کۆکراوەی ناو و شرۆڤەی چەندین نەخۆشی بە زمانی کوردی و… 

سومەییە ڕەمەزانی 

لەو نووسراوەیەدا کە باس لە ناوی نەخۆشییەکان لەنێو زمانی کوردیدا دەکرێ، دەوڵەمەندی و پتەوییی زمانی کوردی دەتوانین ببینین و کەڵکیان لێ وەرگرین.
جێگای ئاماژەیە هەر یەک لەو نەخۆشییانە چەندیان ناوی دیکەیان هەیە کە بەپێی ناوچە و زاراوە، جیاوازییان ھەیە.
کاتێک بمانهەوێ پارێزەری زمانی کوردی بین دەبێ لەو وشەگەلانە کەڵک وەرگرین و لە پێگە و جێگەی خۆی دایاننێین و بەکاریان بھێنین.

۱. نەخۆشیی گیرۆ، ئاهۆ: نەخۆشییەک کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەخش و بڵاو دەبێتەوە.
۲. شێرپەنجە، قرژاڵە، پەنجەشێر: گەورەبوون و گەشانەوە و زۆربوونی نەگونجاوی خانەکانی جەستە.
۳. جەڵتە (مەرگی لەپڕ و ناکاو): بەستران یا گیرانی دەمارە گرینگەکانی جەستە.

۴. جەڵتەی دڵ، دڵ وەستان: هاتوچۆ و ڕەوانبوونی خوێن لە بەشێک لە دڵ کەم دەکا یا تەواو ڕادەوەستێ و هۆکاری زیان پێگەیاندنی ماسوولکەی دڵ دەبێ.

۵. جەڵتەی مێشک: کێشە و تێکچوونی گەیشتنی خوێن بە بەشێک لە مێشک.
۶. باداری، ژانی جومگەکان: ژانی درێژخایەن و یەک لەدوای یەکی جومگەکانی دەست و لاق و… بە هۆی نەخۆشیی چڵکی.
۷. سوورێژە، سووریجە، سوورک: نەخۆشییەکی زۆر ئاستەمی ویرووسییە کە بە یاو، زیپکە، ئاوەچۆڕە سەر هەڵدەدا و لە منداڵاندا زۆر گیرۆیە.
۸. هەڵامەت، چیامانی، باپەڕ: ئەم نەخۆشییە لە سەرماوە دێت. نەخۆشیی گیرۆ کە پەیوەندی بە کۆئەندامی هەناسەکێشان هەیە کە زیاتر کاریگەریی لەسەر دەم و لووت هەیە.
۹. مێکوت، مێکوتە، مێرکوت: زیاتر نەخۆشییەکی منداڵانە کە لە ڕێگای چڵکەوە و لەسەر پێست، زیبکە دەردەکات.
۱۰. چاو قووڵکە، کۆلێرا، دروشە: پەتایەکی توند و تەشەنەسێنە کە دەبێتە هۆی ڕشانەوەی زۆر و زکچوون و ئێشی ماسوولکەکان.
۱۱. نۆبەتێکردن، تاکردن: پلەی گەرمای لەش و گەیشتن بە سەرووتر لە ڕادەی سرووشتی.
۱۲.  ئازارەباریکە، دەردەباریکە، نەخۆشیی دیق: ڕاگواستنی باکتێریا لەلایەن کۆئەندامی هەناسەکێشان بە نەخۆش و بە سیپەلاک هێرش دەکات.
۱۳. نەخۆشیی چڵکی، کێم و چڵککردن:  نەخۆشییەک کە بە هۆی میکڕۆبێکی تایبەتەوە سەر هەڵدەدا و بەشێوەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر تەشەنە دەکات.
۱۴. نەخۆشیی زگماکی: نەخۆشییەک کە منداڵ هەر لە کاتی لەدایک بوونی لێی دیار دەکات و لە زگی دایکی تووشی دەبێ.
۱۵. دەردی کاری، دەردی گران: تایبەتمەندیی نەخۆشییەک کە بە سەختی دەرمان بکرێ.
۱۶. نەخۆشیی جووتبوون: نەخۆشییەک کە لە ئاکامی جووتبوون تووشی مرۆڤ دەبێ.
۱۷. شەکرە، دیابت، نەخۆشیی قەند: جەستەی ئەو کەسە کە تووش بووە ناتوانێ قەندی خوێن بەکار بهێنێ یان خانە وەرگرەکان ناتوانن قەندی خوێن بەکار بهێنن.
۱۸. گیرۆدەیی، خووگرتن، هۆگربوون: بەستراوەییی جەستەیی و دەروونی بە بەکارھێنانی ماددەیەکی زیاتر هۆشبەر، کە هۆکارێکی زۆر ساز دەکات.
۱۹. سەراسێ، شەقەسەر، ژانەلاسەر: ئازاری توندی لایەکی سەر کە نەخۆش توانای کاری ساکاری نییە.
۲۰. فەرامۆشی، بیرچوونەوە: هێدیهێدی بیرگە و زەینی مرۆڤ لەناو دەبا و تەنانەت ناتوانێ کاری ساکاریش بکات.
۲۱. نەخۆشیی گورچیلە: کێشە و گرفتێک کە گورچیلەکان پێیان دەگات و ناتوانێ بە ڕێکوپێکی کار بکەن.
۲۲. هەناسەبڕکێ، بەسەختی هەناسەدان: کاتێک کە هەوای تەواو و گونجاو بە سیپەلاک ناگات و دەبێتە هۆی بەسەختی هەناسەدان.
۲۳. دڵەڕاوکێ، دڵەکوتە، فشاری دەروونی: کاردانەوەی جەستە بە گۆڕانکارییەک کە لەسەر هەست و دەروون کاریگەری دەکات.
۲۴. کۆخە، کۆخک: جۆرێک دژکردەوەی بەرگریکارانەی لەش لەبەرامبەر چوونەناوەوەی شتێکی نامۆ بۆ ناو سییەکان.
۲۵. قەبزی، زکگیری، زک کارنەکردن: کێشە و گرفت بۆ دەردانی پیسایی یان نەهاتنە دەری ماددەی زیادی لە ڕیخۆڵە.
۲۶. تێمیسک، تامیسک: نەخۆشییەک کە زیاتر بە هۆی تا و ڕاچڵەکینەوە سەرهەڵدەدا و دەوری لێو هەڵدەپشکوێ.
۲۷. نەخۆشیی میراتی: نەخۆشییەک کە کەسەکە لە دایک و باب یان ئەژدادییەوە دەیگرێتەوە.
۲۸. نەخۆشیی دەروونی: نەخۆشییەک کە کاریگەریی لەسەر بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت دەکا و دەبێتە هۆکار بۆ ناڕەحەتی و بێهێزبوونی دەروون.
۲۹. نزڵە، نوزڵە: سەرمابوونی بەتەوژم کە هازەهاز لە سینگەوە دێت و ئاو لە لووت دەڕژێت و زیاتر ئێسکەکان ژان دەکەن.
۳۰. بەلەسە، بەلەفیشکە: هەست بە پێویستی دەردانی میز، زیاتر لەڕادەبەدەر و بێ ئەوەی بتوانین ڕایگرین.
۳۱. کۆخەڕەشە، قۆخەڕەشە: نەخۆشیی چڵکی دەزگای هەناسە لە کۆخینی توند و بەردەوامیی بە دواوەیە و زیاتر لە منداڵاندا باوە.
۳۲. بامرنێ، ئافە‌تە، تاعوون: نه‌خۆشییه‌کی چڵکیی کرتێنه‌رانه‌ که‌ له‌ ڕێگه‌ی کێچه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوێزرێته‌وه‌ و ده‌سپێکه‌که‌ی بە تا و له‌رزه‌وه‌یه‌ و سه‌رێشه‌، ڕشانه‌وه‌، زگچوون و تێکچوونی ده‌روونی به‌ دواوه‌یه‌ و هه‌ندێ جاریش ده‌بێته‌ هۆی مه‌رگ.

۳۳. مێخەکە‌، بزمارە‌، بزمارۆک، بسمارە‌، نیخچک، کە‌نگرۆک، کە‌نگرۆشک: ڕە‌قایییه‌ک که‌ له‌ناو پێ یان ده‌ست ده‌رده‌چێ.
۳۴. مالاڕیا، مه‌لاڕیا، نۆبە‌تێ‌: پەتایه‌که‌ به‌ هۆی مێشوولە‌ی “ئانۆفێل”ـه‌وه‌ بۆ مرۆڤ راده‌گوێزرێ و تا و لە‌رزه‌ی ناوه‌ناوه‌ی به‌ دواوه‌یه‌. مالاڕیا له‌ بنه‌ڕه‌تڕا له‌ دوو وشه‌ی‌ ئیتالی‌ پێكهاتوه:”‌ Mal”؛ واته‌ خراپ یان پیس و ” Aria”؛ واته‌ هه‌وا، كه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ مانای‌ “هه‌وای‌ پیس” ده‌ده‌ن.

🔴 شرۆڤە:

کاتێک کۆمەڵگایەک لە زمانی نەتەوەیەکی دیکە، کەڵک وەردەگرێ کە خۆی خاوەن زمان و ئەدەبیاتی سەربەخۆ نەبێ.
بێ خوێندن و نووسین و کەڵکوەرگرتن لە وشەی کوردی لە پێگە و جێگەی خۆی، ناتوانین زمانەکەمان ڕاگرین.
زمانی کوردی، زمانی زگماکی گەلی کوردە و خاوەن دەیان زاراوە و بنەزاراوەی جوان و شیرینە. کاتێک گەلێک بە زمانی دایکیی خۆی ناخوێنێتەوە و نانووسێ و وشەکانی زمانەکەی لەناو دەقی ئەدەبیدا پەروەردە ناکا وردەوردە زمانەکەی بەرەو لاوازی دەبات تا کاتێک دێت کە زمانەکەی پڕ لە وشەی بێگانە و زمانەکانی دیکە دەبێ و لە داهاتوودا هیچ وشەیەک لەو زمانەی نامێنێتەوە.

زمان پێناسەی نەتەوەیە، گەڵێک زیندوویە کە زمانەکەی زیندوو بێ.

کۆمەڵگەیەکی بێبەهرە لە ئەدەبیات لەچاو کۆمەڵگەیەک کە ئەدەبیاتەکەی دەنووسرێتەوە و دەخوێندرێتەوە وەک کۆمەڵگەیەک وایە لە کەڕ و لاڵەکان، کاتی قسەکردن وشەی دروستی پێ شک نایا، بریا هەر قسەکردن با، وەها کۆمەڵگەیەک بیر و هزریشی سنووردارە و لەوەشدا کێشەی هەیە چون بیر و هزر جیا لە وشەکان بوونی نییە.

“ماریو بارگاس یووسا”

دەنگ بدەن بەم نووسراوە:

زۆر ناخۆشناخۆشمامناوەندخۆشزۆر خۆش
Loading…

سومەییە ڕەمەزانی

من پێشەنگم. هەوڵ و تێکۆشانی من، فێربوون و فێرکاریی ڕێنووسی کوردییە.

ئەم پۆستە خاوەنی 5 بۆچوونە

  1. فاتمە حسێینی

    دەستان خۆش خاتوونی ئازیز بۆ ئەم کۆکردنەوە بەنرخە. بژین و بەردەوام بن

  2. نەناسراو

    له گه ل رێز و سڵاو نموو نه تان هە ر وا زۆر بێت وبه ردوام بن له کا رو و بارتان هیوای ساغ و سڵامه تی وته مه ن درێژیتان بۆ ده که م

  3. نەناسراو

    سپاس هاوڕێی دڵسۆز بۆ ماندووبوونت. مرۆڤ دەزانێ کە پێوەی ماندوو بوویت. هەندێک تێبینیم هەیە.
    ١. سەردێڕی بابەتەکە بە ناوی “ناوی نەخۆشییەکان….” بەڵام بۆ نموونە کۆخە نەخۆشی نییە بەڵکوو کۆخە نیشانە و دەرەنخامە هەندێک لە نەخۆشییەکانە.
    ٢. نەخۆشی گورچیلە بەڕای من باش نییە وەک نەخۆشی ناوی بێت، بەڵام بەردی گورچیلە، هەوکردن یان چڵکی گورچیلە و هتد دەکرێ بچێتە ناو ئەم ڕیزبەندییەی سەردێڕی بابەتەکەتان.
    بەم تێبینییانەی منیشەوە لە نرخی و جوانی هەوڵەکەتان کەم نابێتەوە و من بۆ کۆرسی زمانی کوردی وەک سەرچاوە بەکاری دەبەم و ئاماژەش بە سەرچاوەکە دەکەم. سپاس، زمانی کوردی هاوڕێیەکی دێرینی ئێمەی کوردە و هەموومان دەیپارێزین

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن (بڵاوکردنەوە دوای پێداچوونەوەیە!):