نووسین به کوردی

بە هەستکردن بە هەبوونی بۆشایییەک لەبارەی فێرکاریی ڕێنووسی کوردی بەشێوەی سەرهێڵ و هەروەها لاوازبوونی وێبی کوردی و بڵاوکراوەکانی کوردیی ئینترنێت، دامەزراوە و هەوڵ و تێکۆشانەکەشی بۆ کەمکردنەوەی ئەم بۆشایی و لاوازییەیە. 

لێرەدا هەوڵمان داوە شوێنێک ساز بکەین بۆ فێربوونی ڕێنووسی کوردی بەشێوەی زانستی و بەگوێرەی دوایین بڕیارەکانی «ئەکادیمیای زمانی کوردی»، بەڵام هەروەک دەزانن هیچ کارێکی مرۆڤ بێ کەموکوڕی و هەڵە نییە و نابێ، بۆیە داوا لە تەواوی دڵسۆزانی کورد و زمانی کوردی دەکەین بۆ سڕینەوەی هەڵەکان یارمەتیمان بدەن و پێمان ڕایان بگەیێنن.

ڕاستە کە کاری سەرەکیی ئێمە فێرکاریی ڕێنووسی کوردییە، بەڵام ئامانجی سەرەکیمان دەوڵەمەندکردنی وێب و نێتی کوردییە بە پۆست، هۆنراوە، وتار و بەگشتی، نووسراوەی کوردی بە ڕێنووسی ڕاستی کوردی. بۆ ئەم مەبەستە نووسین بە کوردی بەشێکی دابین کردووە بۆ شارەزایانی ڕێنووسی کوردی و بەتایبەت ئەم کەسانەی لە ڕێگەی ئێمەوە فێر دەبن و «قۆناغێ کۆتایی»ی فێرکاری، بەسەرکەوتوویی تێپەڕ دەکەن، تا بتوانین هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ پەرەسەندنی نووسین بە ڕێنووسی کوردی لە ژیانی ڕۆژانە و لە ئینترنێت.

لێرەدا پێویستە سپاسێکی تایبەتی بەڕێز دیاکۆ هاشمی بکەین بۆ سازکردن و بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی ڕێنووسی کوردی و دانانی دوایین بڕیارەکانی ئەکادیمیای زمانی کوردی. (یاگەی زمانی کوردی)