ئەحمەد هەردی

وێنە: کوردیپێدیا

🔴بەرهەمی ئەحمەد هەردی:

دەفتەری شێعری ڕازی تەنیایی

✏️درەختی ڕەنجی چەندساڵەم کەمی مابوو چرۆ دەرکا
کەمی مابوو بەری باخم ژیانم پڕ لە سێبەر کا
بە ئەو ئاواتە من ئەژیام لە کونجی دووروڵاتێکا
لەپڕ مردن تەلاری ژینمی ڕووخان لە ساتێکا

عەبدوڕڕەحمان شەڕەفکەندی (هەژار)

🔴بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار (عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی):

هەنبانە بۆرینە، چێشتی مجێور، ئاڵەکۆک، بۆ کوردستان

✏️دەمبینی کە خەمبار و کز و داماوم
وا بیر مەکەوە لە مەرگ و کەس ترساوم
مردن کە لە ڕێمە، هەر دەبێ، ناترسم
ژاکاوی ئەوەم بە ئارەزوو نەژیاوم

شێرزاد حەسەن

وێنە: کوردیپێدیا

✏️زیاتر لە بیست کتێبی وەرگێڕانی لە بواری شێعر، چیرۆک، ڕۆمان، شانۆگەری، دەروونناسی، ھونەر، ڕاگەیاندن، کۆمەڵناسی و سیاسەت ھەیە کە لە ئینگلیزییەوە کراون بە کوردی.

🔴بەرهەمەکانی شێرزاد حەسەن:

دارشەقەکانی نیشتمان و دواهەمین ورتەورتی من، حەسار و سەگەکانی باوکم، ژنێک بە سەر منارەوە، تەمی سەر خەرندە، باڵەکانی فریشتە، قەڵەڕەش و زەنگەکان

عەبدوڵڵا پەشێو

وێنە: mehr

🔴بەرهەمەکانی عەبدوڵڵا پەشێو:

فرمێسک و زام، بتی شکاو، دیوانی براکوژی، بەرەو زەردپەڕ، سەوڵم پۆڵا و کەناریش دوور


کێڵگە دەسترێ بۆ باران
چیا بۆ هەڵۆ
ڕووبار و چەم بۆ نەوەستان
خۆر بۆ ئاسۆ
ئاگرپەرست بۆ ئاتەشگە
با بۆ چرۆ
ئەستێرە و مانگ بۆ سپێدە
منیش بۆ تۆ کوردستانم
منیش بۆ تۆ..

مارف ئاغایی

✏️کتێبی شێعر و چیرۆکەکانی که پاش مەرگی بڵاو بۆوە و لەلایەن ڕەخنەگر و شارەزیانی شێعری ھاوچەرخی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کارێکی گرینگ و جۆرێک شێعری جیاواز لە قەڵەم دراوە و چەندین لێکۆڵینەوەی لەبارەوە نووسراوە.

🔴بەرهەمی مارف ئاغایی:

زەوی سەخت و ئاسمان دوور

دیوانی شاعیران

۱.دیوانی بێخود: مەلا مەحموودی موفتی (بێخود)

✏️سەیری تۆی گەر پێ نەکەم، کوێر بم ئەگەر چاوم بوێ
وەسفی تۆی گەر پێ نەکەم، لاڵ بم، زمانم بۆ چییه؟

۲.دیوانی قانع: محەممەد کابۆلی (قانع)

✏️چەکی شۆڕشگێڕیی من نووسین و بیر و باوەڕه
ڕاپـەڕیـنه، هـەڵـمـەته، پـڕ نـەعـرەتەی کـوردانەیه
گـەر به ئـازادی نـەژیـم، مـردن خـەڵاته بۆ لەشـم
نـۆکـەری و سـەردانـەواندن کــاری نـامـەردانەیه

۳.دیوانی بێکەس: فایەق بێکەس

✏️نێر و مێ هەردوو به جووته بۆ وەتەون هەوڵێ نەدەن
دووره دەرچوونی له دیلی، مەل به باڵێ نافڕێ

۴.دیوانی کوردی: مستەفا بەگی کوردی

✏️دڵم نایە بەجێت بێڵم، بڕۆم بۆخۆم بە دنیادا
سەری خۆم هەڵگرم وەک شێت بە کێو و دەشت و سەحرادا

۵.دیوانی سالم: عەبدوڕڕەحمان بەگی صاحێبقڕان (سالم)

✏️بۆ منی بێسەروپا غەیری وەفا پیشە نەما
بۆ دڵی «تۆ» سەنەما، جوز ستەم ئەندیشە نەما

۶.دیوانی شاهۆ: ساغ کردنەوەی “محەممەدئەمین کاردۆخی”

ناوەرۆکی شێعرەکانی: دڵداری، ئایینی، نیشتمانی.

۷.دیوانی حەمدی: ساغ کردنەوەی “عەبدوڵڵا خدر مەولوود”

✏️شەوی بێ تۆ بەقەد ساڵێکه، ساڵێکه شەوه بێ تۆ
وەکوو ڕۆژێ له مەغریب بێته دەر، بێ ببمه قوربانت

۸.دیوانی بێبەش: عەلی بێبەش

۹.دیوانی ناری:ساغ کردنەوەی “کاکەی فەلاح”

✏️من خەیاڵم وەسڵ و تۆ فیکرت فیراق
من بە تۆ موشتاق و تۆ بێ‌ئیشتیاق
چاوەکەم تا کەی لەگەڵ مەزلوومی خۆت
غوسسەپێدان و جەفادان و نیفاق؟

۱۰.دیوانی موختار جاف: ساغ کردنەوەی “عێزەدین مستەفا ڕەسووڵ”

✏️عادەتی ئەم چەرخه وایه، ئەهلی دڵ غەمگین ئەکا
شا هەمیشه ماته، پیادە مەیلی جێی فەرزین ئەکا

۱۱.دیوانی حەریق: ساغ کردنەوەی “محەممەد ئیسماعیل نژاد(ئاران)”

✏️زاهـیـرەن فـەرمـووته لای کـەس ڕازی عیشقی من مەڵێ
نەتـدەزانی دڵ که کـون بوو دەنگی لێ دێ وەک جەڕەس؟

۱۲.دیوانی گۆران (عەبدوڵڵا سولەیمان): ساغ کردنەوەی “محەممەد مەلا کەریم”

✏️پاییز، پاییز
بووکی قژزەرد
من مات، تۆ زیز
هەردوو هاودەرد
من فرمێسکم، تۆ بارانت
من هەناسه، تۆ بای ساردت
من خەم، تۆ هەوری گریانت
دوایی نایه، دادم، دادت…

۱۳.دیوانی موفتی پێنجوێنی: موفتی پێنجوێنی

✏️ڕۆڵە من مردم لەژێر باری گرانی زوڵمەوە
ئێستە موشتاقی تەنافێکم کە بێتە ملمەوە
ئاگری قەهر و زەلالەت چۆتە جەرگ و دڵمەوە
بێ کفن داخڵ بە خاکم کەن بە خۆم و جلمەوە

۱۴.دیوانی نالی: ساغ کردنەوەی “مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس”

✏️هەموو ڕۆژێ لەتاو هیجرانی ئەمساڵ
تــەمـەننای مـردنـی پـێــرارە بـێ تۆ

دەنگ بدەن بەم نووسراوە:

زۆر ناخۆشناخۆشمامناوەندخۆشزۆر خۆش
Loading…

سومەییە ڕەمەزانی

من پێشەنگم. هەوڵ و تێکۆشانی من، فێربوون و فێرکاریی ڕێنووسی کوردییە.

ئەم پۆستە خاوەنی 11 بۆچوونە

  1. سابیر کەمەرخانی

    وشەێک نادۆزیمەوە بۆ پێناسە کردنی ئەم پۆستە..تەنیا دەتوانم بڵێم بژین و بمێنن بۆ وڵات.

    1. فاتمە حسێینی

      بە ڕاستی بوونی کەسانی وەکوو ئێوەی ئازیز مایەی شانازی و سەربەرزی بۆ وڵات. مانوو نەبی خاتوونی بەڕێز

  2. نەناسراو

    سڵاو و ڕێز خۆشکی به توانا ئاواتی سه ر کە وتنت بۆ ده خوازم

  3. نەناسراو

    سڵاو دەست خۆشیتان لێ دەکەم
    چۆنە بەرهەمەکانی مامۆستا عەلی حەسنیانی (هاوار)
    لە سایتەکەتان دا نیە

    1. سڵاو و ڕێز سپاس بۆ سەرنجتان. لە شرۆڤەدا باس کرا ،مەبەست تەنیا ناساندنی چەند شاعیر و نووسەری کورد بوو.هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانین زیاتر باسیان لێبکەین و بەرهەمەکانیان بناسێنین.

  4. نه جا ت

    دەستان خۆش بێت بەڵام بۆ هیچ بەرهەمێکی کاردۆخی شاعیر نابینم ؟

    1. سپاس و پێزانینم هەیە بۆ سەرنجتان بەڵام تەنیا ناساندنی چەن شاعیر و نووسەر و بەرهەمەکانیان بووە. هیوادارم لە داھاتوودا بتوانین نووسەران و بەرهەمەکانیان، زیاتر بناسێنین.بژین

  5. کرماشانی

    دەستخۆشی و قەیرزایەیکی یەکجار زۆرێکی لێتان دەکەم. بەڵام پرسیارێکە بۆم، کوا نووسەرانی ژنمان؟ کوا نووسەران و ھەڵبەستبێژانی کرمانج، گۆران، کەڵھوڕ، لەک و زازا؟ ئەم بەڕێزانە کە ھەرکامێکیان ئاڵای زمان و چاند و شۆناسی کوردیان ھەڵکردووە، ھەموو خەڵکی ناوچەیەکی بچۆک لە وڵاتی مەزنی ئێمەن. کوردستان وڵاتێکی گەورەیە و لە پانتاییی وڵاتەکەمان چەندین شێوەزار و بنزاراوە دائاخێڤیندێت کە ھەموویان شاعیر و نووسەری خۆیانی ھەیەتی و کەسایەتیی ناسراو و زەحمەتکێشەکانی خۆیانی ھەیەتی. ڕۆشان لەزگین، حەلیم یووسف، محەممەد ئوزون، جگەرخوێن، سەعیب عیبادەتیان، ئاکۆ جەلیلیان، شێخمۆس داغتەکین، لەکەمیر و … تەنیا تاوانیان ئەوەیە کە بە شێوەزارە شیرینەکەی سۆرانی نەیاننووسیوە. کوردستان گوڵستانێکە کە بە ھەموو گوڵێکی جوان و ڕازاوەیە، خۆمان لەم ڕازاوەیی و جوانییە بێبەش نەکەین.

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن (بڵاوکردنەوە دوای پێداچوونەوەیە!):