کورتەچیرۆکێک بۆ مرۆڤدۆستی و چاکەکاری 

نووسەر: شەرمین ئیبراهیم ئاقا

دەستی لە گیرفانم خستبوو و دەیهێنا و دەیبرد. نازانم پێی وابوو ئاگام لێ نییە یان هەر بە بنیادەمی حیساب نەدەکردم؟!
لەو کاتەدا من لە پارکی ڕووبەڕووی نەخۆشخانە لەسەر مێزەکە خەوم لێکەوتبوو، ئاخر ئەو شوێنە ببوو بە شوێنی خەڵوەتی دڵم.
وەبیر ئەو ڕۆژە هاتمەوە کە ویستم لە بانک دەست دە گیفانی کەسێک ڕۆکەم کە یەک باقەی پووڵ پێ بوو. عیلاجم نەبوو، دایکم پێویستی بە دەرمان بوو و لە نەخۆشخانە بەستەریی بوو، ئاخر ئەسەری کیمیابارانی سەردەشت لە جەستەیدا هەر مابوو.
کە ویستم دەست ببەم بۆ گیفانی کابرا، مەلای نیوەڕۆیە بانگی دا. بەخۆم نەبوو، فرمێسکم هاتە خوار!

“تۆبە خودایە! خەریک بوو لە ڕێگای حەرام عیلاجی دەردی دایکم بکەم”. کابرا کە لێم تێگەیشتبوو بە بێدەنگی بەدوومدا هاتبوو، منیش بێئاگا لە هاتنی!

لە ڕێگا ساڵۆنێکی جوانکاریم دیت، بیروکەیەک هاتە مێشکم…
دەستێکم بە کەزیەی کەژوکاڵم داهێنا و چوومە ژوورێ.
کە هاتمە دەرێ سەرم سووک ببوو، لە بەرانبەردا فرمێسکەکانم چاویان قورس کردبووم، بەڵام فرۆشتنی کەزیەکەم باش بوو بەشی دەرمانی دوو حەوتووی دایکمی دەکرد.

دایکم کەزیەی ئاوریشمیی منی زۆر خۆش دەویست بەڵام من دایکم لە کەزیە یەک میترێکەی خۆم خۆشتر دەویست.

کابرا هات، پێشم ڕاوەستا، لە ترسان قورگم ویشک بوو! بەڵام دوایی دڵخۆشیی خۆمم داوە، کوتم خۆ هیچم نەکرد.
کابرا دوای سڵاو و پرسین لەوەی کە کێم و چکارەم، کوتی:”من لەدووی کەسێکی باشم بۆ دووکانەکەم، ئەگەر بتوانی کارم بۆ بکەی پوڵێکی باشت دەدەمێ.”
لە خەیاڵ هاتمە دەرێ دیتم لە پەنام دانیشتووە خۆم بڕێک هێنا و برد، هەر وەکی قەت دەستی دە گیفانم نەنابێ خۆم لەگێژی دا.
کوتم:”کچم! پێویستم بە کەسێک هەیە کە کارم بۆ بکات لە دووکان. کەست پێ شک دێت؟”
کچەکە چاوی برقی دەدا لە شەوقەوە، کوتی:”بەڵێ! بەڵێ! من بێکارم.” لەو کاتەدا وێنەی دایکم و بابم و ئەو کابرایە کە ببوو بە خەزوورم لە کیف پووڵەکەم دەرهێنا و ماچم کردن و کوتم:”مامە گیان ڕێگات پڕڕێبوار بێ!”

دەنگ بدەن بەم نووسراوە:

زۆر ناخۆشناخۆشمامناوەندخۆشزۆر خۆش
Loading…

شەرمین ئیبراهیم ئاقا

هیوام بە خودایە.

ئەم پۆستە خاوەنی 4 بۆچوونە

  1. فاتمە حسێینی

    بەڕاستی چیرۆکێکی زۆر جوان بوو. بژی و بەردەوام بی

    1. نەناسراو

      زۆر سپاسی سەرنجت خاتوو حسێینی

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن (بڵاوکردنەوە دوای پێداچوونەوەیە!):