بەیتی «لاس و خەزاڵ»

ئەم بەیتە بەڕاستی شاکارێکی ئەدەبیی بەرز و کەموێنەیە. زۆر شتمان لە ڕیوشوێنی کۆنی نەتەوایەتیمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. دە پێشدا بەیت‌بێژ بەقسە باسی گۆڕان و لەدایکبوون و پێگەیشتنی لاس، قارەمانی چیرۆکەکامان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەوجار  شێعر دەست پێ دەکا. شێعرەکانی هەتا حەز بکەی لەتیف و جوان و پڕمانان، میسرەعەکانی زۆر زۆر درێژن. بەڵام وشە ڕەسەن و جوانەکانی وا هەڵبژێردراون و لەتەنیشت یەک دانراون کە کێشەکە دەپارێزن.

جارجار نیوەشێعرەکان کورت دەبنەوە. شێعرەکانی جاری وایە زۆر لەسەر قافییەیەک دەڕۆن و جاری وایە کەم. کورتی ببڕمەوە، باری ئەدەبیی بەیتی لاس و خەزاڵ بە بڕوای من زۆر باشە. بێگومان ئەو بەیتە زۆر کۆنە، لە مەم و زینیش کۆنتر دێتە پێش چاو.

«لاس» دارێکی سەخت و چڕ و دڕکاوییە. دیارە ئینسانی کورد پێش ئەوەی کۆخێکی بۆ خۆی دروست بکا، هەر لەو وەختەوە کە لە ئەشکەوت و زەندۆڵ و لێڕەواردا ژیاوە ئەو دارەی ناسیوە و ناوی لێ ناوە. چونکە دارەکە سەخت و دڕکاوی بووە دیارە کوڕیان بە ناوەوە کردووە. ئەو ناوە کۆنە لە چیرۆکەکەدا هەەر ماوەتەوە. ئەگەر ناوەکانی تر گۆڕاون، ئەگەر شتی تازەی هاتووەتە نێو، ڕیشەی چیرۆکەکە هەر کۆن دیارە.

بە لێکدانەوەی من ئەو بەیتە لە زەمان «مێ‌وەجاغی» یانی لەو سەردەمەدا کە دەسەڵاتی خێزان بەدەست دایکەوە بووە گوتراوە. وێنەی ئەم چیرۆکە لە ئەدەب و مێژووی خۆمان و دەوروپشتماندا نابینین. کۆنترین کتێبی شێعر و مێژووی فارسی «شانامە» دەڵێ کاتێک «ساسانی»یەکان پیاویان لێ بڕا و نێرەوەزێکی شازادە و ڕەسەن نەما لە تەخت دانیشێ، دوو کچی «خوسرەو پەرویز»، «ئازەرمیدۆخت» و «پووران‌دوخت» یەک بە دوو یەکدا چوونە سەر تەختی پادشایەتی، بەڵام هەردووک زۆر کەمیان خۆ ڕاگرت. «فیردەوسی» زۆر بەپەرۆشەوە دەڵێ:

«شکوهی نماند در آن خاندان

که بانگ خروس آید از ماکیان»

یانی:

مەزنایەتی لە خێزانێکدا نامێنێ

کە مریشک وەک کەڵەشێر بخوێنێ

«فیردەوسی» پتر لە هەزار ساڵ لەوەی پێش مەزنایەتیی ژنی بە چارەڕەشی و لێقەومانی گەل و بنەماڵەی پادشایەتی زانیوە کەچی تەماشا دەکەین لەو بەیتەدا دوو ژن، مەزن و سەرۆکی عەشیرەت و عێلی خۆیانن و دام‌ودەزگای مەزنایەتییان هەیە و لە هەموو خۆشتر لەسەر لاوێک نێوان ناخۆشییان لەنێو پەیدا بووە. تەواو بەپێچەوانەی مێژووی تۆمارکراومان، کە زۆر جار بیستوومانە دوو مەزنی پیاو لەسەر کیژێک دوتمنایەتییان بووە و بەگژ یەکدا چوون.

هەر شتێک ڕیشەیەکی نەبێ لکوپۆپی لێ نابێتەوە. ئەم بەیتەش دەبێ ڕیشەیەکی هەبووبێ، ڕۆژگارێک لە ناوچەیەکی ئەو کوردستانە دوو ژن سەرداو و مەزن بوون. جا گرنگ نییە ئەو ناوچە کوێیە و ئەو ژنانە «خانزادی حەریری» و «یای خەزاڵی مەلا نەبیان»ن یا دوو ژنی دیکەن.

«خەزاڵ» مەزن و هەمکارەی خێڵی ماموودینانە. «مەلا نەبی»ی باوکیشی ماوە و کەچی «خەزاڵ» هەر وا بۆخۆی پێ ڕادەگا. بە ئاشکرایی لەگەڵ «لاس» دڵداری دەکا.

بیر بکەنەوە، لەو زەمانەدا کە کورد «مەلا نەبی» لێ پەیدا بووە و قەننەداری گرتووە، ڕێوشوێنی نەتەوایەتی و بیر و بڕوای مەزەبیی دەسەڵات و ئیختیاری وای داوە بە ژن؟ دڵداری لاس و خەزاڵ وەک دڵداریی «مەم و زین» نییە؛

  • خەزاڵ وەک زین کچۆڵەیەکی بێدەسەڵات و بێئەزموون نییە.
  • خەزاڵ ژنێکە کە تەنانەت لاسیشی هێناوەتە ژێر فەرمانی خۆی.
  • «خانزاد»یش ئەگەرچی «لاس» بێوەفاییی دەگەڵ کردووە و بەجێی هێشتووە، یا باشتر بڵێم خەزاڵ «لاس»ی لێ داگیر کردووە، دیسان هەر مەزن و دەسەڵاتداری عێل و عەشیرەتی خۆیەتی.

باری دڵداری بەیتی «لاس و خەزاڵ» زۆر شیرین و جوان و تەواوە. باری حەماسیشی گەلێک بەهێزە. پیاو کە دەیخێنێتەوە، شێعرەکانی شانامەی فیردەوسی وەبیر دێتەوە کە «ڕۆستەم»ی پاڵەوان لە مەیدانی شەڕێدا بە خۆی هەڵدەڵێ:

(چو فردا برآید بلند آفتاب

من و گرز و میدان افراسیاب

چنانش بکوبم بگرز گران

که پولاد کوبند آهنگران)

«لاس»یش دەڵێ:

«شەڕی کاوڕان نییە شەڕی بەرانە

ژنانوو دەکەمە ئێخسیر، جێ ماڵوو دەکەمە سەبزی‌خانە»

ئەوەی لەو بەیتەدا دڵی خوێنەر یا گوێگر دەسووتێنێ و پیاو خەمناک دەکا، بێوەفایی «لاس»ە دەگەڵ «خانزاد» کە هیچ وەک کردەوەی پاڵەوانانی بەناوبانگ ناچێ. ئەو لاوە ئازا و زەبربەدەستە وا گیرۆدەی «خەزاڵ» بووە پاش وەی «خەزاڵ» ئیجازەی دەدا بچێ سەری عەشیرەتی خۆیان بدا، هەزار سوێندی بۆ دەخوا کە لەبزی دەلەبزی «خانزاد» نەگەڕێ. «لاس» دەچێتەوە بەرەو هەواری خۆیان، «خانزاد» پێ دەزانێ، تەدارەکی بۆ دەگرێ، خێر و خێرات دەکا، تەنانەت سوپاسی «خەزاڵ»یش دەکا لە «لاس»ی بۆ ئیزن داوە و دەڵێ:

«خەبەری یای خەزاڵم بۆ بێنن دەگەڵم وەکوو خوشکانە،

لاسی ناردۆتەوە ئێرەکانە،

پێڵاوی لەسەر چاوانە.»

بەڵام «لاس» ناپیاوی دەکا و سەری لێ نادا و ئەحواڵی ناپرسێ و زوو دەگەڕێتەوە بۆ هۆبەی «خەزاڵ» و کە دەگاتەوە وەک ترسەنۆکێک دەڵێ:

«یای خەزاڵ بە سەی تۆ لەبزم دەلەبزی خانزاد خانێ نەگەڕاوە.»

«خانزاد»ی دڵشکاویش تووکی لێ دەکا و دەڵێ:

«یا ڕەببی لاسەشۆڕ هەڕۆ بڕۆ سەر نەیەیەوە دواوە،

بزانە دەگەڵ ئەو عێل و مەخلووقەی چم لێ قەوماوە،

هەزار و حەوسەد ماڵی باڵەکییان بەسەر ئەمندا بەجێ ماوە.»

«لاس» دەگەڕێتەوە و «خەزاڵ» کە وەڵامی «لاس»دا کە دەڵێ:

«پێم نەکراوە هیچ دیارییەکەت بۆ بێنم» دەڵێ:

«هیچم ناوێ لاسەشۆڕ وەکازی دەستانم،

ئەمن خانەخوێم، ئەتوو ببە میوانم»

بێ ئەوەی بیر لە حاڵی «خانزاد» بکەنەوە خەریکی کەیف و نەهەنگی خۆیان دەبن:

«لاس لەوێ دەبێ هەتتا سبحەینانێ،

ئەوێ شەوێ خۆش ڕادەبرێ دەگەڵ گوزەرانێ.»

خۆشگوزەرانی زۆر دەوام ناکا. «خەزاڵ»ی هەوەسباز و جوانیپەرەست «لاس»ی پاڵەوانی ئازا و زەبربەدەست، بەڵام ئاڵی و  بێدەسەڵات، دەنێرێتە چل‌پلەی عومانێ گوڵی شۆڕانێی بۆ بێنێ و دەڵێ:

«چ بکەم ئەوەش دەبێتە خەم، ئەمن بابان‌وێرانێ،

پێیان کوتم گوڵی شۆڕانێ هەن لە چل‌پلەی عومانێ،

چرا و لالەت ناوێ سەربەخۆ دایسێ هەتتا سبحەیانێ»

«لاس» دەڵێ:

«یای خەزاڵ بزانە چۆن کارانت بۆ پێک دێنم،

یان سەری خۆم دادەنێم یا گوڵی شۆڕانێت بۆ دێنم»

«لاس» بەدوای هەواوهەوەسی «خەزاڵ»دا دەڕوا بۆ چل‌پلەی عومانێ. ئەو سەفەرە کورت و پڕمەترسییە ئەو حەوت‌خوانی ڕۆستەممان وەبیر دێنێتەوە. ڕاستە گوڵی شۆڕان بۆ «خەزاڵ» دێنێ، بەڵام سەری خۆشی دادەنێ وەبەر تیری چڵکنان دێ و بریندار دەبێ. «خانزاد» بە برینداری نایەتە سەر، دەگەڵ ئەوەشدا «خەزاڵ» لەدوای دەنێرێ، بەڵام کە دەمرێ دێ و وێڕای «خەزاڵ» شینی بۆ دەگێڕێ. ئەم تیری چڵکنانە من دەباتەوە نێر قووڵاییی مێژوو، گەڕانەوەی دە هەزار سوارەی یۆنانی و «گەزەنفۆن»م وەبیر دێنێتەوە کە دەڵێ: «کوردەکان بۆسەیان بۆ دادەناینەوە و تیرەکانیان لەنەکاو گورچووی دەبڕین.»

سەرنج:

نووسراوەی سەرەوە لەلایەن مامۆستا «هێمن»ی موکریانی لە کتێبی (تحفه مظفریه)ی «ئۆسکارمان»دا، وەکوو شیکردنەوە و پێشەکییەک نووسراوە. دەقی ئەم بەیتە (لاس و خەزاڵ) و هەروەها بەیتی تری کۆنی کوردی لەم کتێبەدا بەردەستن.

سەرچاوە:

ئۆسکارمان (١٩٠٥). (تحفه مظفریه). پێشەکی و ساخکردنەوە و هێنانە سەر ڕێنووسی کوردی، مامۆستا هێمن. بڵاوگەی (سیدیان).

دەنگ بدەن بەم نووسراوە:

زۆر ناخۆشناخۆشمامناوەندخۆشزۆر خۆش
Loading…

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن (بڵاوکردنەوە دوای پێداچوونەوەیە!):