شێعرێکی بەناوبانگ و هەستبزوێن 

شاعیر: سوارە ئیلخانیزادە 

پاییزه دار و دەوەن بێبەرگە 
دڵ پەشۆکاوی خەیاڵی مەرگە 

هەر گەڵایێ کە لە دارێ دەوەرێ
نووسراوێکە بە ناخۆش خەوەرێ

تاو هەناوی نییە وا مات و پەشێو
لەشی زاماری دەکێشێتە نشێو

ڕۆژ پەڕە، ساردە کزەی بای زریان
کاتە بۆ ژینی لەدەس چوو، گریان

دڵی پڕ بوو لە پەژارە و لە دڵۆ
ژینی خۆی هاتەوە بیر پیرەهەڵۆ

بە قسە خۆشە مەترسیی مردن
تاڵە ئەو هەستی بە مردن کردن

کاتی کۆچکردنە، وەختی سەفەرە
داخەکەم سەختیی نەمانم لەبەرە

هەر بینا هات ئەجەل و من مردم
با لە شیوێ پەڕوباڵی بردم

تۆ بڵێی پاشی نەمان ژینێ بێ؟
بۆ لەشی ساردەوەبوو تینێ بێ؟

تۆ بڵێی ئەو خەوە هەستانی بێ؟
یا نە ئەو قافڵە وەستانی بێ؟

مەرگە دێ و دوا بە هەموو شت دێنێ
هەموو ئاواتێ لە دڵ دەستێنێ

پاشەرۆکێکی بکەم لەم باخە
تاکوو باڵوپەڕی من پەرداخە

هەر بڕۆم نابەڵەد و بێ سەروشوێن
دیار نییە خێڵی هەڵۆیان لەکوێن

شارەزای ڕێگەی مردن کێیە؟
چییە ئەو منزڵە؟ کوێنەی جێیە؟

نابمە ڕێبواری کەلی هاتونەهات
چارە کەم بەشکوو ئاوا هات و نەهات

خۆی بە خۆی گوت کە دەچم بۆ لای قەل
کەیخودای پیر و بەبیری گەلی مەل

هەڵفری ڕاوکەری زاڵی کەژ و کێو
لە چیای بەرزەوە ڕووی کردە نشێو

کەوتە ئەو دەشتە لە ترسا تەق و ڕەو
دەرپەڕی کوڕکوڕ و کڕ مایەوە کەو

هاتە لای قەل بە کزی و بێوازی
قەل کوتی مامە هەڵۆ ناسازی؟

کوتی قاڵاوە ڕەشەی پسپۆڕم
پیرم و پێیە لە لێوی گۆڕم

باخی ژینم بە خەزان ژاکاوە
کاتی مەرگە و ئەجەلیش ناکاوە

پێم بڵێ چۆنە کە تۆ هەر لاوی
زۆر بە ساڵ پیری بەڵام چا ماوی

هێزی ئەژنۆم نییە باڵ بێهێزە
هەموو گیاندارێ ژیانپارێزە

قەل کوتی باشە کە گوێ ڕادێری
پەندی من پاکی بە دڵ بسپێری

ئەو دەمەی بابی بەهەشتیی من مرد
دوور لە تۆ، دەرد و بەڵای ئێوەی برد

پێی کوتم ڕۆڵە هەوای ڕاز و نزار
هەیەتی دەرد و نەخۆشی بە هەزار

دیق و زەردوویی و ئاهۆ و وەرهەم
بە گژەی بای بەقەوەت دێن بەرهەم

گۆشتی کەو چەندە کە تامدارە بە ناو
هەنگ و هاڵاوێ دەهەنوێتە هەناو

تا وزەی بیر و خەیاڵ سەردەکەوێ
کە لە گوڕ کەوتی وەها وەردەکەوێ

پەین و پاڵێ کە لە پاڵی دێیە
مەنزڵی نۆکەری خۆتی لێیە

کەرەتۆپیو و کەلاکی گوێلک
هەڵمی دڵ ڕوونکەرەوەی سەرگوێلک

پێکەوە چینە بکەین لەو پەینە
بۆی سەنێر مەڵحەمی بیر و زەینە

ورد بەوە چەندە بە مانا قووڵە
مەسەلە و گفتی قەلی ماقووڵە

بیکە سەرمەشقی ژیان ئەو ئیشە
هەر لەسەر داری نەوی هەڵنیشە

هاتەوە بیری هەڵۆ ڕابوردووی
پاکی بووژانەوە یادی مردووی

گوڵ کرا ڕایەخ و پایەندازم
چەندە ئاژوا لەشی کێو ئاوازم

چەندە ڕوانیمە زەوی لەو بانە
کێو و دەشت لەو سەرەوە چەند جوانە!

چەن چکۆلەن پەلەوەر لەو بەرزە
ئاخ! کە چەن خوێڕیگرە ئەم عەرزە

چەندە ڕاوی کەو و کەوباڕم کرد
دوژمنیی تاقمی شمقاڕم کرد

کوڵکەزێڕینە وەکوو تاقی زەفەر
ئاسمان بۆ منی بەست کاتی سەفەر

حەوتەوانان بوو میداڵی شەڕی من
چەندە شۆراوە بە خوێن شاپەڕی من

ئێستە بۆ وا ڕەبەن و داماوم؟
من هەڵۆ چاو لە دەمی قاڵاوم؟

سا کە ئەو کارە وەها ساکارە
مەرگ میوانی گەدا و خونکارە

هەوری ئاسمان بێ خەڵاتم باشە
یا لەشم خاشە بکێشن باشە

کوتی وا ژینی درێژ پێشکەشی خۆت
گۆشتی مندارەوەبوو هەر بەشی خۆت

ژینی کورت و بەهەڵۆیی مردن
نەک پەنا بۆ قەلی ڕووڕەش بردن

لای هەڵۆی بەرزەفڕی بەرزەمژی
چۆن بژیی شەرتە نەوەک چەندە بژیی

شرۆڤە:

شاعیەر لەم شێعرەدا لە شێعری هەڵۆی بەرزەفڕ (مامۆستا عەبدولڕەحمان شەڕەفکەندی، ناسراو بە “هەژار”) کاوی گرتووە. دوو بەیتی کۆتاییی ئەم (شێعرە)ش ئی مامۆستا (هەژار)ـە.

سەرچاوەی شێعر:

  • ”خەوە بەردینە”، سوارە ئیلخانیزادە، ورمێ: انتشارات صلاح الدین ایوبی، ١٩٩٣ (١٣٧٢).

شرۆڤە:

  • فاتمە حسێینی

دەنگ بدەن بەم نووسراوە:

١ ئەستێرە٢ ئەستێرە٣ ئەستێرە٤ ئەستێرە٥ ئەستێرە

Loading…

فاتمە حسێینی

وەختێک کە بە کوردی ئەنووسم هەست ئەکەم تازە لەدایک بووم.

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن: