پێڕست: 

پێشەکی:

باڵندە جۆربەجۆر و ڕەنگامەکان ڕازێنەری ئاسمانن. کورد هەموو کات سەرنجی داوە بەم گیانلەبەرە فرەجۆرانە لە وڵات و زێدەکەی و ناوی تایبەت بە هەر جۆرێکی بۆ هەڵبژاردوون. بە بەرەوپێشچوونی زانست و تەکنەلۆژی لە چەرخی ئێستادا، ناسینەوە و پۆلێنکردنی گیانلەبەران وەکوو پێویستییەکی زانستیی ڕۆژ، خۆ دەنوێنێت. کەسانێکی زۆر هەن کە لەم بوارەدا لە تێکۆشاندان و هەوڵ دەدەن تاکی کوردیش وکوو هەموو خەڵکانی تر لە زانستی ڕۆژ بێبەهرە نەبن. ئەم کەسانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو هەلێک کە کوردزمانێکی زۆر بەردەنگیانن، کەڵکیان وەرگرتووە و بە سازدانی کەناڵ و گرووپ و ڕێگای تر، خەریکی کاری زانستین لەو بوارەدا و لە بوارەکانی زانستیی دیکەدا. یەکێک لەم کەناڵانەی کە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی «تێلێگرام» دامەزراوە کەناڵی «فەرهەنگی باڵندە»یە کە لەلایەن بەڕێز «کەماڵ ڕەحمانی»یەوە کاری سازکردن و کۆکردنەوەی بۆ کراوە. ئەم کەناڵە بەشێوەی زانستی لەدوای ناساندی جۆرە جیاوازەکانی باڵندەکان، بە وێنەوە و بە یارمەتیی سەرچاوە خۆجێیی و زانستییەکانە و کۆکراوەیەکی بەنرخە.

چەند نموونە لەو باڵندە و پەلەوەرانە:

🔸کوردی: گەرووشینە. مریچڵه‌ که‌وڵێ، مله‌ که‌وێ (هەورامی)
🔹فارسی: گلو آبی
🔹عەرەبی: هزار أزرق الزور، زَرْقَاءُ زَوْرٍ، المسهر
🔹تورکی: گئوی بوغاز
🔹ئینگلیزی: Bluethroat
🔹ناوی زانستی: Luscinia svecica
(کەماڵ ڕەحمانی، فەرهەنگی باڵندە کێوییەکان)

١٤ سانتیمیترە. وەک «کلک سوورە» دەچێ، بەڵام زۆربەی کلکی پان دەکاتەوە و هەڵیدەتەکێنێ. نێرە بەهاران ملی شین دەنوێنی. دوو خەتی ڕەش و قاوەیی ئەو شینایییە لە سینگی جوێ دەکاتەوە. پاییزان ملی شین بەڵەکە. مێیە ملی سپییە و دێغی ڕەشی لە دەوری هەیە. بە باڕی قاوەیی ڕێڕێیە و ئەستووراییی کلکی خەنەیییە. لە مێشەڵان و گیاوگۆڵی ناو زەل و زۆنگ و پەرژینی چڕ دەژی. لەسەر سەوڵ و بی و ناو پنچکی زەلان هێلانە دەکا. زستانان زۆر دەبینرێ (ئەحمەد بەحری، فەرهەنگی باڵندە).

قەشمەرە؛ ئەم دەستەیە بریتین لە: بۆقژەی بنەوشی، بۆقژەی کێوی.

🔸ڕاستەی چۆلەکە شێوەکان
🔹تۆرەمەی ڕەشیشە

🔸کوردی: بۆقژەی بنەوش
🔹فارسی: طرقة بنفش
🔹تورکی: مور تورقا
🔹ئینگلیزی: Blue Rock Thrush
🔹ناوی زانستی: Monticola solitarius

(اطلس پرندگان ایران، جلد نهم)

بۆقژەی بنەوشی:
٢٠ سانتیمیترە. نێرەیان پەڕوباڵی بۆری ئاماڵ شینی توندە و زستانان ڕەش هەڵدەگەڕێ. مێیەیان پشتی قاوەیی مەیلەوشینە، بەرزگی کاڵترە و هەروەها خەتی قاوەیی ئاماڵ بۆری تێدایە. ئەم باڵندەیە بە باڵی شۆڕەوە لە سەر بەردان هەڵدەنیشێ و هەر کە کەسێک لێی نزیک بۆوە، دەردەپەڕێ و بە فڕین دوور دەبێتەوە. بەتەنیا دەژی. لە بیابان، شوێنی بەردەڵان، داوێنی کێوان دەژی. لە کونەبەرد و ڕەوەز و خانوواندا هێلانە ساز دەکا (ئەحمەد بەحری، فەرهەنگی باڵندە).

🔸سەرشینک (هەنبانە بۆرینە)- گۆرەویچنەی شین
🔹فارسی: چرخ ریسک سرآبی
👤 سپاس بۆ مامۆستا «ناسیح حوسێنی»

🔹ئینگلیزی: Eurasian Blue Tit
🔹ناوی زانستی: Cyanistes (Parus) caeruleus
(لیست کامل پرندگان ایران – کمیته ثبت پرن
دگان ایران)

١١ سانتیمیترە. تەنیا گۆرەویچنەیەکە سەر و باڵ و کلکی شینی کاڵە. بەرزگی زەرد و لاجانگی سپییە. خەتی ڕەشی بەپاش مل و چاویدا کشاوە؛ ئەو خەتانە پەیوەستن. پاش ملی قەیتانی سپی تێدایە. پشتی ئاماڵ کەسکە. بە باڕی پشتی قاوەیی ئاماڵ کەسکە و لاجانگی زەردە. کردەوە و شوێنی ژیانی وەک گۆرەویچنەی گەورە دەچێ (ئەحمەد بەحری، فەرهەنگی باڵندە).

🔸کوردی: مینا
🔹فارسی: مینا
🔹عەرەبی: مَايْنَا، مينة إعتيادية، مينة شائعة
🔹تورکی: مینا قوشی
🔹ئینگلیزی: Common Myna
(Indian Myna)
🔹ناوی زانستی: Acridotheres tristis
(کەماڵ ڕەحمانی، فەرهەنگی باڵندە کێوییەکان)

٢٣ سانتیمیترە. سەری ڕەشە و نەختێ کاکۆڵی هەیە. مل و بەرسینگی بۆرە، پەڕ و باڵی قاوەییی شەڕابییە، پشتی پڕڕەنگتر و بەرزگی کاڵترە. شاقەلی سپی واشە ئەستوورایی باڵی خاڵێکی سپی تێدایە. کلکی ڕەشە، سەری کلکی خڕە و دەوریشی سپییە. دندووک و چاو و دەوری چاوی زەردە. زیاتر بەجووت و جارجاریش لە دەستەی بچووکدا دەبینرێ. کردەوەی وەک سێروو دەچێ. لە میچی خانوو، کونی دار و دیواردا هێلانە دەکا (ئەحمەد بەحری، فەرهەنگی باڵندە).

«مینا» لەناو شێعری شاعیرانی کورددا:

مەحوی

وەرنە سەیری سەرخۆشان! ئەو شۆخی «مینا»گەردنە

بوو بە ساقی، دەم بە شەککەر خەندە دێ، «مینا» بە کەف

حاجی قادری کۆیی

لە گۆلەشینێ کە قاز و مراوی دێن و دەچن

نەزیری ماھ و ستارەن لە قولزومی «مینا»

🔸کوردی: تاقتاقکەرە (سۆرانی)- تووتاک (کورمانجی) – بادٚیقوش، باییقوش (هەورامی) – بایەقووش، بادەقوش (کەلهوڕی)
🔹فارسی: مرغ حق.
🔹عەرەبی: بومة الأشجار الأوروبية، ثَبَجٌ أوْرَاسِيٌّ، ثبج أوربي.
🔹تورکی: حاق قوشی.
🔹ن. زانستی: Otus scops
🔹فەرانسەوی: Hibou petit-duc
🔹ئینگلیزی: European Scops Owl 
(کەماڵ ڕەحمانی، فەرهەنگی باڵندە کێوییەکان)

تاقتاقکەرە، تاقڵە؟، تاکتاککەرە، توتاک، توتەک، حەق حەقۆک، هەق هەق کەرە، یاحەق:
١٩ سانتیمیترە. قاوەییی ئاماڵ بۆرە، پەڕوباڵی ڕێڕێیە. لە سەریدا دوو شاخی تووک بەئاستەم سەریان هەڵداوە. شەوانە مێش و مەگەز ڕاو دەکا. لە دارستانەکانی نیزیک دەوروبەری ئاوایییان، باغ و باغچان، کۆنەخانوو و هێلانەی کۆنی باڵندان هێلانە ساز دەکا. هاوینان زۆر هەیە (ئەحمەد بەحری، فەرهەنگی باڵندە).

🔸تاقتاقکەرە: باڵندەیێکە بە شەو ناوناوە دەڵێ (تاق) و شەوبێدارە، هەندێک دەڵێن وەکوو کۆتر وایە. جوورە کوندێکە.
🔸تووتەک (موکریانی): باڵندەیێکی شەویێە هەتا ڕۆژ هەر دەڵێ هم هم (گیو، فەرهەنگی کوردستان).

«تاقتاقکەرە» لەناو شێعری شاعیرانی کورددا:

پیرەمێرد (دیوانی پیرەمێرد)

«تاقتاقکەرە»کەی سەر داری کانی‌

بۆچ ئەناڵێنی ھەتا بەیانی؟

هەژار (وەرگێڕانی مەم و زین)

تۆ دات بە چنار بڵندی باڵا

«تاقتاقکەرە» وا لە دەوری هاڵا

🔸کوردی: حللێر، لەگ لەگی ڕەش، له‌قله‌قی ڕه‌ش (سۆرانی). له‌گله‌گێ ڕه‌ش (کرمانجی)، بزەلەر (کەلهوڕی).
🔹فارسی: لک‌لک سیاه
🔹عەرەبی: لقلق أسود، بلاّرج أسود (بالجزائر والمغرب)، السِمبِر (في السودان)
🔹تورکی: قارالی له
🔹ئینگلیزی: Black Stork
🔹زانستی: Ciconia nigra
(کەماڵ ڕەحمانی، فەرهەنگی باڵندە کێوییەکان)

٩٥ سانتیمێترە. پەڕوباڵی ڕەشە، بەرزگی سپییە، دندووک و لاق و دەورەی چاوی سوورن. زۆرتر تەنیایە و درەنگ ئۆگری ئاوەدانی دەبێ. باڵندەیەکی کۆچەرە. زۆرتر شوێنی پڕ دار و درەخت هەڵدەبژێرێ و لە گەوەڕی گۆل و چەم و زەل و دارستانەکانی ئەو شوێنانە دەبینرێ. زیاتر لەسەر دار هێلانە ساز دەکا. هاوینان زۆرە (ئەحمەد بەحری، فەرهەنگی باڵندە، ل. ١٣٨).

🔸کوردی: بەردەوان، کەڤرهلپەرک (کەڤرهلپەڕک)، تەیرکێ کەڤران، تووکا دمدم(؟)
🔹فارسی: دیوار خزک
🔹عەرەبی: دَابٌّ، متسلق الحيطان
🔹تورکی: داش دا سوزن
🔹ئینگلیزی: Wallcreeper
🔹ناوی زانستی: Tichodroma muraria
(کەماڵ ڕەحمانی، فەرهەنگی باڵندە کێوییەکان)

١٦ سانتیمێترە. باڵی سوورە و شاباڵی ڕەشە. خاڵی سپی‌سپی لەسەر شاباڵی هەیە. پشتی بۆر و کلکی کورت و دندووکی درێژ و خوار و باریکە. مل و سینگی هاوینان ڕەش و زستانان ئاماڵ سپییە. هەڵفڕینەکەی وەک پەپوولە دەچێ. کاتی گەڕان بەشوێن خواردەمەنی لەسەر ڕەوەز یان کۆنە خانووان باڵی فش دەکا و لێکیان دەدا. بە باڕی وەک ڕەنگی زستانی ئەو باڵندەیە دەچێ، بەڵام قاوەیییە و دندووکی ڕاستترە. لە دۆڵ و دەرەی بەردەڵان، ڕەوەز و کۆنە خانووان دەژی، زستانان لە دۆڵی بەردەڵان و داوێنی کێوان ڕای دەبوێرێ (ئەحمەد بەحری، فەرهەنگی باڵندە).

🔸کوردی: باڵەبان (سۆرانی)، باڵەوان (کەلهوڕی)، شاهینێ مامزان (کرمانجی)
🔹فارسی: بالابان، چرغ
🔹عەرەبی: صَقْرٌ حُرٌّ، صقر الغزال
🔹تورکی: اوترگی
🔹ن. زانستی: Falco cherrug
🔹فەرانسەوی: Faucon Sacre
🔹ئینگلیزی: Saker Falcon
(کەماڵ ڕەحمانی، فەرهەنگی باڵندە کێوییەکان)

٤٥ سانتیمیترە. پشتی و باڵی قاوەییی کاڵە. سەر و پاش ملی سپی ڕێڕێی قاوەیییە. خەتی باریکی بە لاملیدا کشاوە. بەرزگی سپییە و تا ڕادەیەک خاڵخاڵ یان ڕێڕێیە. کلکی قاوەییی پڕڕەنگە. بە پاناییدا ڕێڕێی سپییە. خاڵ و میلی سەر و بەرزگی ئەو باڵندەیە بە باڕی زۆرتر و لێک نزیکترە. باڵندەیەکی دڕ و نەترسە و هێرش دەباتە سەر گیانلەبەری گەورەتر لە خۆی. لە دەشتی بەرین و بیابان دەژی. لەسەر داری بڵیند و ناو تاتەبەردان هێلانە ساز دەکا. زستانان زۆر دەبێ (ئەحمەد بەحری، فەرهەنگی باڵندە).

«باڵەبان» لەناو شێعری شاعیرانی کورددا:

سالم (دیوانی سالم)

مەردی مەیدان هاتە جەولان باز لە ڕەنگی تەپڵی باز

«حەیتە» وەک شاهۆیی گێژ و کورد بە میسلی «باڵەبان»

مینە جاف (دیوانی مینە جاف)

قیژەی قوڵنگە چریکەی پۆڕە زیڕەی «باڵەبان»

قەهقەهەی کۆترە سەدای شاهینە سەیرانت هەیە

🔸 کوردی: قاژوو، قاژ- قاڵاوە سیاوێ (هەورامی) – قڕه‌ڕه‌شكا زیانان؛ قه‌له‌غوراڤ؛ قڕه‌ڕه‌شک؛ قه‌له‌ڕه‌شک؛ قه‌له‌غراب/ qiřeřeşka zyanan; qeleẍurav; qiřeřeşk; qeleřeşk; qeleẍrab (کورمانجی)
🔹فارسی: کلاغ سیاه
🔹عەرەبی: غُرَابٌ قَيْظِيٌّ، غراب القيظ (الغداف)
🔹تورکی: قارا قارقا
🔹ناوی زانستی: Corvus frugilegus
🔹ئینگلیزی: Rook
(کەماڵ ڕەحمانی، فەرهەنگی باڵندە کێوییەکان)

٤٥ سانتیمیترە. بەدەنی تەواو ڕەشە. دەموچاوی بێ تووکە. دندووکی ڕەشە، بەڵام ئەستووراییی دندووکی ئاماڵ سپییە. لەکاتی پێڕۆدا تووکی ڕانی قرژ دەبنەوە، بە باڕی دەم و چاوی تووکنە و لەشی ڕەشترە. لەو زەویوزارانەی کە داریان تێدایە دەژی. بەگەل لەسەر دار هێلانە ساز دەکا. زستانان زۆر هەیە (ئەحمەد بەحری، فەرهەنگی باڵندە).

🔸کوردی: قشقەڵە، قەلەباچکە، قەلەبازەڵە، قشقەڕە- کلافەهراو/ kila fehraw (لوڕی)- قرقه‌لانک؛ دوودرێژک؛ قه‌لقیشک؛ قه‌له‌باسک؛ قه‌له‌سپیک؛ قژقه‌ل؛ دووڤدرێژ- قژۆک/ qirqelank; dûdrêjk; qelqîşk; qelebask; qelespîk; qijqel; dûvdirêj. qijok (کورمانجی) – قشقێڕە دەرەدمە، قشقێڕە خرابە (هەورامی)
🔹فارسی: زاغی
🔹عەرەبی: عَقْعَقٌ أَوْرَاسِيٌّ، العقعق
🔹تورکی: قجله (ساغ ساغان)
🔹ناوی زانستی: Pica pica
🔹ئینگلیزی: Eurasian Magpie
(کەماڵ ڕەحمانی، فەرهەنگی باڵندە کێوییەکان)

٤٥ سانتیمیترە، پەڕوباڵی باڵەکە و کلکی درێژ. تووکی شان، تەنیشت و بەرزگی سپییە و شوێنەکانی تری لەشی ڕەشی بریقەداری ئاماڵ شین و کەسک و ئەرغەوانییە. زۆرتر بەگەل دەژی. زستانان لە دەستەی زۆرتردا دەبینرێن. لەنێو زەویوزار، شوێنی ئاواڵە و بەرفرەوانی پەرژیندار دەژی. لەسەر داری بڵیند، پنچکی دڕکاوی، پەرژین و گەوەڕی لێڕواران هێلانە ساز دەکا. زۆر جاران سەری هێلانەکەی بە پووشکە و لکوپۆی باریکی داران دادەپۆشی (ئەحمەد بەحری، فەرهەنگی باڵندە).

دەنگ بدەن بەم پۆستە:
زۆر ناخۆشناخۆشمامناوەندخۆشزۆر خۆش
Loading…

ئەم پۆستە خاوەنی 4 بۆچوونە

  1. نەناسراو

    May I simply say what a comfort to discover somebody who genuinely knows what they are talking about over the internet. You actually understand how to bring a problem to light and make it important. More people ought to check this out and understand this side of the story. I cant believe you arent more popular because you surely possess the gift.

  2. نەناسراو

    سڵاو، زۆر سپاس بۆ بابەتەکەتان، بەڵام زۆرتر دابنن

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن (بڵاوکردنەوە دوای پێداچوونەوەیە!):