شێعر:

تۆ نەبووی، مانگەشەوێ چوومەوە بەو کووچەیەدا

هەموو گیانم بووە چاو و لەوێ بۆ تۆ دەگەڕا

لە حەز و تاسە وەها پڕ بوو دڵم، لێی دەڕژا

سەری هەڵدایەوە ئەو عیشقە کە جاران لە کەژ و کێوی دەدا

لە هەموو چۆڵی دەروونم گوڵی یادت دەڕوا

دەمی سەد بیرەوەری پێ دەکەنی، عەتری سەد بیرەوەری بوو، دەگەڕا

هاتە بیرم کە شەوێ پێکەوە لەو کووچەیە بووین

بە پەڕوباڵی ئەوین کوێیە کە دڵگر بوو دەچووین

لەسەر ئەو جوگەیە ساتێ بەوچان دانیشتین

تۆ! هەموو ڕازی جیهان مەیبوو لەنێو چاوی ڕەشت

من توابوومەوە بەو تینی نیگای گەرم و گەشت

شین و ساماڵ بوو شەو و هێمن و مەند و ئارام

بەختی گەش پێ دەکەنی و دەوری زەمان، ئەسپی ڕام

مانگەشەو هێندە نەوی، هێشووە گزینگی لە دەراو هەڵدێنا

دار هەموو دەستی لقوپۆپی بەرەو مانگی تەواو هەڵدێنا

شەو و کۆڵان و گۆڵ و دەشت و پەرێز

هەموو گوێی دابووە ئاوازی مەلی شەوئاوێز

دێتە بیرم کە وتت: «واز لە ئەوینم بێنە

وەرە بڕوانە لە ئاو، تۆ لە خوڕەی ڕامێنە

وەکوو عیشق تێدەپەڕێ، سەیری کە ئەم ئاوێنە

گەر بە عیشقی منە ئەمڕۆ دڵی تۆ دێتە سوێ

چی دەزانی کە سبەی چی دەوێ؟ دەتباتە کوێ؟

تا فەرامۆشی بکەی تۆ کە گرفتاری منی

بڕۆ! لەم شارە مەمێنە، بڕۆ جێگایەکی دی»

من وتم: «کوانێ دەتوانم لە ئەوینت لادەم؟

چۆن بڕۆم؟ خۆ لە نەهاتیی سەفەری وا نادەم

ڕۆژی ئەوەڵ کە دڵم باڵوپەڕی گرت بە هەوات

وەکوو کۆتر دەفڕی، دەنگی شەقەی باڵی دەهات

هاتە گوێسوانەی تۆ، ئیدی نەڕۆی، نیشتەوە لات

نەڕەوی لێت، نەفڕی ئەو بە هەموو بەردی جەفات

ئەوەتا! ئاسکی دڵم کەوتە هەواری ڕاوت

دەرودەشتان دەگەڕێ تا بکەوێتە داوت

ئەوە داوا مەکە لێم، خۆ لە ئەوینت لادەم

پێم لەگەڵ نایە بڕۆم، قەت سەفەری وا ناکەم»

لە لقی دارەکەوە قەترەیێ ئەسرین باری

مەلی شەو ناڵەیەکی کرد لە دڵی زاماری

تەڕ ببو چاوەکەت و دیم کە نمی تێ زابوو

مانگەشەو پێ دەکەنی، هێندە سەری سوڕمابوو

دێتە بیرم کە خەمۆش بووی و چ دەنگت نەدەهات

دڵی من مایەوە بۆ حەسرەت و بۆ دەرد و بەڵات

دڵ ئەو کۆتری جاران بوو کە هەڵنەفڕی لەلات

بە غەم و ناڵە بەسەرچو شەوەکە و 

بەخەفەت زۆری تریش هاتەوە شەوگاری وا

نەبوو جارێ کە بپرسی لە دڵێ لێت ڕەنجا

نەبوو جارێ بەگوزەر بێیەوە بەو ژوانگەیەدا

من بەڵام چۆن؟ بە چ حاڵێکی؟

بەتەنێ! چوومەوە بەو کووچەیەدا

شاعیر: فەرەیدوون موشیری

وەرگێڕان بۆ کوردی: ناسر حیسامی

خوێندنەوە: مێهرداد تەجەددود

مۆسیقا: سامڕەند فەقێ زادە

تۆمار: ستۆدیۆ وەفایی

داگرتن (دانلود):

بۆ داگرتن دە پێشدا «دریافت لینک دانلود» و دواتر «دانلود فایل» هەڵبژێرن.

دەنگدان:

زۆر ناخۆشناخۆشمامناوەندخۆشزۆر خۆش
Loading…

ئەم پۆستە خاوەنی 2 بۆچوونە

  1. بژین شێعرێکی زۆر پڕ هەست و ڕازاوە بە وشەی جوان بوو هیوادارم شێعری ئاوا لە لاپەڕە و ماڵپەڕی نووسین بە کوردی زیاتر داندرێ

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن (بڵاوکردنەوە دوای پێداچوونەوەیە!):