پێڕست:
پێشەکی:
کولتوور و پێکهاتەکانی، بەشێکی گرینگی پێناسەی هەر گەل، نەتەوە و قەومێکن. کوردیش لە کۆنەوە بە کولتووری تایبەت بە خۆی ناسراوە و هەوڵەکانی بۆ پاراستنی بەشێکی بەرچاو لە پێکهاتەکانی کولتوورەکەی -سەرەڕای گۆڕانکاری- بەئاکام گەیشتووە. یەکێک لەم پێکهاتە کولتوورییانە، «جلوبەرگ»ە.
گۆڕانکاری لە جلوبەرگدا هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵایەتی، زانستی، سیاسی، ئابووری و …، شتێکی چاوەڕوانکراو و لە هەندێک حاڵەتدا پێویستە، بەڵام ئەوەی گرینگە ڕێژەی ئەو گۆڕانکارییەیە بەجۆرێک کە نەبێتە هۆکاری سڕینەوەی تایبەتمەندییە سەرەکییەکان و بەشەکانی سەرەکیی جلوبەرگەکە.
لە درێژەدا باسێکی گشتیی مێژووی جلوبەرگی کوردی دەکرێت و دواتر بەشە سەرەکییەکانی ئەو جلە باس دەکرێن. هەندێک لەو بەشانەی باسیان کراوە زۆرتر لە بەشەکانی تر لەناو کۆمەڵگادا باون و هەندێکیان کەمتر.
تەواوی نووسراوەکانی ژێرەوە لە کتێبی (سیر تغییرات لباس کُردی) نووسراوەی «سومەیە شەریفی» کە بە زمانی فارسییە، بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون. هەروەها تەواوی وێنەکان -بێجگە لە وێنەی یەکەم- لەم کتێبەوە وەرگیراون. ئەم کتێبە ئاکامی توێژینەوەیەکە لەسەر جلوبەرگی کوردی و تێیدا باسی جلوبەرگی ئافرەتان و پیاوانی کورد و بەشەکانیان و چۆنیەتیی گۆڕانیان بە درێژاییی مێژوو کراوە.
شایانی باسە کە لە کتێبەکەدا بەشی زیاتر لەوانەی لەژێرەوە هەن باس کراون و زۆر زیاتریش شرۆڤەیان لەسەر نووسراوە. هەروەها لەم پۆستەدا تەنیا باسی جلوبەرگی ئافرەتان هەیە و لە پۆستێکی تردا باسی جلوبەرگی پیاوان کراوە کە دەتوانن سەردانی ئەم پۆستەش بکەن.
دیارە کە زۆر بەشی تری جلوبەرگی ئافرەتان هەن کە لەم پۆستەدا ئاماژەیان پێ نەکراوە. ئێوە دەتوانن لە بەشی بۆچوون باسیان بکەن.
جلوبەرگی کوردی:
زۆربەی جلوبەرگەکانی کوردی ڕەگ و ڕیشەیان لە سەردەمی «ماد»ەوە هەیە. نووسراو و بەردەنووسەکانی سەدەکانی ڕابردوو وێنەی زۆریەک لە ژنان و پیاوانی ناوچە جیاجیاکانی ئێران بە بەرگی کوردییەوە وێنا دەکەن. زۆرترین وێنەگێڕانەوەکانی کۆنەبەردەکانی سەردەمی «هەخامەنی»یەکانن. لەم کۆنەبەردانەدا وێنەی سەرباز و فەرماندەرەکانی «ماد» هەیە.
جلوبەرگ و بەتایبەتی کڵاوی «ماد»ەکان زۆر لە جلوبەرگی کوردی دەچێت (پێش گۆڕانکارییە گەورەکەی لە سەردەمی «قاجار»دا).
بە تێپەڕبوونی کات جلوبەرگی کوردی گۆڕاوە و بووەتە ئەوەی ئەمڕۆ هەیە. ئاڵوگۆڕی سەرەکی دوای سەردەمی «قاجار» بوو کە جۆراوجۆریی قوماشەکان زیادی کرد و لە قۆناغەکانی دواتریشدا هەر زیادی کردووە.
جلوبەرگی کوردی خۆی بەسەر جۆرە جیاوازەکاندا دابەش دەبێت، کە لە شارەکانی کوردزماندا کەمێک جیاوازییان هەیە. جلوبەرگی کوردی یەکڕەنگ و تۆخڕەنگ نییە، بەڵکوو هەمیشە بە تێکەڵەیەک لە ڕەنگی جیاواز، چاوەکان بە شێوەیەکی خۆش سەرسام دەکات و مرۆڤ دەباتە ئەو باوەڕەی کە سروشت و ژینگەی دەوروبەری، دەشتە سەوزاییەکان، گوڵی ڕەنگاوڕەنگ، سپیاییی بەفر، ئاسمانی شین و گەش، لافاوە بەخوڕەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئەم جۆرە داڕشتن و ڕەنگانە هەبووە.

ئافرەتێکی ئیلامی لەسەر قاپێکی مز – سێزدە سەدە پێش زایین
جلوبەرگی ئافرەتان:
یەکێک لە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین جلوبەرگەکانی جیهان بریتییە لە جلوبەرگی ئافرەتانەی کوردی، کە زیاتر لە سەدان جۆری جیاوازی هەیە لەڕووی جۆراوجۆریی ڕەنگ و شێوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی جلوبەرگی کوردی ئەوەیە کە بەکارهێنانی کاری دەستیی جۆراوجۆر [لە کوردستان] و جۆراوجۆریی ڕەنگەکان لە هەڵبژاردنی قوماشەکانیدا بەهایەکی بەرزی پێ بەخشیوە. لە هەلومەرجێکی ئاساییدا شێوە و شێوازی ئەم جلە بەپێی ناوچەی جوگرافی و سەلیقەی ژنان دەگۆڕێت، بەڵام لە جەنگەکاندا ژنان وەک پیاوان جلوبەرگ دەپۆشن و جیاوازییان نییە.
بەشەکانی جلوبەرگی ئافرەتان
کراس:
کراسی ئاودامێن:


کراسێکی درێژ بە سەرەوەیەکی سادە و تەنوورەیەکی (دامێن) درێژ کە لێواری پێشەوەی تەنوورەکەی کۆکردرابۆوە و تا کەمەر بەجۆرێک دەدورا کە کورتتر ببێ و بگاتە ئەژنۆکان. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات تەنوورەی ئەم جۆرە کراسە دوو بۆ سێ میتر بەرزتر دەگیرا لە باڵای کەسەکە، بەجۆرێک کە بە دورینی لێواری تەنوورەکە بۆ کەمەر، بەرزیی جلەکە کەم نەدەبۆوە و تەنوورەکە دەگەیشتە پانێی پێ.
کراسی بڵباسی:

جۆرێکە لە کراس کە تایبەت بوو بە خانمانی هۆزی «مەنگوڕ» و بە ١٢ میتر قوماش ساز دەکرا. ئەم کراسە لە دوو پارچە پێکهاتووە: بەشی سەرەوە و خوارەوەی جەستە. تەنوورەکەی شەش درزی تێدایە. لەبەر ئەوەی تەنوورەکە لە بەشی سەرەوەی جەستە فراوانتر بوو، بە کۆمەڵێک (پیلی)ی گەورە بە بەشی سەرەوەی جەستە دەلکا. درێژیی تەنوورەی کراسەکە تا پانێی پێ بوو.
کراسی کەمبەرچینی نوێ:

ئەو پێوەرەی کە بۆ دورینی کراسەکە بەکار دێت سێ میتر و نیو تا چوار میتر دەبێت. لە هەڵبژاردنی جۆری قوماشەکەدا مەرجی تەمەن لەبەرچاو دەگیرێت، واتە ژنانی بەتەمەن قوماشی سادە بە ڕەنگی تۆخ بەکار دەهێنن و کەسانی گەنجتر قوماشی درەوشاوە و گوڵاوی بە ڕەنگی سووک و قوماشی تەنک و تۆڕ.
ئەم بەشانەش لەناو کتێبی سەرچاوەدا بە وێنەوە شرۆڤە کراون: کراسی تیرۆژە – کراسی کەمبەرچین – کراسی بەربەروو.
سەرکراسەکان:
دەسماڵ:
پارچەیەکی جوانی جلوبەرگی ئافرەتان. ئەم پارچەیە لە کۆنەوە لە قوماشی تەنکتر لە قوماشی کراس دروست دەکرێت و پێشووتر بۆ سازکردنی، زیاتر ڕەنگی سپی بەکار دەهات. دەسماڵ دەخەنە سەر کراس، کەوا و تاسکڵاو، شانەکان و سەر سەر و بەم شێوە دەبنە هۆی جوانتربوونی جلی کوردی.


ئەم بەشانەش لەناو کتێبی سەرچاوەدا بە وێنەوە شرۆڤە کراون: دەسماڵ شینێلی – دەسماڵی شاڵی – ئۆیە.
پشتێند:
بە کەمەردا دەپێچرێتەوە و کۆتایییەکەی بە «لاپشتێند (پشتێندبەند)» یان دەرزیلە دەبەسترێتەوە.
لاپشتێند: پارچە قوماشێکی یەک میتری کە لە «خووس» یان قوماشێکی درەوشاوە دروست کرابوو کە هەندێک جار بە «پوولەکە» بە دەوریدا ڕازێنرابۆوە. ئەم قوماشە بە دەوری چینەکانی پشتێنددا دەپێچرا و دەبەسترا و باقییەکەی بە پشتێند هەڵدەواسرا. ئەم جۆرە لاپشتێندە لە سەردەمی ئێستادا باو نییە.

قەبارەی «پشتێند» لە ڕابردوودا پانییەکەی دەگەیشتە نیو میتر و درێژییەکەی ١٥ بۆ ٢٠ میتر! وردەوردە لە درێژییەکەی بۆ ١٠ بۆ ١٢ میتر کەم بۆتەوە. چەند ڕێگەیەک هەیە بۆ داخستنی:



ئەم بەشانەش لەناو کتێبی سەرچاوەدا بە وێنەوە شرۆڤە کراون: پشتێند ئاڵۆز – پشتێند پەشمینە – پشتێندی شاڵ – پشتێندی شەدە – پشتێندی پێبەگوڵینگە – پشتێند مامەشی.
سەرپۆشەکان
کۆچکە:
کڵاوێکی چوارگۆشە کە لاکانی قەراغی درێژتر بوو و درزێک بە پانیی ٦ سانتیمیتر و درێژیی یەک میتر لە پشتی کڵاوەکە دوروابوو. ئەم بەشە پێی دەگوترا «کلکەکۆچکە».
چارەکە:
پۆشاکێکی پێشەوەکراوە کە بەشی سەرەوەی جەستەکەی لە باڵای مرۆڤ بەرزتر بوو. چارەکە بە «لەرزانە (دەرزیی مرواری)» کە تایبەت بوو به کۆچکە و چارەکە، بەقایمی لەسەر کۆچکە دادەخرا.

شەدە و گێلگێلە، هەوری و گێلگێلە:
قوماشێکی گەورەی سێگۆشەیی بە ناوی «شەدە»، لە ئاوریشم دروست دەکرا، کە لەسەر لێوارەکەی «گوڵینگە» دەدورا. ئەم ڕیزە پێی دەگوترا «گێلگێلە». شەدە بە فەرمان و ڕێکخستنێکی تایبەت بە سەردا دەپێچرا. هەندێک جار ئەم «شەدە»یە بە کڵاوێک دەپێچرا و لەسەر سەر دادەنرا. ئەم مۆدێلە تایبەت بوو بە ژنانی «موکریان». لە هەندێك ناوچەی كوردەواری لەجیاتی «شەدە»، قوماشی جۆری «هەوری» بەكار دەهێنرا.


تاسكڵاو:
کڵاوی ژنی کوردە کە زۆر جوانە. جۆری ئەم کڵاوە سەرەتا لە شێوەی «نیوەگۆ» بوو بەڵام وردەوردە گۆڕا بۆ شێوەی «خەڵەڵە (ئۆستوانەیی)». تا نزیکەی ٦٠ ساڵ لەمەوبەر نزیکەی هەموو کچان لە تەمەنی شەش یان حەوت ساڵییەوە لەسەریان دەنا. ئەم کڵاوە ئەمڕۆکەش بەکار دەهێنرێت، بەڵام زیاتر بەبێ پێ دادانی دەسماڵ لەسەری، لەسەر دەنرێت.
بێریانی:
قوماشی تۆڕیی سێگۆشەیی کە دوو گۆشەی لایەنی سێگۆشەکە زۆر بچووکترە لە گۆشەی ناوەڕاست و سێگۆشەکە دوو لکی درێژی هەیە.


ئەم بەشانەش لەناو کتێبی سەرچاوەدا بە وێنەوە شرۆڤە کراون: دەرزیی پاشەسەر – ئاڵقە – سەردەسماڵ – سابڵاغی – ڕووسەری و شاڵ – پۆشین (پۆشی) – تارا.
لەبەرکراوەکان
کەوا یان کولێجە:
چاکەتێکە کە ژنان و کچان لەسەر کراسەکانیان لەبەری دەکەن. جاران زیاتر لە قوماشی «مەخمەل»ی ڕەش و سوور و زەرد و «قوتنی (قوماشێکی ڕێڕێ کە لە لۆکە دروست دەکرا)» دروست دەکرا. لە هەندێک ناوچەدا ئەم پارچەی جلوبەرگە پێی دەگوترا «ئەڵخەڵخ».
سوخمە (سیخمە):
نیوەپۆشاکێکە کە ژنانی کورد لەسەر کراسەکانیان لەبەری دەکەن و لە «مەخمەل» یان «قوماشی زەردار» دەدورێت و بە شێوازی جۆربەجۆر دەڕازێتەوە.



سەڵتە:
مۆدێلێکی تر لە پاڵتۆی ژنانی کورد کە لە «مەخمەل» دروست کرابوو. باڵایەکەی دەگەیشتە سەر ئەژنۆ. قۆڵەکەی تەواو درێژ بوو، لە هەندێک شوێن لێواری مەچەک بە کێشراو دەبڕدرا بۆ ئەوەی بگاتە پەنجەکان.
چارەکەشان (کۆڵوانە):
جاران ژنانی بەتەمەن یەک میتر و نیو تا چوار میتر قوماشیان لە شێوەی چوارگۆشیی دووتوێ دەدوری و لە پشتەوە دەیانخستە سەر شان و دوو گۆشەکەیان لە پێشەوە، لەسەر سنگ دەبەستەوە، بەجۆرێک کە قوماشەکە بەتەواوی پشتیانی دادەپۆشی. بەم پارچە جلە «چارشێوان» یان «قەدیفە»ش دەگوترێت و مادەکەی لە «گوڵماسی»، «مەخمەر»، «هەوری»، «دانتێل»، «حەریر»، «گوڵبال»، «ژۆرژیاتیی سیمدار»، «مادام»، «پەشمینە» و «کۆڵوانەی سیمی» بووە.
بەرهەڵبێنە:
قوماشێکی چوارگۆشە کە لە کەمەرەوە تا خوار ئەژنۆ بووە.



ئەم بەشانەش لەناو کتێبی سەرچاوەدا بە وێنەوە شرۆڤە کراون: سایە (کەوێ) – کەوای مرادخانی – قۆڵچاغە – قۆڵپێچ – بەرانپێل – گۆرێ – کاڵەمێش.
پۆشاکی ژێرەوە
بەشی سەرەوەی جەستە:
لە کۆندا ئەم پارچەیە بە بەشی سەرەوەی کراسەوە دەدورا (وەک ئاستەڕ) کە پێی دەگوترا «بەربەروو»، بەڵام دوای ماوەیەک بە بەشی سەرەوەی لەشەوە نەبەستراوەتەوە و بەجیا لە کراسەکە دوروا و لە ژێرەوەیدا لەبەر دەکرا کە پێی دەگوترا «ئارەقگیر» یان «بنکراس». لە سەردەمێکدا کچانی گەنج جلی ژێرەوەیان بە ڕەنگی پێچەوانەی کراسەکانیان هەڵدەبژارد، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا جلی ژێرەوە هاوڕەنگی کراسەکەیە و یەقەکەی کراوەتر و گەورەترە لە یەقەی کراسەکە، هەروەها بەپێی سەلیقە و دڵخوازی کەسەکە بەشێوەی خاوەن قۆڵ یان قۆڵی کورت یان بەبێ قۆڵ دەدورێت.


بەشی ژێرەوەی جەستە
دەرپێ (ئاواڵکراس): هەمان پانتۆڵی ئافرەتی کوردە. شێوەی گشتیی بریتییە لە شێوازی «ڕەحەتی (قیفی)» و لە چەندین مۆدێلدا بووە:



ئەم بەشانەش لەناو کتێبی سەرچاوەدا بە وێنەوە شرۆڤە کراون: دەرپێی دووڕەنگ – نیمتەنە – ڕانک (دەمەرقۆپان).
سەرچاوە:
لە کتێبی ژێرەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراوە:
- شەریفی، سومەیه (١٣٩٩). (سیر تغییرات لباس کردی). پیرانشار: بڵاوگەی ئامانج.

دەنگ بدەن بەم نووسراوە:
Loading…
بابەتێکی زۆر بەکەڵک و بەسوود بوو
بژین و سەرکەوتوو بن
سپاس بۆ سەرنجتان.
بابەتێکی بەسوود و پێویست بوو. بژین.
سپاس بۆ سەرنجتان.
سپاس بۆبەڕێزانی ڕێزمان و ئەو کەسانەی کار بۆپێش بردنی فەرهەنگ وئەەب ونەریتەکانی کوردەواری زانیاری ئەدەن
سپاس بۆ سەرنج و دەربڕینی پشتیوانیتان.
زۆر سپاس بۆ هەوڵ و تێکۆشانتان🙏👏👏👏🍀🌹🍀
سپاس بۆ سەرنج و دەربڕینی پشتیوانیتان.
دەستان خۆشبێ. بە هیوای بتوانن نموونەی زیاتر دانێن بە وێنە.
سپاس بۆ سەرنجتان. بۆ زانیاریی زیاتر و بینینی نموونەی زیاتر دەتوانن کتێبی سەرچاوە وەدەست بخەن.
I was more than happy to discover this site. I wanted to thank you for your time just for this fantastic read!! I definitely really liked every little bit of it and I have you book-marked to look at new information in your website.