بەسەرهاتی ڕاستەقینە یان خەیاڵاویی لێک جیابوونەوەی گورگ و سەگ  

نووسین و خوێندنەوە: عەبدولحەمید نەزیمی

سەبارەت بە ڕابردووی گورگ و سەگ زۆر ئەفسانەی سەیروسەمەرە هەیە. بۆخۆم لە پیاوە بەساڵاچووەکان بیستوومە کوتوویانە سەردەمێک بووە گورگ و سەگ لەگەڵ یەکتر کێشەیان نەبووە و بەیەکەوە ژیانیان کردووە وە لە چیا، دەشت و شاخ و کێوەکانا چونکوو هاوپشتی یەک بوون زۆر قارەمانانە و ئازایانە ژیانیان کردووە و شەڕ و دوژمنی لە نێویاندا نەبووە، بەڵام ئەو ئەفسانەیە وا گێڕدراوەتەوە کە ئینسان بەهۆی ئەوەی لەلایەن گورگ و سەگەوە لە فشاری گەورەدا بووە تەگبیر و بەرنامەیان داڕشت کە یەکیان هەڵفریوێنن و لە یەکیان جیا کەنەوە. هەتاکوو بۆخۆیان لە هێرشی گورگ و سەگ ڕزگاریان بێ و لەگەڵ یەکیشیان بکەنە دوژمن. (…) ئەو بەسەرهاتە هەرچەند ئەفسانەیە بەڵام بڕێکیش لە ڕاستی نێزیکە (…) و دەرسی گەورەی تێدایە بۆمان.

نەزیمی – ١٤٠١ی هەتاوی

ڕۆژێک گورگێکی قاچاخ و لێزان

نەترس و ژیر و وشیار و ڕێزان

گورگێکی وریا و دلێر و ئازا

نەژیابوو هەرگیز لە خۆشی و نازا

کوتی با بێنم مێژوو وەخوێنم

باسی ڕابردووی لێ وەدەست بێنم

هەستا بەپەلە چوو بۆ نزیک شار

وەدەستی هێنا کتێب بەئەژمار

زۆر زوو گەڕاوە بۆ شوێنی جاران

جێگای مانەوە لە دۆڵ و غاران

خێرا دانیشت و کەمێک حەساوە

دەستی دا کتێب لە هەر دوو لاوە

باسی ڕابردووی خستە پێش چاوی

باسی ڕووداوان زۆر بەتەواوی

دیتی نووسراوە ڕۆژێک لە ڕۆژان

لە وڵاتیکی هیچ کەس پێ نەزان

سەگ لەگەڵ گورگ دەستەبرا بوون

بە خزمی نێزیک نێو بردرابوون

لەنێویان نەبوو شەڕ و دوژمنی

ژیانیان ئەکرد گەلێ بەئەمنی

ببوونە گەورەی چۆم و چیا و دەشت

بە هاتوچۆ و بە مانۆڕ و گەشت

هێزێکی گەورە پێک هاتبوو لەوان

کەس نەیدەوێرا خۆ بدا لەوان

دەهاتن و دەچوون لە شار و دێدا

پاڵەوان نەبوو کە خۆیان لێ دا

وەکوو برای باش هاوپشتی یەک بوون

قسەیان یەک بوو بۆ هەرکوێ دەچوون

کەس نەیدەتوانی لێکیان هەڵوێرێ

کێشە و فیتنەیان تێخا و بوێرێ

بەشەر لەترسان سەریان شێوابوو

هەرچی هەیانبوو لێیان خورابوو

بە تاپڕ و تفەنگ نەیاندەتوانی

بگرن هێرشیان بۆ مەڕی شوانی

ناچار کۆ وەبوون بۆ نەخشەکێشان

بۆ سازکردنی پیلان و کێشان

بۆ ئەو کارەیان سەگیان هەڵبژارد

زۆر بەنهێنی هەواڵیان بۆ نارد

کوتیان گەر ئێوە بێن بەرەو لامان

خواردنتان دەبێ ڕۆن و هێلکە و نان

هەرچی داوا کەن بۆتان جۆر دەکەین

نێعمەتی دنیاو بۆ دابین دەکەین

ژینی ناو گورگان بەکارو نایە

پاروو لەکن مە لاناو ڕۆن دایە

سەگ کە هەواڵی وا خۆشی زانی

زوو هەڵفریوا زۆر بەنەزانی

لەپڕ دەستیان کرد بە پرتەوبۆڵە

گوتیان کۆچ دەکەین لەو شاخ و دۆڵە

گورگ کە بیستیان ئەو قسانەی وان

زانیان بوونە نۆکەری ئینسان

گورگێک هاتە پێش ئازا وەکوو شێر

گوتی ئەی سەگی نەزان و بێخێر!

بۆ دەبنە نۆکەر ئینسانی زۆردار

نۆکەری شەرمە بۆ ئێمەی سەردار

ئێوە لای بەشەر قەدرو نامێنێ

قەڵای خۆشبەختیو لێ دەڕووخێنێ

بەڵام ئەو سەگی سپڵەی پێنەزان

گورگی بەجێ هێشت لە شاخ و مەرزان

بە نانەزگی و کولێرەچەورە

پەندی بە خۆی کرد لەو عەسر و دەورە

گورگی برای خۆی جێ هێشت لە شاخی

گورگ بەو کارە شێت بوو لە داخی

بەڵی، لە مێژوو ئاوا نووسرابوو

سەگ لەگەڵ گورگ ڕۆژێک برا بوو

بەڵام لەو کاتەی کە سەگ جودا بوو

گورگ ئەو قینەی هەر لە دڵدا بوو

لە داخان ژینی هەر لە شاخان بوو

دژ بەو نۆکەرەی نەسڵی ئینسان بوو

بەڵێنی داوە لای جنن و دێوان

بەجێ نەهێڵێ ئەشکەوت و کێوان

دەڵێ تا کاتێک کە سەگ نۆکەر بێ

شەڕی مە هەر وا بەردەوام دەبێ

بەڵام کە دیمان سەگ پەشیمانە

ئاش دەبینەوە، بەڵێنیمانە

ئەوە بوو باسی گورگان و سەگان

هەتاکوو ئەوڕۆ هەر وا لە جەنگدان

١٣٧٣/١٢/٢٦ی هەتاوی – عەبدەلحەمید نەزیمی

لە ژێرەوە دەتوانن فایلی دەنگیی گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە بە دەنگی مامۆستا نەزیمی داگرن (دانلۆد بکەن):

داگرتن (دانلۆد):

بۆ داگرتن دە پێشدا «دریافت لینک دانلود» و دواتر «دانلود فایل» هەڵبژێرن.

دەنگ بدەن بەم پۆستە:

زۆر ناخۆشناخۆشمامناوەندخۆشزۆر خۆش
Loading…

ئەم پۆستە خاوەنی 3 بۆچوونە

  1. کوێستان

    مامۆستا زۆر تایبەت بوو دەست خۆش

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن (بڵاوکردنەوە دوای پێداچوونەوەیە!):