
کۆکراوەی ناو و شرۆڤەی چەندین نەخۆشی بە زمانی کوردی و…
سومەییە ڕەمەزانی
لەو نووسراوەیەدا کە باس لە ناوی نەخۆشییەکان لەنێو زمانی کوردیدا دەکرێ، دەوڵەمەندی و پتەوییی زمانی کوردی دەتوانین ببینین و کەڵکیان لێ وەرگرین.
جێگای ئاماژەیە هەر یەک لەو نەخۆشییانە چەندیان ناوی دیکەیان هەیە کە بەپێی ناوچە و زاراوە، جیاوازییان ھەیە.
کاتێک بمانهەوێ پارێزەری زمانی کوردی بین دەبێ لەو وشەگەلانە کەڵک وەرگرین و لە پێگە و جێگەی خۆی دایاننێین و بەکاریان بھێنین.
۱. نەخۆشیی گیرۆ، ئاهۆ: نەخۆشییەک کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەخش و بڵاو دەبێتەوە.
۲. شێرپەنجە، قرژاڵە، پەنجەشێر: گەورەبوون و گەشانەوە و زۆربوونی نەگونجاوی خانەکانی جەستە.
۳. جەڵتە (مەرگی لەپڕ و ناکاو): بەستران یا گیرانی دەمارە گرینگەکانی جەستە.
۴. جەڵتەی دڵ، دڵ وەستان: هاتوچۆ و ڕەوانبوونی خوێن لە بەشێک لە دڵ کەم دەکا یا تەواو ڕادەوەستێ و هۆکاری زیان پێگەیاندنی ماسوولکەی دڵ دەبێ.

۵. جەڵتەی مێشک: کێشە و تێکچوونی گەیشتنی خوێن بە بەشێک لە مێشک.
۶. باداری، ژانی جومگەکان: ژانی درێژخایەن و یەک لەدوای یەکی جومگەکانی دەست و لاق و… بە هۆی نەخۆشیی چڵکی.
۷. سوورێژە، سووریجە، سوورک: نەخۆشییەکی زۆر ئاستەمی ویرووسییە کە بە یاو، زیپکە، ئاوەچۆڕە سەر هەڵدەدا و لە منداڵاندا زۆر گیرۆیە.
۸. هەڵامەت، چیامانی، باپەڕ: ئەم نەخۆشییە لە سەرماوە دێت. نەخۆشیی گیرۆ کە پەیوەندی بە کۆئەندامی هەناسەکێشان هەیە کە زیاتر کاریگەریی لەسەر دەم و لووت هەیە.
۹. مێکوت، مێکوتە، مێرکوت: زیاتر نەخۆشییەکی منداڵانە کە لە ڕێگای چڵکەوە و لەسەر پێست، زیبکە دەردەکات.
۱۰. چاو قووڵکە، کۆلێرا، دروشە: پەتایەکی توند و تەشەنەسێنە کە دەبێتە هۆی ڕشانەوەی زۆر و زکچوون و ئێشی ماسوولکەکان.
۱۱. نۆبەتێکردن، تاکردن: پلەی گەرمای لەش و گەیشتن بە سەرووتر لە ڕادەی سرووشتی.
۱۲. ئازارەباریکە، دەردەباریکە، نەخۆشیی دیق: ڕاگواستنی باکتێریا لەلایەن کۆئەندامی هەناسەکێشان بە نەخۆش و بە سیپەلاک هێرش دەکات.
۱۳. نەخۆشیی چڵکی، کێم و چڵککردن: نەخۆشییەک کە بە هۆی میکڕۆبێکی تایبەتەوە سەر هەڵدەدا و بەشێوەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر تەشەنە دەکات.
۱۴. نەخۆشیی زگماکی: نەخۆشییەک کە منداڵ هەر لە کاتی لەدایک بوونی لێی دیار دەکات و لە زگی دایکی تووشی دەبێ.
۱۵. دەردی کاری، دەردی گران: تایبەتمەندیی نەخۆشییەک کە بە سەختی دەرمان بکرێ.
۱۶. نەخۆشیی جووتبوون: نەخۆشییەک کە لە ئاکامی جووتبوون تووشی مرۆڤ دەبێ.
۱۷. شەکرە، دیابت، نەخۆشیی قەند: جەستەی ئەو کەسە کە تووش بووە ناتوانێ قەندی خوێن بەکار بهێنێ یان خانە وەرگرەکان ناتوانن قەندی خوێن بەکار بهێنن.
۱۸. گیرۆدەیی، خووگرتن، هۆگربوون: بەستراوەییی جەستەیی و دەروونی بە بەکارھێنانی ماددەیەکی زیاتر هۆشبەر، کە هۆکارێکی زۆر ساز دەکات.
۱۹. سەراسێ، شەقەسەر، ژانەلاسەر: ئازاری توندی لایەکی سەر کە نەخۆش توانای کاری ساکاری نییە.
۲۰. فەرامۆشی، بیرچوونەوە: هێدیهێدی بیرگە و زەینی مرۆڤ لەناو دەبا و تەنانەت ناتوانێ کاری ساکاریش بکات.
۲۱. نەخۆشیی گورچیلە: کێشە و گرفتێک کە گورچیلەکان پێیان دەگات و ناتوانێ بە ڕێکوپێکی کار بکەن.
۲۲. هەناسەبڕکێ، بەسەختی هەناسەدان: کاتێک کە هەوای تەواو و گونجاو بە سیپەلاک ناگات و دەبێتە هۆی بەسەختی هەناسەدان.
۲۳. دڵەڕاوکێ، دڵەکوتە، فشاری دەروونی: کاردانەوەی جەستە بە گۆڕانکارییەک کە لەسەر هەست و دەروون کاریگەری دەکات.
۲۴. کۆخە، کۆخک: جۆرێک دژکردەوەی بەرگریکارانەی لەش لەبەرامبەر چوونەناوەوەی شتێکی نامۆ بۆ ناو سییەکان.
۲۵. قەبزی، زکگیری، زک کارنەکردن: کێشە و گرفت بۆ دەردانی پیسایی یان نەهاتنە دەری ماددەی زیادی لە ڕیخۆڵە.
۲۶. تێمیسک، تامیسک: نەخۆشییەک کە زیاتر بە هۆی تا و ڕاچڵەکینەوە سەرهەڵدەدا و دەوری لێو هەڵدەپشکوێ.
۲۷. نەخۆشیی میراتی: نەخۆشییەک کە کەسەکە لە دایک و باب یان ئەژدادییەوە دەیگرێتەوە.
۲۸. نەخۆشیی دەروونی: نەخۆشییەک کە کاریگەریی لەسەر بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت دەکا و دەبێتە هۆکار بۆ ناڕەحەتی و بێهێزبوونی دەروون.
۲۹. نزڵە، نوزڵە: سەرمابوونی بەتەوژم کە هازەهاز لە سینگەوە دێت و ئاو لە لووت دەڕژێت و زیاتر ئێسکەکان ژان دەکەن.
۳۰. بەلەسە، بەلەفیشکە: هەست بە پێویستی دەردانی میز، زیاتر لەڕادەبەدەر و بێ ئەوەی بتوانین ڕایگرین.
۳۱. کۆخەڕەشە، قۆخەڕەشە: نەخۆشیی چڵکی دەزگای هەناسە لە کۆخینی توند و بەردەوامیی بە دواوەیە و زیاتر لە منداڵاندا باوە.
۳۲. بامرنێ، ئافەتە، تاعوون: نهخۆشییهکی چڵکیی کرتێنهرانه که له ڕێگهی کێچهوه بۆ مرۆڤ دهگوێزرێتهوه و دهسپێکهکهی بە تا و لهرزهوهیه و سهرێشه، ڕشانهوه، زگچوون و تێکچوونی دهروونی به دواوهیه و ههندێ جاریش دهبێته هۆی مهرگ.
۳۳. مێخەکە، بزمارە، بزمارۆک، بسمارە، نیخچک، کەنگرۆک، کەنگرۆشک: ڕەقایییهک که لهناو پێ یان دهست دهردهچێ.
۳۴. مالاڕیا، مهلاڕیا، نۆبەتێ: پەتایهکه به هۆی مێشوولەی “ئانۆفێل”ـهوه بۆ مرۆڤ رادهگوێزرێ و تا و لەرزهی ناوهناوهی به دواوهیه. مالاڕیا له بنهڕهتڕا له دوو وشهی ئیتالی پێكهاتوه:” Mal”؛ واته خراپ یان پیس و ” Aria”؛ واته ههوا، كه به یهكهوه مانای “ههوای پیس” دهدهن.

🔴 شرۆڤە:
کاتێک کۆمەڵگایەک لە زمانی نەتەوەیەکی دیکە، کەڵک وەردەگرێ کە خۆی خاوەن زمان و ئەدەبیاتی سەربەخۆ نەبێ.
بێ خوێندن و نووسین و کەڵکوەرگرتن لە وشەی کوردی لە پێگە و جێگەی خۆی، ناتوانین زمانەکەمان ڕاگرین.
زمانی کوردی، زمانی زگماکی گەلی کوردە و خاوەن دەیان زاراوە و بنەزاراوەی جوان و شیرینە. کاتێک گەلێک بە زمانی دایکیی خۆی ناخوێنێتەوە و نانووسێ و وشەکانی زمانەکەی لەناو دەقی ئەدەبیدا پەروەردە ناکا وردەوردە زمانەکەی بەرەو لاوازی دەبات تا کاتێک دێت کە زمانەکەی پڕ لە وشەی بێگانە و زمانەکانی دیکە دەبێ و لە داهاتوودا هیچ وشەیەک لەو زمانەی نامێنێتەوە.
زمان پێناسەی نەتەوەیە، گەڵێک زیندوویە کە زمانەکەی زیندوو بێ.
کۆمەڵگەیەکی بێبەهرە لە ئەدەبیات لەچاو کۆمەڵگەیەک کە ئەدەبیاتەکەی دەنووسرێتەوە و دەخوێندرێتەوە وەک کۆمەڵگەیەک وایە لە کەڕ و لاڵەکان، کاتی قسەکردن وشەی دروستی پێ شک نایا، بریا هەر قسەکردن با، وەها کۆمەڵگەیەک بیر و هزریشی سنووردارە و لەوەشدا کێشەی هەیە چون بیر و هزر جیا لە وشەکان بوونی نییە.
“ماریو بارگاس یووسا”
دەنگ بدەن بەم نووسراوە:
Loading…
دەستان خۆش خاتوونی ئازیز بۆ ئەم کۆکردنەوە بەنرخە. بژین و بەردەوام بن
زۆر سپاس هاوڕێی هێژا. ژین بۆ ئێوە
له گه ل رێز و سڵاو نموو نه تان هە ر وا زۆر بێت وبه ردوام بن له کا رو و بارتان هیوای ساغ و سڵامه تی وته مه ن درێژیتان بۆ ده که م
سڵاو و ڕێز بۆ ئێوە.زۆر سپاس بژین